پەکەکە ئامادەکاری روبەڕوبوونەوە دەکات

ستاندەر: سەرکەوت حمد

 جموجۆڵەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، جوڵەکانی تورکیا بە ھێز و چەکی پێشکەوتوو بووە، لە سیدەکان، دیرەلوک،  قەسرێ و ھێزێکیش بە ئاراستەی قەندیل جوڵەی پێدەکرێت.

ستاندەر زانیویەتی کەوا ھێزەکان لە رووی سەربازیەوە ژمارەیان زۆر نیە و زیاتر چاودێری و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆن دەکەن.

لە بەرامبەر جوڵەکانی تورکیا پەکەکە کەوتۆتە ئامادەباشیەوە، ھەندێک ھێزی پەکەکە بەتایبەت لە گەریلاکانی ئاسایش لە خۆرئاواوە ھاتوونەتە باشوری کوردستان، پەکەکە دڵنیایان داوەتە گەریلاکانیان کە بەزووی تورکیا دەشکینن و ئۆپەراسیۆنەکە دەوەستێنن.

حسن جودی کادیرێکی باڵای پەکەکە نوسیویەتی ” یەک سەرباز و تانکی تورکیا دەربازی نابێت و ناگەڕێتەوە“…

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت

وەرزی حەماقەتە گەورەکانی ئەردۆغان..

سەردار عەبدوڵڵا

لە ئێستاوە هەتا مانگێکی تر، واتا هەتا ڕۆژی ریفراندۆم لە سەر دەستوری تورکیا.. ئەردۆغان هیچ حەماقەتێک ناهێڵێ پەنای بۆ نەبات، بە حەماقەتی سەربازیشەوە. 

دەیەوێ وەکو سەرۆکێکی بەهێز دەرکەوێ و لە ریفراندۆمدا ئەنجامی حەماقەتەکانی بەکاربێنێ. ئاخر حەماقەت، وەک شێوازی هەرە زەقی پۆپۆلیزم سیحرێکی چەواشەکارانەی بەهێزی هەیە و چەپڵەی زۆر بۆ فس فس پاڵەوانەکان مسۆگەر دەکات.

ساڵی پار هێرشی زۆرم کرایە سەر چونکە پشتگیری کودەتاکەی دژی ئەردۆغانم کرد، لەوەش سەیرتر کە ڕەخنەم لە لێدوانی (عەبدوڵا گویل) گرت کە دژی کودەتا سەربازیەکە بوو، هێرشی توندترم کرایە سەر. ئێستاش دۆخەکە وایە، ئەردۆغان بۆ ئەوەی خۆی بەهێز پیشانی گەلانی تورکیا بدات، بەشێک لە جیهان دەکاتە دوژمنی وڵاتەکە، واتە هەمو بەهێزبونێکی وێنەی کاتیی خۆی لە ناوخۆدا، لە سەر حیسابی لاواز کردن و شکاندنی تورکیا لە دەرەوە فەراهەم دەکات..

ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو بەرەکان بە شێوەیەکی هەماهەنگکار بکەن، بۆ شکاندنی ئەردۆغان، ئێستا ئیدی شکاندنی ئەم پیاوە بۆتە پێداویستیەکی ڕۆژهەڵات ناوەڕاستی و جیهانی. بۆ شکستپێهێنانی ئەم پیاوە و پرۆژە ترسناکەکەی پێویست بە بەرەیەکی عەمەلی هەیە، مەرج نیە ئەم بەرەی پێکەوە دانیشن و رێککەون، بەڵام مەرجە هەموو کارەکانیان بچێتە خزمەت هەمان ئامانجی شکستپێهێنانی خۆی و پرۆژەکەیەوە. لەوانەش:-

-هەتا دەکرێ خۆمان و کوردستان لە ئاگری حەماقەتە سەربازیەکانی بپارێزین.

-کورد لەگەڵ هەموو نەیارەکانی پرۆژەکەی لە ناو تورکیادا تەنسیقی تەواو بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بچنە سەر سندوق و دەنگ دژی پرۆژەکەی بدەن.

-گورزی هەرە کاریگەر، دەکرێ لە ناو (ئاک پارتی) خۆیەوە بێت. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، بە دڵنیاییەوە شکستەکەی مسۆگەر دەبێت.

-لە ناو (ئاک پارتی) دەکرێ کاری گەورە بکرێ، ئەرکی عەبدوڵا گویل و هاوڕێکانی تریەتی ئێستا هەنگاوە دروستەکە بگرنە بەر و ڕابەرایەتی شکستپێهێنانی ئەردۆغان و پرۆژەکەی بکەن.

-داود ئۆغڵو کە ئۆباڵی بەشی زۆری لەڕێ لادان و دیکتاتۆریەتی ئەردۆغانی دەکەوێتە ئەستۆ، کاتی هاتووە هەڵە گەورەکە بەوە ڕاست بکاتەوە کە بێتە مەیدان و شکست بە ئەردۆغان بێنێ.

-خۆشبەختانە جیهان ئیستا ئیجماعێکی باشی لە دژی ئەردۆغان هەیە، دەبێ زۆر بە وردی کاری لەسەر بکرێ، کێشە لەوەدایە کە ئەردۆغان دەیەوێ ئێستا خۆی بەم هەڵوێستە توندانەی جیهانەوە وەک پاڵەوان نمایش بکات و زۆرترین ئیجماع لە ناوەوە بۆ خۆی و پرۆژەکەی وەدەست بێنێ. 

بۆیە دەبێ هەمو نەیارەکانی ئەردۆغان و دیکتاتۆری، وێنەکە وا لێبکەن کە ئەم نمایشە بە زیانی گەورەی گەلانی تورکیا و وڵاتەکەیان تەواو دەبێت.. واتا لە جیاتی ئەوەی خۆی دەکات بە پاڵەوانی پارێزەر، بیکەنە فس فس پاڵەوانی کارەساتهێن.

-لە ناوەندە دەولیەکاندا، (دیپلۆماسی، سیاسی) کاری خێرا و شێلگیرانەی جەماعی بکرێ.

-لە شەقامدا کاری مەدەنی ئاشتیانە بکرێ، بەڵام دور لە هەڵکردنی ئاڵای حیزب و وێنەی سەرکردەکان، بەڵکو دەبێ یەک دروشمی گشتی بێت و هەوڵ بدرێ ببێتە دروشمی هەموو نەیارەکانی ئەردۆغان و پرۆژەکەی.

من دڵنیام لەوەی ئەردۆغان لە بەشی زۆری حەماقەتەکانیدا شکست دێنێ، بە تایبەتیش بیر کردنەوە لە پەلاماردانی قەندیل، کە بە درێژایی میژوو هیچ داگیرکەرێک نەیتوانیوە بیگرێت، بەڵام واباشترە بۆمان هەتا ئەم مانگە تێدەپەڕێ، عەقلانیەت زاڵ بێت و رێگەی نەدەین ئەو حەماقەتە بکات. 

پار وتمان بیانوی مەدەنێ، با دوچاری شکستمان نەکات لە هەڵبژاردندا، هیچ بایەخ نەدرایە قسەکانی ئێمە و دڵسۆزانی تر… سیاسەت کاری عەقڵە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەلێک و چارەنوسیەتی لە ناو ئەم ئاگر بارانەدا. هیوادارم بتوانین بە عەقڵ کاری هەمەلایەنە بکەین، چونکە شکستپێهێنانی ئەردۆغان و پرۆژەکەی، جگە لەوەی دەرگای دۆزەخ دادەخات و دەرگای تازە بۆ سەرکەوتنی تر دەکاتەوە، کوردیش دەکاتە هێزێکی گەورەتر کە لە پاڵ ئازایەتی کەموێنەدا دەتوانێ بە عەقلانیەت ئەجیندای خۆی بسەپێنێ، نەک ببێتەوە بە پەرچەکردارێکی شیعاربازانە.

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت

بەچی چاوەش ئۆغلو هەڕەشە لە هۆڵەندا دەکات؟

نیاز حەمید

دوای گەرانەوەی فرۆکەکەی و رێگەنەدانی بۆ نیشتنەوەی لە هۆلەندا ، چاوەش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی ئاکەپە ، بە هەمان نزمی ئەردۆگان هەرەشەی لە هۆڵەندا کرد و وتی: دەبێت باجی قورسی ئەو کارەیان بدەن.

بۆ شرۆڤەکردنی ئەم هەڕەشەیە ، پێویستمان بە شرۆیەکی ورد هەیە تا بزانین لە چ روویەکەوە دەتوانێت تورکیا هەڕەشەکەی جێبەجێ بکات.

کاتی دەوڵەتێک هەرەشە لە یەکێکی تر دەکات ، لە سێ ئاستەوە دەبێت:

١- ئاستی سیاسی و مۆڕاڵی.

٢- ئاستی ئابوری.

٣- ئاستی تیرۆر وکاری توندوتیژیی ، سەربازیی و داگیرکردن .

بۆ وەلامدانەوەی هەر ئاستێک لە هەردوو ئاستی یەکەم و دووەم پێوێستمان بە داتا دەبێت بۆ ئەوەی بزانین تورکیا ئەگەر کارتی سیاسی ومۆڕالێ یا ئابوری بەکاربهێنێت بەرامبەر هۆڵەندا سەردەکەوێت یا پێی دەکرێت ؟!.

بۆ ئەم مژارە، دەتوانین بە خستنەرووی رەوشی ئێستا و بە بەکاربردنی ژمارە و داتا، لە چەند خاڵێکەوە دەست پێبکەین :

١- ئاستی سیاسی ومۆڕالی:

تورکیا دەوڵەتێکە کە دیموکراسی تێدانییە بە هەموو پێودانگەکان ، تورکیا بەرەو سیستەمی دیکتاتۆری شۆڤینی فاشی ئیرهابی ئیسلامی بە خێرایی هەنگاو دەنێت. گۆڕینی دەستور بۆ سەرۆکایەتی و گردبونەوەی دەسەڵاتە گرنگەکان بەدەست ئەردۆگانەوە ، ئەو بەڵگەیەمان بۆ دەستەبەردەکات کە تورکیا دەوڵەتێکە سیستەمێکی دیکتاتۆری تێدا حوکم دەکات، کەواتە دیموکراسی بوونی نامێنێت .

لە تورکیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٠ ملیۆنە ، دەیەها نەتەوە و زمانی جیاواز تێدایە ، جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێک بەتایبەتی زمانی کوردی بە کارهێنانی قەدەغەیە ، هەر چەند مانگێک پێش ئیستا کچێک تەنها بۆفێرکردنی زمان و هونەری کوردی بە مندالانی کورد ، بە ١٠ سال زیندانی کرا.

لە هۆڵەندا ، کەسێک نادۆزیتەوە گومانی لە سیستەمی دیموکراسی ئەو دەوڵەتە بێت، ئەمە سەرباری ئازادیی تاکەکان ، لە تەک زمانی هۆڵەندی ، حکومەت خەڵکی هاندەدات زمانی دیکەش فێرببن ، هەر بۆ نمونە :لە ٨٩٪ هاولاتیانی هۆلەندی ئینگلیزی دەزانن و لە ٧٠٪ یان ئەڵمانی .ئەمە سەرباری ئەوەی لە هۆلەندا کوردان ئازادن قسە بە کوردی بکەن ناوەندی تیێدایە بۆ خزمەتی زمان وهونەری کوردی.

کەواتە بە بەرواردکردنی هەر دوو مۆدێل لە حوکمرانی ، تورکیا لە رووی سیاسیی و مۆڕالییەوە ناتوانێت شان لە شانی هۆڵەندا بدات ، ئەو بەهایانەی کە هۆلەندا لەسەری دامەزاروە ، تورکیا ناگاتە ١ ٪.

هەر بۆ زانیاری لە هۆڵەندا ، باوەڕی ئاینی ئازادە ، هەر بۆیە لە هۆلەندا:

٦٨٪ بێ دینە هیچ ئینتمایەکی بۆ دین نییە

٢٥٪ مەسیحین بە هەموو لق وپۆپەکانی.

٥٪ ئیسلام

٢٪ بوزی وهندۆسین.

لە تورکیا مەزهەبی سونی ئیسلامی رێگە پێدراوە دژی عەلەوییەکانە ، ئەوە هەر هیچ مەسیحییەکان لە کلدۆئاشوریی وئەرمەنیەکان هیچ مافێکیان نیە.

تورکیا دەوڵەتی سەرکوتکردن و شۆڤینی وفاشیەتە ، بۆیە ئەو پێگەییەی پێ نادات کارتی سیاسی دژی هۆڵەندا بەکارببات.

– ئاستی ئابوری:

تورکیا دەوڵەتێکە ئابوریەکەی لەسەر گەشتوگوزار و سەرمایەگوزاریی ئەوروپا و ئەمەریکا و روسیا بەڕێوە دەچێت ، کە هەردوکیان پەیوەستە بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا هەر کاتێ قەیرانێک دورست بێت ، ئەو داهاتەی کە دەستی دەکەوێت تووشی داتەپین دەبێت.نمونە زۆرە وەک ئەوەی لەگەڵ روسیا لە کوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی روسیا رویدا.

ئابوری تورکیا بۆ داژیەتیکردنی تەڤگەری ئازادی کوردان بەکاردێت ، ساڵی ٢٠١٢ یەکێ لە سەرۆکەکانی ئەرکانی سوپای تورکیا گوتی زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلارمان بۆ دژایەتی پەکەکە خەرجکردووە.

وەرن با بەرواردێکی داهاتی سالانەی تورکیا وهۆڵەندا بکەین.

هۆلەندا رووبەرەکەی ٤١ هەزار کم دووجایە وژمارەی دانیشتوانەکەی ١٧ ملیۆنە.، هەرچی تورکیایە ژمارەی دانیشتوانی ٨٠ ملیۆن دەبێت و رووبەرەکەشی ٧٨٣ هەزار کم دووجایە .

داهاتی سالانەی هۆلەندا بۆ سالی ٢٠١٤ بۆ نمونە ئێستا زۆر زیاترە: ٤١٠،١٠٠ ملیار دۆلار بووە ، بۆ هەمان ساڵ تورکیا ٢٠٤ ملیار دۆلار بووە ، سەیری ئەو جیاوازییە بکەن ، ئەم بەرواردکارییە دەریدەخات کە هۆلەندا ئابورییەکی بەدەیان جار بە هێزتری هەیە لە تورکیا.

تەنها هەناردەی هۆڵەندا لە بەروبومی کشتوکالی لەو ساڵەدا ، ١٠٠ ملیار دۆلاربووە.

هۆڵەندا خاوەنی ٢٥٪ گازی سروشتی هەموو ئەوروپایە .

تورکیا نەک خاوەنی گازی سروشتی نییە بەڵکو غاز هاوردە دەکات.

دراوی هۆلەندی گیلدەر بەرامبەر دۆلار ١،٧٩ ، کەچی لیرە ٣،٧٨ ە، کە ئەمە ئاماژەیەکە کە ئابوری هۆلەندا بەو رووبەرە بچووکەی کە ١ بۆ ١٩ تورکیایە ، ئابورییەکەی زۆر بە هێزترە.

ئەگەر هەر نمونەیەکی دیکە بهێنینەوە ، لە رووبەری ٧٨٣ هەزار کم دووجا تورکیا خاوەنی ٦٥ هەزار کم رێگای قیرە ، لە کاتیکدا هۆلەندا بە رووبەری ٤١ هەزار کم دووجایە، ١٤٠ هەزار کم جادەی قیری هەیە ، لەم بڕەش زیاتر لە ٢٧٠٠ کم ئیکسپرێس وەیە ( Expressway ).

لەوەش زیات داهاتی تاکی هۆلەندی لە جیهاندا ، لە رێزی ١٨ەمینە لە دەوڵەتانی جیهان.

جا لێرەدا دەتوانین پشت بەستن بەم ژمارانە ، بگەیەنە ئەو باوەڕییە کە ئابوریی ئەم دوو دەوڵەتە بەراورد ناکرێت، هەر بۆیەشە تورکیا بەو ئابورییە شرەوە ناتوانێت سزای هۆلەندا بدات .

کەواتە ئەگەر تورکیا لە پێگەی سیاسی ومۆڕالی لە ئاستی جیان و ئابورییەکەی ئەو پیگەیەی پێنەدات ، سزای هۆڵەندا بدات ، چۆن هەڕەشەکەیان جێبەجێ دەکەن ؟!..

بۆیە دێمە سەر ئاستی سێیەم ، ئەویش ئاستی تیرۆرە وتوندو تیژیی و داگیرکارییە ، بە هۆی نەبوونی سنوری هاوبەش تورکیا ئەوەی پێناکریت ، بۆیە شیمانەی تیرۆرە لە پێشە . بەڵێ تورکیا وەک هەبوونی پێشینەیەک لە ئەنجامدانی تیرۆر دەتوانێت هۆڵەندا سزا بدات لە ریگای تۆڕێک لە گروپە تیرۆریستەکانی کە بلاوەیان کردووە بە ئەوروپا . نابێت ئەوەمان لە بیر بچیت ، تورکیا لە رێگای مافیاکانەوە ، چەندەها خوێندگایان لە ئەلبانیا کردۆتەوە وانەکانی جیهادی داعشی تێدا دەخوێندرێت ، ئەو جیهادیستانە لە تەواوی ئەوروپا بۆی دێن و راهێنانی سەربازی وفیکری تەواو دەکەن ، خۆ ئامادە دەکەن ناوە ناوە کارێکی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

ئەوروپییەکان ئەم راستییە دەزانن ، سەرکەوتنی ئەردۆگان لە گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی ، دەستی باشتر والادەکات بۆ تێکدانی رەوشی ئەوروپا .

هەر دوێنێ دوو کەسی سەر بە گروپی تیرۆریستی داعش لە ئەڵمانیا دەستگیرکران کە دەیانویست بازارێکی گەورە و پڕ لە خەڵک بتەقێننەوە.

بەلێ چاویش ئۆغلو دەتوانێت هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات بە ئیعزادان بە داعشەکانی ئەوروپا بۆ کاری تیرۆریستی.

دەوڵەتی ئاکەپە ، دەوڵەتێکی بێزراوە ، نوێنەرایەتی تیرۆر لە جیهاندا دەکات ، بۆیە بە بینینی من چارەنوسی لە چارەنوسی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە باشتر نابێت.

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت

یەکێتی بێ بەرهەم ساڵەح !

بەهرۆز جەعفەر

بۆ بونیادنانەوەی (تاک، کۆمەڵگە، دەوڵەت، سیستەم) تەنها پێویستە توانایەکی مرۆیی بەهێز بەرجەستە بکرێت، یەکێتی ڕێک لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە خەریکی وێرانکردنی کەسێتی تاکەکان و کادیرەکانی خۆیەتی، هەریەکەو بەجۆرێک شتێکی بۆ دروستکردووە، ئەم حزبە سەری لە خۆی و ناوچەیەکیش شێواندووە. تاکە کەسێک ئیشی لەسەر دروستکردنی هێزێکی بەشەریی و تواناسازیی بوبێت، بە ئاشکرا یان لە پەناوە ” بەرهەم ساڵەح”ە. ئیتر چل ئەندامی سەرکردایەتی لەگەڵە یان چوار، یان هەر خۆیەتی، چ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت..

ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی تەنها لە فەیسبوک یەک لێدوانی زبر، یان هەڵوێستێک بە دژی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بنوێنێ، یەک کاتژمێری تر میدیای ناوخۆیی و عێراقی و جیهانی ئەیکەن بە هەڵڵاو فشار، بەیەک لێدوان ئەتوانێ باڵانسی سیاسی نەک یەکێتی بەڵکو کوردوستان بگۆڕێ،،،، جا بۆیە هێڤاش.. هێڤاش.. کارداشم…بزانە کاریگەریی شوێن لەسەر سیاسەت و، کاریگەریی سەرمایەی مرۆیی و سروشتی لەسەر سیاسەت و ڕەوتی مێژوو چییە. یەکێتی لەناوچەیەکدا سیاسەت ئەکا، ئێرانی لێیە، سێ نەوعی حزب و حەرەکاتی ئیسلامی لێیە، بزوتنەوەی گۆڕانی لێیە، چەنەها باڵ و کوێخای یەکێتی خۆی لێیە، پارتی لێیە، وردە ووردە بەعسی لێیە، حسک و شیوعی لێیە، خەڵکی ماندوو بێلایەنی لێیە، شەریکات و شتی تریشی لێیە، کەچی خەریکە بەرهەم ساڵەحیش ئەکەنە جەمسەرێکی تر، جا چیتان بەدەستەوە ئەمێنێ؟. یەکێتی بێ بەرهەم ساڵەح یانی ترس و هەڕەشەی موتڵەق بۆ سەر میدیا، بۆ سەر سولەیمانی، یانی یەکێتی بە بێ دیدێکی یونیڤێرساڵ و مۆدێرن..

وەڵا بەرهەم ساڵەح لە شاخ نەبووە؟. جا تۆ لە شاخ بویت چ خۆشبەختیەکت بۆ کۆمەڵگە هێناوە؟. بەرهەم ساڵەح زانکۆی ئەمریکی و کەمپی نوێی زانکۆی سولەیمانی و هەواری شار و سەدان هەزار درەختی سەوزی هێناوە، هەزاران گەنجی خێر لە خۆنەدیوی گەیاندە ناوەندەکانی ئەم دونیایە، مووچەی پێشمەرگەو کەسوکاری شەهیدانی زیاد کرد. سولفەی دیوەخانی کرد بە تواناسازیی گەنجان.. بەلای کەمی بە دامودەستگەی حزبی و پیاو پیاوێنە هەڕەشەی لەکەس نەکرد، ترسێکی ڕاستەوخۆ و فیزیکی نییە لەسەر ژیانی خەڵک..

نا… نا… هەر بەجدیی ئێوە حیساب لەسەر ئەوە ئەکەن کە بەرهەم ساڵەح زۆربەی سەرکردایەتی لەگەڵ نییە؟.

وا باشە، ئێستا هەرچی کادیرە ویژدان زیندووەکانی یەکێتی هەیە، هەرچی دەنگە خەسێنراو وکپکراوەکانی یەکێتی هەیە، سەرگووڵ و ئازادیخوازەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، تێکۆشەرەکان و فەرماندەکانی پێشمەرگەو گەنجان و نوسەران و ژنان و پیشەوەران، هەموو بێنە مەیدان و داکۆکی لەو بەرهەمە بکەن، بێنە دەنگ و، دەست بکەنەوە، ڕێگە نەدەن، لە بەر دەمەوەریی و حیقدی کەسانێک هەزاران کەسیان لەو حزبە ڕەنجاندووە، کاراکتەرێکی بەهێزی حزبەکەیان لەوە زیاتر هێرشی بکرێتە سەر.. ئایا بەرهەم ساڵەح نەوتی کەرکوکی دا بە پارتی و نفووسی کوردی لەو شارە گەیاندە سەتا بیست و سی؟ ئایا بەرهەم بو شەڕی ناوخۆی هێناو پەنجا ساڵە کورد کوژی و تۆوی دووبەرەکی لەم کوردوستانە هێشتا کۆتایی نەهاتووە؟. ئایا بەرهەم ساڵەح بو لەسەرەتای شەڕی داعش، لە بەر چەتەیی خوارووی کەرکوک ئاگای لە ژوورووی نەماو پارتیش دەستی گرت بەسەر ئاڤاناو بای حەسەن دا؟.

جا بۆیە ئه‌م جۆره‌ ئاخاوتن و، ده‌ستكردنه‌وه‌یه‌، داكۆكى نییه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵه‌ح، داكۆكییه‌ له‌ بۆگه‌ن نه‌ بونى سیاسه‌ت له‌ كوردستان و، مانه‌وه‌ى توخمه‌ مه‌ده‌نی و مرۆییه‌كان له‌ پێكهاته‌ى حزبی كوردیدا، ئەم نوخبە باڵادەستەی یەکێتی کە لە (۲۰۰۷) ئێمە ڕەخنەیان ئەکەین، هەربە ڕەتاندنی تێکۆشەران و کادیرە ژیرەکانی حزبەوە نەوەستاون، بەڵکو کەرکوکیان داوە بە پارتی و گەرمیانیش بە حەشدی شەعبی، کۆمەڵێ پەرلەمانتار و نوێنەریشیان لە بەغدا خوا بیزانێ خەریکی چیین، ئینجا هاتوون لە سولەیمانی لە ناوخۆیان و لە میدیاکانا هەڕەشەو دەنگە دەنگ ئەکەن، ڕۆڵە گیان بزانە دونیاو دەوروبەر چییەو تۆ لە کوێیت؟.

ئەوە من وەک توێژەرێک، کە دوای وازهێنان لە یەکێتی (لە بەر هەڵەو ستەمی ئەو چینە سەرسەریی و نەخوێنەوارە) بڕیارمداوە حزبایەتی نەکەم، ڕای خۆم ووت. ئێوەش سنورێک بۆ ئەو سوکایەتیە دابنەن کە تیایدا نوخبەیەکی هەلپەرست ساڵانێکە یەکێتی و ناوچەی سولەیمانییان وە پەن کردە… ها… جەوهەری شتەکەم ڕوون کردۆتەوە نەک بێم قسە لەسەر ئەو مرۆڤە قەزەمانە بکەم کە خۆیان لێبوە بە یەکێتی و یەکێتی یشیان لێبوە بە خۆیان.

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت

پاش ئەو هەموو تاڵانكاریە چاكسازیمان پێمەفرۆشنەوە

هیوا سەید سەلیم

وەك هەر كەسێك كە پێشتر چاودێری هەنگاوەكانی چاكسازی و ڕەوشی گەندەڵی دامودەزگاكانی هەرێمان دەكرد هیچ پەلەمان نەبوو تا ڕاپۆرتەكەی سەرۆكایەتی هەرێم سەبارەت بە هەنگلوەكانی چاكسازی ببینین یان بیبیستین، چونكە زۆر ئاشكرابوو كە چی لەخۆی دەگرێت و سنووری چاكسازیەكە تا كوێ بڕدەكات و ئەوانەی چاكسازیەكە دەیانگرێتەوە لە چ ئاست و پلەیەكدا دەبن!.

لەچەند ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاستی جیاجیا قسەوباس لەبارەی گەندەڵی لە كوردستان كراوە دەیان مێزگرد و بەرنامەو و سەدان وتار لەسەر ئەو دیاردەیە نووسراوە، بەڵام تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم لەباری ئابووریەوە تووشی مایەپووچی نەبوو نەك هەر هەنگاوی بۆ چاكسازی نەنا بگرە هەمیشە رەتیشیان دەكردەوە كە لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم گەندەڵی هەبێت.

 ئەوەی لەو ڕاپۆرتەی دوایی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا، كە خۆی لە نۆ ماددە دەبینێتەوە كە سێكتەرە جیاجیاكانی وەك نەوت و دەرمان و باج و دەستگرتن بەسەر موڵك و ماڵی گشتی دەگرێتەوە ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەوەی لە كوردستان هەیە نەك هەر دیاردەی گەندەڵیە بگرە تاڵان و بڕۆیە، بەوەی تا ئێستا لە كوردستان كۆمپانیا هەبووە لە پێدانی باج چاوپۆشی لێكراوە و بە هەزاران كەس مووچەی تایبەتیان بۆ بڕاوتەوە ، چەندین ملیار دینار وەك خەرجی گشتی سەرفكراوە كە دیارە هیچ پێویست نەبووە ، ئەمانە كە بەشێكی زۆر كەمی ئەو خراپەكاریانەن كە كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو دەسەڵات ئەنجامیان داوە، ئەمانەش ڕاستی ئەو زانیاریانە دەسەلمێنن كە ساڵانێكە میدیا و كەسانی تایبەتمەند بە بواری چاكسازی  هاواریان لێهەڵسابوو هەمیشە دەیانووت:

( گەندەڵی وەك مۆرانە لاشەی حكومەتی هەرێم هەڵدەلوشێ وەرن فریای خۆتان بكەون)

ئەگەرچی تا ئەمرۆش هەنگاوەكانی چاكسازی وەك تۆڕی ماسیەكە وایە هەر گەندەڵكارە بچووكەكانی گرتووە، بەڵام پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو لایەنانەی گەندەڵی وەك لەو ڕاپۆرتە هاتووە  كارێكی باشە، وەلێ ئەوەی كە زۆر پێویستە لەو چاكسازیەدا، ئەوەیە كە دەبێت خەتی سوور بۆ هیچ بوارێك و كەسێك دانەنرێت، چونكە ئەوەی تا ئێستا هەیە و دەبینرێت ئاستی گەندەڵیەكان هێندە گەورەن بەڵام چاكسازیەكان لە ئاستی زۆر بەرتەسك و لە ئاستی خوارەوەن، نموونەی ئەوەی كە لە كەیسی مامەڵەی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ داعش هاتنە سەر گرتنی نۆ ئەفسەر كە تۆمەتبارن بە فرۆشتنی  فیتپەمپ بە تیرۆرستانی داعش!!.

ئێستاش ئەگەر لەو داتایانەی كە لە راپۆرتەكە بڵاوكراونەتەوە وردبینەوە، لەوە تێدەگەین كە دەبێت بەرپرسی گەورە لەو گەندەڵیە تێوەگلابن، نموونەی ئەوەی كە لە تەوەرەی دووەمی ئەو راپۆرتە هاتووە باس لەوە دەكات:

( مووچەی تایبەتی 23 هەزار كەس كە مەرجی تەوایان تێدانەبووە بڕدراوە)  ئەوە نەژمارەیەكی بچووكە و نەبڕی پارەكەش كە بە نایاسایی بەو 23 هەزار كەسە دراوە كەمە، كە دڵنیاین هێشتا زۆر زیاتریش ماون وەك ئەوانە شایستەی ئەوەن مووچەیان ببڕدرێت كە هەیە مووچەی وەزیر و وەكیل وەزیر و پلەی تایبەت وەردەگرێت بەبێ ئەوەی رۆژێك لەو پۆستانە كاری كردبێت، ئەی باشە بۆ ناپرسن كێ لە پشتی ئەو هەموو گەندەڵیە بووە، ئایا بەڕێوەبەری گشتی ئەوانەی دامەزراندوون یان خەڵكی زۆر باڵای ناو ئەو دەسەڵاتە؟.

 ئەوەی لە چەند ساڵی ئەزموونی دەسەڵاتی حوكمڕانی كوردی كراوە بەتەنیا پێی ناوترێت گەندەڵی، بگرە فەرهود و تاڵان و دزییە، وە  ئەوانەی لێی سوودمەندبوونە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و ئەوانەشی كە باجەكەیان داوە خەڵكی هەژارو زەحمەتكێشی كوردستان و چینی مامناوەندەكەیە  كە داهاتەكەی سنووردارە، بۆیە ئەگەر چاكسازیەكان بە بارتەقای ئەو خراپەكاریانە نەبن كە ئەنجام دراون و مافیاكان نەگرێتەوە ئەوەشیان هەرهاشوهوشێكی راگەیاندنی بەدواوە دەبێت و وەك پرسی فرۆشتنی فیتپەمپ بەداعش چەند كەسێكی خوارەوە دەكەنە قوربانی مافیا گەورەكان، لەلایەكی تریش ئەوەشمان وەك هەنگاوی چاكسازی پێدەفرۆشنەوە.

 

 

 

 

 

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت

ئەمانە ھەمووی ئاساین؟

کارزان سەباح ھەورامی

 

* (سروە عەبدول واحید)، پەرلەمانتاری گۆڕان، ”ھەوڵمان دا لەگەڵ ھەردو باڵەکەی حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی (مالکی و عەبادی) بە یەک دوری گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین و ڕێگەچارەیەک بۆ بێ موچەیی و قەیرانی دارایی بدۆزینەوە، چونکە حکومەتی ھەرێم بێباکە لە ئاست بێ موچەیی خەڵک و ئەو ھەمو قەیرانەی ڕوی لە ھەرێم کردوە”…بۆ ھەرئەمانە نەبوون مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی مەرجەعیەتی سیاسی خۆیەتی، پەرلەمانتارێک بە تەنیا لە نووسینگەی نووری مالیکی کۆدەبێتەوە، گوایە دەیەوێت دیداری حزبی رێک بخات؟ بۆ ئەم بزووتنەوەیە لە رێگای پەرلەمانتارێکەوە پەیوەندی حزبی دروست دەکات؟ دواتر نوری مالیکی، لەچ پێگەیەکدایە ئاوا ھەوڵ دەدرێت مووچەی خەڵکی کوردستان بگەرێنێتەوە؟.

 

*(مەحموود رەزا) پەرلەمانتاری گۆڕان: “دەبێت ھەرێمی کوردستان رازی بکرێت بۆ ئەوەی ھەرچی نەوتی ھەیە رادەستی بەغدای بکات؟… خێرە بوونەتە پارێزەری عەبادی و مالیکی؟، ئەی لە مانگی ٥ی ٢٠١٥ نەوتەکەمان رادەست نەکردن؟ کوا پارەکەیان؟، دواتر ئەگەر گەرەنتیمان دەکەن، نەوتی خۆمان رادەستی بەغدا دەکەین بەس لەو پارەی لە فرۆشتنی نەوت دەستمان دەکەوێت زیاترمان بدەنێ بائێمەش نەوتەکە رادەست بکەین.

 

*(ھۆشیار عەبدوڵا)، پەرلەمانتاری گۆڕان دەبێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێتە دادگای فیدرال، چونکە پابەندی رێککەوتن نەبووە، ئەی باشە بۆ حکوومەتی مالیکی و عەبادی لە دادگا نادەن کە مووچەی قوتی خەڵکی کورستانیان بریووە؟ ئەوان نەبوون گوتیان لە دەرەوەی مووچەی پارەی پێشمەرگە دەنێرێن کوا پارەکە؟ نەیان گوت مووچە دەنێرێن؟ فەرموون پێیان بڵێنن کوا مووچە؟.

 

*(تاڤگە ئەحمەد)، پەرلەمانتاری گۆڕان، دەبێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزرێت و مافی کوێت نییە داوای یەک بست خاکی عێراق بکات،…فەرموو تاڤگەخان، بەدەنگی ٢٠ ھەزار کورد چوویتە بەغدا لەوێ داوای گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان و دابینکردنی بودجەیان بۆ بکە، ئەوەندە لە خەمی عێراقی یەکگرتوو ئەوەندە لە خەمی پێشمەرگە و ناوچە کوردستانییەکانییەکانن؟ خوارووی عێراق گرنگترە بۆ تۆ یان پیلانی دروستکردنی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو و کەرکووک؟.

 

ئەڕی ئەمانە ھەموویان ئاسایین؟ بڕیار وانەبوو پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بکەن؟ ئەی ئەگەر وایە بۆچی بوونەتە بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەجێندای بەغدا و ئامادەن لەگەڵ لایەنی شیعە و دەوڵەتی یاسا و مالیکی و عەبادی کۆببنەوە، بەڵام ئامادەنین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی کۆببنەوە؟ دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان لەوە تێبگات کە ھەرچی پرۆژەی سیاسی ھەیە لەبەغداوە شکستی ھێناوە، ھەرلەجیاکردنەوەی سلێمانی و راکێشانی چەند حزبێک بۆ خۆیان و برینی قورتی خەڵکی کوردستان، ئێستاش پرۆژەیەکیان ھەیە، بەوەی لەگەڵ ھەندێک حزبی کوردستان کۆببنەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵات لەدەست ھەرێمی کوردستان دەربھێنن و لێرە ئەنجێندای خۆیان جێبەجێ بکەن، واش باس کراوە کە لەبەغداوە بەڵێنی مووچە و پارە و پۆست دراوە، بەچەند ھێزێکی سیاسی یەکەم ھەنگاویش پێدانی پارەیە بەو کەسانەی دەچنە ناو حەشدی شەعبی.

دەکرێت بپرسین ئەمانەی ڕوودەدەن ئاساین؟.

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت

گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ژێر بەژێریی

ھێدی ھەولێری

مێژووی کورد بەدرێژایەتی ژیانی سیاسیی و کۆلەواریی ژیانی ژێردەستەیی و داگیرکاریی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و ھێزی لەشکری زلھێزانەوە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کارەساتی جۆراوجۆر بووەتەوە.                

   قەبارەی ھێز لە ھەرێمی کوردستاندا لەبەرئەوەی ھێز کێشی تێکچووەو ئەندازەی کۆبوونەوەکان لەشێوەو چوارچێوەی خزمایەتی و دۆستایەیتی دەچێت، بۆیە بەخەیاڵی دەسەلڕتداران ئازارەکان بچووک کراونەتەوەو ئەوەی گرینگ بێت کورسی و چەندێتی پۆست و بازاڕی سیاسیی دەسەڵاتدارانە، کە تاچەند بە بەرھەمی بۆگەن گەرم  دەکەن و دەیخەنە ئەو بازاڕەی ھیچ نرخی مرۆڤایەتی تێدانیە.            

     سەرگەردانی ھاوڵاتیان لە ھەرێمی کورستاندا ھێندە قوڵبووەتەوەو چارەسەری کێشەکانیش بەکورسی و پۆستی حزبییەوە بەستراوەتەوە، ھێندە ژیانی خەڵک و سەختی قەیرانەکان نەبووەتە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی سەر مێزی ئەوانەی بەناو سیاسەت و لەبنەڕەتیشدا بازرگانی بە میللەت دەکەن.              

   شێوەی دەرکەوتنی قەیرانەکان لەژێربەژێرییەوە ئەوکاتە ئاشکرابوو کاتێک چەند لایەنێکی سیاسیی کەوتنە ھاوکێشەی حکومەتی ھەرێم و قەیرانی جۆربەجۆریی دەرخست و حکومەتێکی بەحیساب تەکنۆکراتی کردە حکومەتی قەیران و  ھزرو بیرکردنەوەی دوولایەنی سیاسیی.                

                             کاتێک بوون بە دەسەڵاتدار ھەروەک ھێزی کاریگەری گۆڕەپانەکە مانەوە ، بەڵام بەھێزی گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و زەوتکردن و شەریکبوونیان لە پرسی گرینگ و حیساب نەکردن بۆ ھێزەکانی پێکھێنەری حکومەت و ھێشتنەوەی حکومەت بەژانێکی درێژخایەن و لەدایک نەبوونی فریادڕەسێک بۆ چارەسەری دۆخی لابەلاو سڕینەوەی ئاسەواری حکومەتداریی و دەرخستنی ڕێککەوتنێکی تازە بۆ دووبارە تۆخکردنەوەی سنووری دوو ئیدارەیی ھەرێم و داھات ھەڵمژینی بەشێوەیەکی یەکسان لەنێوان ھەردوو حزبی پێشووی دەسەڵاتدار.                                                    چاودێرانی سیاسیی کاتێک حەیران دەمێنن لەدۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی و ترسناکی لەژێر ھەرەشەی جۆراوجۆری بەکارھێنەر و نەدۆزینەوەی ھێزێک بتوانێت کاریگەر بێت بۆ ھەڵماڵینی ئەو پەردە نادیارەی دۆخی ھەرێمی کوردستانی بەجۆرێک ڕووپۆشکردووە ئایندەیەکی نادیاری بۆ داتاشیووەو ھێمای یەکڕیی نەتەوەو نیشتمانی کردۆتە قوربانی حزبی و پاراستنی تەختی ھەندێ مشەخۆر.     

   ناکرێت ئێستا قسە لەسەرئەوە نەکرێت کاتێک وا دەردەکەوێت دیسان ھەرێم بەستراوەتەوە بەدوو حزبی و بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی دیکە ، کە لەبنچینەدا پارتی و گۆڕان سەرچاوەی کێشەکان بوون و بێدەسەڵاتی یەکێتی و کەوتنە ژێردەستی چەند مەلەفێکی گرینگ لەژێردەستی یەکێتی…..سەرەنجام بووە بەش بەشێنەو ئێستا ھەردوولای زۆرینە دەسەڵادار لەنێوان خۆیاندا خەریکی جۆرێکن لەو جۆرە سیناریۆیانە تا لەوێوە دۆخی سەرەتای (ڕێککەوتنی ستراتیژیی)، کە ئایندەی سیاسیی ئەو وڵاتەی خستە ژێر پرسیارێکی بێ شیتەڵکردنەوە، کە جگە لەو دوو ھێزە نەبێت کەس ڕەنگە ئەمجارەیان وەک پێشوو نەزانرێت ناوەڕۆکەکەی چۆنە و چیەو لەسەر چ بنەمایەک داڕێژراوە و بەناڕاستەوخۆ کۆپیکردنەوەی ڕێککەوتنەکانی پێشووە کاتێک دوای شەڕێکی خوێناوی چەند ساڵە ڕێککەوتن لەدایکبوو.                                                           ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی پێش ھەموو شتێک وەک ئاشتەوایی ژیانی سیاسیی بۆ بەبنەمابوونی بۆ داڕشتنەوەی سەرلەنوێ بونیادی تاکی ھاوڵاتی کوردو ئیلھام بەخش بێت لەسەر بژێوی و ناڕەزایی شەقام، کە بەجۆرێک تووڕەبوونی پێوە دیارە ھەموو کەس ناخی ئەو ویژدان مردووانەی خەبەرکردووەتەوە، بەڵام بەلاڕێدابردن و جددی نەبوون لەکێشەکاندا حکومەتی پەکخراوو پەرلەمانێکی نەبوو تارمایی حزبیبوون باڵی نائومێدی بەسەر ئاسمانی وڵاتدا کێشاوە.                                             سەرەداوی ئێسای چارەسەری قەیرانەکان خەریکی کردنەوەی کرێ گوێرەکانن و ئێستا ئەگەر بەدیدێکی دادگەری بڕوانرێتە کێشەکان و کەسێکی زیندووی لەسەر دروست دەکرێت و ، ئەگەر کۆبوونەوەکانیش کە بڕیارە لەنێوان لایەنەکان دەست پێ بکاتەوە باش دەبێت ، بەڵام ئەوەی ناڕوونە لەنێوان دوو پێکھاتەی پێکھێنەری حکومەتی ھەرێم…. پارتی و یەکێتی-ین.              نەگەیشتنە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و توندبوونەوەی قەیرانەکان و بێزاربوونی خەڵک لەژیان و بژێوی ناجێگیردا وەک مەترسی لەبوونی ئاسایشی خۆراکدا مەرجی چاکبوونی پڕۆسەی سیاسیی لێڵ دەکات و دیسان بەرەو ئەو ئاقارەی دەبات وەک بەستەڵەکی زستان بێت.                                                                   مەترسی ئەوەش ھەیە ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان بەنھێنی بێت و ژێرپەردەو گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا ڕووبدات، بەوە جومگە دامەزراوەیی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتە شەلەل دەبێت.‌                                                                      لە ھەموو گرینگتر ئەوەیە،‌ ھەڵبژاردن خەریکە نزیک دەبێتەوە ئەگەر پەرلەمانی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوەو نامەیەکی سپی دەخرێتە بەردەمی خەڵک ئایا بەرژەندی نیشتمانی و نەتەوەیی لەکوێی ھەستی لایەنەکاندایە؟

سه‌رچاوه‌ Standard

درێژه‌ی بابه‌ت