كورته‌ چیرۆكی ( بژی حكومەت !!!)

Kurd Photos

بژی حكومەت !!!
ـــــــــــــــــــــــــ
پیاوێك ماسیەكی راو كرد، بەپەلە بردی بۆ ژنەكەی و داوای لێكرد بۆی سوور بكاتەوە … وەلێ‌ بەهۆی نەبوونی رۆنەوە، ژنەكەی داوای لێبووردنی كرد… پیاوەكەی پێی گووت: بیبرژێنە……. ژنەكە داوای لێبووردنی كرد لەبەرئەوەی ئاگردانیان نەبوو….. بۆیه‌ داوای لێكرد بۆی بكوڵێنێ‌…. ژنەكەی قیژاندی بەسەریدا: غازمان نییە…….. پیاوەكەش ماسییەكەی هەڵگرت و بەرەو دەریا رۆیشت و فڕێیدایەوە ناو ئاوەكە… ماسییەكە سەری لەئاوەكە دەركرد و بەهەموو هێزییەكیەوە هاواری كرد: بژی حكومەت!
ـــــــــــــــــــــ
نووسینی : عەزیز نەسین

سه‌رچاوه‌ كورد فۆتۆ

درێژه‌ی بابه‌ت

کورته یەک لەژیانی هەونەرمەند (مەرزیە فەرقی )…

Kurd Photos

کورته یەک لەژیانی هەونەرمەند (مەرزیە فەرقی )…
مەرزیە فەریقی .. هەم پێشمەرگە و هەم هونەرمەند
.
مەرزیە فەریقی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە توانی بە کارە هونەرییەکانی جێگایەکی تایبەت لە موزیک و گۆرانی کوردیدا بۆ خۆی بگرێت، ئەم هونەرمەندە ١١ ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەهۆی نەشتەرگەرییەوە کۆچی دوایی کرد.

مەرزیە فەریقی لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و تا تەمەنی ١٧ ساڵی ژیانی لەم شارەدا بەسەر بردووە، دواتر بۆ خوێندنی مامۆستایی دەچێتە شاری سنە و لەوێ خوێندن تەواو دەکات و بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەهێنێت.

بە وتەی کەسە نزیکەکانی ئەم هونەرمەندە لە تەمەنی منداڵییەوە لەلایەن باوکییەوە پشتگیری کراوە بۆ کاری هونەریی، بەڵام لەو کاتەدا کۆمەڵگا زۆر ڕێگربووە لە دەرکەوتنی وەک کچە هونەرمەندێک، لەگەڵ ئەوەشدا مەرزیە کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە لە کارکردن و لە یاد و بۆنەکانی قوتابخانەدا بەشداری هونەریی هەبووە.

فەریقی بۆ یەکەم جار له‌ ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا چووه‌ته‌ سه‌ر تەختەی شانۆی قوتابخانه‌كه‌ی و یەکەم گۆرانی کە لەگەڵ موزیکدا وتویەتی گۆرانییەکی هونەرمەند فەتانەی وەلیدی بووە بە ناوی (له‌سه‌ر كانی دێته‌وه‌ لێو به‌كه‌نی ‌و گۆزه‌به‌شانه‌وه).

مه‌رزییه‌ فه‌ریقی لەو کاتەدا زۆر حه‌زی لە ‌بیستنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی باشووری كوردستان و”تیپی مۆسیقای سلێمانی” بووە، بەتایبەت ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان “كه‌ریم كابان”‌ و “قادر كابان”.

له‌ ساڵی ١٩٧٧ دا له‌ شاری سنه‌ ‌ئاشنایی لەگەڵ هونه‌رمه‌ند “ناسری ڕه‌زازی” دا پەیدا دەکات و له‌ ساڵی ١٩٧٨ دا هاوسەرگیریی دەکەن، دواتر و لەساڵی ١٩٨٠ دا له‌گه‌ڵ ڕه‌زازی هاوسه‌ری ‌ڕێگه‌ی خه‌باتی شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان هه‌ڵده‌بژێرن ‌و له‌ ڕێزه‌كانی ” کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی كوردستان” دا خه‌بات ده‌كه‌ن، ئه‌م خه‌باتگێڕییه‌شیان تا ساڵی ١٩٨٤دا به‌رده‌وام ده‌بێت.

مەرزیە لەم کاتەدا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی لێهاتووی شاخ شان به‌شانی خه‌باتی چه‌كداری ده‌ستده‌كات به‌كاری هونه‌ری ‌و له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای “كۆڕی بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه‌”‌ یه‌كه‌مین كاری هونه‌ریی له‌ شاخ به ‌سروودی “سڵاو بۆ پێشمه‌رگه‌” تۆمار دەکات، لەو سەردەمەدا ئەم سرودە وەک هێزێک وابوو بۆ بەرزبوونەوەی ورەی پێشمەرگە، پاشان گۆرانی ( گیانەکەم بەئاسمانی شین) ی تۆمار کردووە کە پێشتر ئەم گۆرانییە لەلایەن هونەرمەند عەزیز شاهروخەوە وتراوە، بەڵام مەرزیە دەسکاری بەشێک لە هۆنراوەکەی کردووە بۆ ئەوەی بچێتە چوارچێوەی خەباتگێرییەوە، دواتریش هەندێک گۆرانی تری تۆمار کردووە.

ئەم هونەرمەندە لەگەڵ ناسر ڕەزای هاوسەریدا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٥‌ وه‌ ڕوو دەکەنە وڵاتی سوید وه‌ك په‌نابه‌رێك له‌گه‌ڵ سێ مند‌اڵه‌كه‌یان دڵنیا، ماردین‌ و كاردۆ ژیان به‌سه‌رده‌بن.

لەسەرەتادا کە دەچنە سوید مەرزیە دەست دەکاتەوە بە کاری هونەریی، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاردۆی کوڕیان بچووک بووە بۆ ماوەیەک لە کارکردن دوور دەکەوێتەوە، دواتر لەگەڵ هونەرمەند ناسر ڕەزازی و لە سیدییەکدا بە ناوی (پایز)چەند کارێکی نوێیان تۆمار کردووە، پاش ئەمە لەگەڵ ناسردا لە سوید، ئیتالیا، ئەڵمانیا، سویسرا، بەلژیکا، ئینگلاند، دانیمارک، فینلاند، هۆڵەندا، کەنادا، ئوسترالیا و ئامریکا لە ‌ئاھەنگ و بەرنامە هونەرییەکاندا بەشداری کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خزمەت بەمافی ژنان چەندین چالاکی ئەنجامداوە و لە دوای ساڵی ١٩٩٨ وە وەک پێشکەشکاری بەرنامەی (ژیلەمۆ) لە کەنای مێدتیڤی دەستبەکاربووە.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ وە یەکێک لەو هونەرمەندانەی کە زۆر پشتگیری مەرزیە دەکات و هانی دەدات بۆ درێژەدان بە کاری هونەریی، هونەرمەند شەهێن تاڵەبانییە، مەرزیە دوای دوورکەتنەوەی لە کوردستان بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠١ بە سەردانێک لە گەڵ ناسر ڕەزازیدا دەگەڕێنەوە کوردستان و لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری سلێمانی کۆنسێرتێکی هاوبەش سازدەکەن.

ئەم هونەرمەندە دواتر کۆمەڵێک گۆرانی تۆمار دەکات وەک (بەڵێن بدە، شەش پەپولەکەی گۆشەی باخەکەم، ئاهەنگێک لە نێو ڕان) و چەند گۆرانییەکی تر.

مەرزیە فەریقی و ناسر ڕەزازی لە مانگی نیسانی ٢٠٠٤ دا بە یەکجاری دەگەڕێنەوە کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن.

هونەرمەند مه‌رزییه‌ فه‌ریقی ناوی ته‌واوی (مه‌رزییه‌ ‌شه‌هاب عه‌بدوڵڵا)یه‌، له‌ ٢٢ ی ئایاری ١٩٥٨ له‌ شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لەدایک بووە، دایك‌و باوكی ‌له‌بنه‌ڕه‌ت دا خه‌ڵكی شاری سنە بوون، دوای چەندین ساڵ کاری پێشمەرگایەتی و هونەریی سەرلەبەیانی ١٨ ی ئەیلوولی ٢٠٠٥ لە شاری ستۆکۆڵم بە هۆی نەشتەرگەری دڵەوە کۆچی دوایی کرد، دوای چەند ڕۆژێک تەرمەکەی گەیەنرایەوە کوردستان و له‌ ڕێوره‌سمێكدا له‌ شاری سلێمانی به‌خاك سپێردرا.


کاریگەریی ناسر لەسەر گۆرانییەکانی مەرزیە[دەستکاری]
ناسر رەزازی وەکوو ھاوسەری مەرزیە، لەبواری کاری ھۆنەری گۆرانی گووتندا، زۆر یارمەتی مەرزیەی داوە. کاریگەریەکانی ناسر لەسەر مەرزیە ‌بۆ وێنە گووتنی گۆرانی بەچوار زاراوە واتە: ھەورامی، کورمانجی، کەلھۆڕی و سۆرانی یە و یەکەم گۆرانیبێژی ژن لە کوردستان مەرزیەی فەریقی یە کە توانیوەتی بەم چوار زاراوە ‌گۆرانی بڵێ.

——-

ھونەری مەرزیەی فەریقی[دەستکاری]
یەکەمین گۆرانی کوردی کە تۆماری کرد گۆرانی مەرزیەی فەریقی: لەسەر کانی دێتەوە ‌لێو بەکەنی و گۆزەبەشانەوە بوو. مەرزیە فەریقی زۆر حەزی بەبیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت تیپی مۆسیقای سلێمانی و زیاتر حەزی بە گۆرانییەکانی ھونەرمەندان کەریم کابان و قادر کابانی کردووە.

یەکەمین سرودێک کە مەرزیە، تۆماری کرد سرودی سڵاو بۆ پێشمەرگە بوو. دوای ئەوە گۆرانی گیانەکەم بەئاسمانی شین ئەم گۆرانییە ‌ھۆنەرمەندی گەورەی کورد عەزیز شاھرۆخ گووتەیەتی بەڵام مەرزیە دەسکاری شیعرەکانی کردووەو لە قالبی شۆڕشگێڕی دا وتوویە. دوای ئەوە ‌گۆرانی ماچی خودایی و گۆرانی مەرزیەی فەریقی: پاییز ئەمانە ‌ھەموویان دیاری سەردەمی پێشمەرگایەتین. دەتوانین بڵێین کە مەرزیە یەکەمین گۆرانیبێژی ژن بوو کە سرودی تۆمار کردووە.

مەرزیە ‌بەر لەوەی کە ببێ بەھاوسەری ناسر، لەسەردەمی شا دا، لە ‌سنە ‌لەگەڵ فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە گۆرانی گوتووە، بەڵام لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی دا کەتێکۆشانی ھۆنەری بۆ ژن قەدەخەبووە، وازی لەکاری ھۆنەری ھێناوە، بەڵام وەک باس کرا، لەشاخ کاری ھۆنەری دەس پێکردۆتەوە، بەداخەوە لە شاخ لەبەر نەبوونی دەرەتانی ھۆنەری و ھەڵگۆزو داگۆزی پێشمەرگایەتی و چەندین ھۆکاری دیکە، ناچار لەگەڵ ناسر و منداڵەکانی وازیان لەپێشمەرگایەتی ھێناوەو ساڵی ١٩٨٥ ھاتوونەتە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماونەتەوە. مەرزیە ‌لە سوید بووەبەخاوەن کوڕێکی دیکە بەناوی کاردۆ .

سەرەتا مەرزیە ‌لەگەڵ ناسر لە سوید و ئورووپا، کاری ھۆنەری دەست پێکردۆتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەکاردۆ منداڵ بووە، بۆ ماوەیک وازی لەکاری ھۆنەری ھێناوە. مەرزیە ساڵی ١٩٩٤ دیسان کاری ھۆنەری کردۆتەوەو لەگەڵ ناسر (سی دی) یەکی تۆمار کردووەکەچەند گۆرانی تازەی تێدا بڵاو کردۆتەوە. ئەوسا دواتر لەگەڵ ناسر لە سوید، ئیتالیا، ئاڵمان، سویس، بەلژیک، ئینگلیس، دانمارک، فینلاند، ئوتریش، کانادا، ئوسترالیا و ئامریکا لە ‌ئاھەنگ و بەرنامەدا بەشداری کردۆتەوە، مەرزیە ‌کاری ھۆنەری خۆی لەوێ درێژەپێداوەو بۆ خزمەت بەمافی ژنیش ھەنگاوی ھەڵگرتووەو کۆتایی نەکردووە.

—————–
چەند گۆرانی مەرزیە فەریقی
سڵاو بۆ پێشمەرگە

گۆرانیی سڵاو بۆ ھەڤاڵی پێشمەرگە بە دەنگی مەرزیە فەریقییەوە.
سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی وڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

لەدەوری دەست و تفەنگت گەڕێم کەڕۆژی خەبات
لەئاستی ھەڵمەتی تیژت چ ناگرێ بەرگە

ئەوێستەتۆی لەشەوی تار مۆمی ھەڵگیرساو
لەنێو دڵی شەوەزەنگا وەکوو گڕێک راساو

کە ‌ڕاتشەکاندووە ‌ئاڵا بەدەستی خاراوت
دەگەی لەکۆسپ و بوواران بەھەستی پاراوت

سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ھومێدی مەت پێشکەش
پڵنگی ھەردی ووڵات ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە

لانکۆڵێ

لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لەدار ھەنارێ
وەستا بێ لەتارانێ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لەلانێکدا نانوم دەبا بۆی سازکەم جۆڵانێ
ھەی رۆڵەسەر دڵ خڕبی باب مردووبی، شەو درەنگەبۆ جێژوانێ
تاوە ‌رۆژی رووناکە ‌ھەموو عالەم دەیزانێ

قەت نەبوو بڵێ دانیشین تۆزێک بکەن ڕاو تەگبیر
سەد لەعنەت لەو کەسەی بێ دەس لەباڵات بکا گیر
جا چی بوو ماڵەبابم ئەتۆ جحێڵەو ئەمن پیر

ئەو قورعانەی بتگرێ ھێنات لێکت کردووە
سێ جار دەستت پێدادا بۆ مزگەوتت بردەوە
بۆ خۆت کەیفم بۆ دەکەی بەدەم داخ و دەردەوە
دەستەو ئەژنۆت داناوم بەھەناسەی سەردەوە

لانک لانک لانکۆڵێ ، لانک لەدار ھەنارێ
وەستا بێ لەتارانێ ، لانکێ دروست کا بۆ چاو جوانێ
دەڵێ لەلانێکدا نانوم دەبا بۆی ساز کەین جۆلانێ
ھەی رۆڵەسەر دڵ خڕ بی باب مردووبی، شەو درەنگەبۆ جێ ژوانێ
تاوە رۆژی رووناکە ‌ھەموو عالەم دەیزانێ

ژنان

ژن ئەی مایەو ماک و ھەوێن
ئێوە زەریان گەر بھەژێن
بوومە لەرزەن گەر بلەرزێن
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
ئەی ژنانی دایکی زەوین
ئەی ژنانی ڕەنج و کەوین
ئەی ژنانی زام و ئەوین
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانا شەو چرا
مێژووی ئێوە جیھانی بوو
زامی ئێوە ‌بارانی بوو
دژی ئێوە ‌نەزانی بوو
دەسا ھەستن ئەی بێبەشان
بۆ مافی یەکسان شان بەشان
باڵاتان باڵای وڵاتە
سنگتان کەلی ڕۆژ ھەڵاتە
بوونات ڕۆژی پڕ لەھاتە
ئەستێرەمان لەئێوەزا
گەردنتانەشەو چرا

سه‌رچاوه‌ كورد فۆتۆ

درێژه‌ی بابه‌ت

10 راستیی‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌دیسۆن كه‌ پێویسته‌ بیزانیت

Kurd Photos

10 راستیی‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌دیسۆن كه‌ پێویسته‌ بیزانیت

1ـ ناوی‌ ته‌واوی‌ (تۆماس ئه‌دیسۆن)ـه‌، نه‌ك ئه‌دیسۆن به‌ته‌نها. به‌ئینگلیزیی‌ ناوه‌كه‌ی‌(Thomas Edison)ـه‌، به‌ڵام سۆماس ئادیسۆن (Adison) پزیشكێكی‌ به‌ناوبانگه‌ له‌مێژووی‌ به‌ریتانیادا نه‌ك داهێنه‌رێكی‌ به‌ناوبانگ.
2ـ هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئه‌مریكیه‌و ساڵی‌ 1847 له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1931 له‌ته‌مه‌نی‌ 84 ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌.
3ـ ئایینی‌ ئه‌دیسۆن خوداوه‌ندی‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش ئاینێكه‌ بڕوای‌ به‌بونی‌ دروستكه‌ری‌ گه‌ردون هه‌یه‌‌و پێی‌ وایه‌ ئه‌مه‌ شتێكی‌ لۆژیكیه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویستیان به‌بوونی‌ دینه‌كان هه‌بێت.
4ـ ئه‌دیسۆن داهێنه‌ری‌ گڵۆپی‌ كاره‌بایی‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌یش هه‌بوو، به‌ڵكو داهێنه‌ری‌ ئه‌و گڵۆپه‌ كاره‌باییه‌ به‌كارهاتووه‌ هه‌یه‌ كه‌ توانای‌ به‌رده‌وامبوونی‌ هه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ درێژ.
5ـ خاوه‌نی‌ 1.093 داهێنانی‌ تۆماركراوه‌.
6ـ ته‌مه‌نی‌ له‌خوێندنگه‌دا چه‌ند مانگێكی‌ تێنه‌په‌ڕاندووه‌، به‌ڵكو دایكی‌ له‌ماڵه‌وه‌ فێری‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ش وایلێكردوه‌ بڵێت (دایكم ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ دروستی‌ كردم، ئه‌و له‌سه‌ر حه‌ق بوو، بڕوای‌ پێم هه‌بوو، هه‌ستم كرد مرۆڤێك هه‌یه‌ كه‌ نابێت چاوه‌ڕوانیه‌كانی‌ تێكبشكێنم، شتێك هه‌یه‌ كه‌پێویسته‌ له‌پێناویدا بژیم).
7ـ له‌سه‌ره‌تادا وه‌ك كارپێكه‌ری‌ ته‌له‌گراف كاری‌ ده‌كرد، ماوه‌یه‌كیش له‌ ویسترن یونیۆن كاری‌ كردووه‌، پاشان له‌ئاژانسی‌ ئه‌سۆشیتد پرێس (AP)ی‌ هه‌واڵیی‌ وه‌ك فه‌رمانبه‌ری‌ كارگێڕی‌ كاری‌ كردووه‌، به‌رده‌وام داوای‌ كاری‌ له‌شه‌فتی‌ ئێواراندا ده‌كرد تا به‌ڕۆژ خۆی‌ ته‌رخان بكات بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌، رۆژێكیان به‌هه‌ڵه‌ هه‌ندێك له‌مادده‌ی‌ ترشه‌ڵۆكه‌كانی‌ له‌ ئۆفیسی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ رژا، ئه‌مه‌ش وای‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ كرد كه‌ته‌نها شتێك بیكات به‌رامبه‌ری‌ ئه‌وه‌بوو ده‌ریبكات.
8ـ دووجار ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ پێكهێناوه‌ (ژنی‌ یه‌كه‌می‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌)، 6 منداڵی‌ هه‌بوو، یه‌كێكیان 80 داهێنانی‌ تۆماركردووه‌، یه‌كێكی‌ تریشیان گه‌یشتۆته‌ پۆستی‌ حاكمی‌ نیوجێرسی‌، به‌ڵام ئه‌وانی‌ تر ده‌ستكه‌وتێكی‌ وایان نه‌بووه‌.
9ـ له‌به‌ناوبانگترین داهێنانه‌كانی‌ تری‌ ئه‌دیسۆن، (فۆنۆگراف) بووه‌، كه‌ كۆنترین ئامێر بووه‌ به‌كارهاتووه‌ بۆ تۆماركردن‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ ده‌نگ، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین كامێرای‌ وێنه‌ی‌ جوڵاو كه‌ به‌ بناغه‌ی‌ گه‌شه‌كردنی‌ ڤیدیۆو ته‌له‌فزیۆن داده‌نرێت، هه‌روه‌ها ئه‌دیسۆن یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌ی‌ تاقیگه‌یه‌كی‌ ته‌واو بووه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ پیشه‌سازیه‌كان.
10ـ ئه‌دیسۆن به‌درێژایی‌ ژیانی‌ رووبه‌ڕووی‌ چه‌ندین ره‌خنه‌ی‌ توندبۆوه‌، له‌وانه‌ش، تۆمه‌تباركردنی‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و بزنسمانه‌، تۆماس خۆی‌ ئه‌مه‌ی‌ ره‌تنه‌ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ده‌دا كه‌ ئه‌و هه‌موو داهێنانێك ده‌كات له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی‌ پاره‌دا، به‌ڵام ده‌شیگوت (بۆ ئه‌وه‌ی‌ یارمه‌تیم بدات له‌داهێنانی‌ زیاتردا)، ئه‌مه‌ش وایكرد كاتێك كۆچی‌ دوایی‌ كرد وه‌ك كه‌سێكی‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند كۆچی‌ دوایی‌ بكات.

سه‌رچاوه‌ كورد فۆتۆ

درێژه‌ی بابه‌ت

دوای 18ساڵ هاوسه‌رگیری بیری ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیریان ده‌که‌وێته‌وه‌!

Kurd Photos

دوای 18ساڵ هاوسه‌رگیری بیری ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیریان ده‌که‌وێته‌وه‌!

بۆ یه‌که‌مجار دوای 18 ساڵ خێزانه‌که‌ی نانی ئێواره‌ی زۆر خراپ دروست کردبوو هه‌ندێکی سوتا بوو ،هه‌ندێکی تری زۆر کوڵابوو یان نه‌کوڵا بوو ،زه‌ڵاته‌که‌ خوێی زۆر بوو!
له‌سه‌ر مێزی نان خواردن پیاوه‌که‌ هیچ قسه‌یه‌کی نه‌کرد کاتێ نانی ده‌خوارد!
دوای ته‌واو بونی نان خواردنه‌که‌یان ،ژنه‌که‌ له‌ چێشتخانه‌که‌دا خه‌ریکی شوشتنی قاپه‌کان بوو،
هاوسه‌ره‌که‌ی هاته‌ لای و نێوچه‌وانی ماچ کرد و پێکه‌نی!
ژنه‌که‌ باوه‌ڕی نه‌ده‌کرد هه‌ڵوێستێکی له‌و جۆره‌ی هه‌بێت و به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ وتی:ئه‌مه‌ له‌به‌رامبه‌ر چی؟
پیاوه‌که‌ پێی وت:ئه‌مشه‌و بیری ڕۆژه‌کانی سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیریمان که‌وته‌وه‌ کاتێ تۆ تازه‌ بوک بویت و زۆر نێوانمان خۆش بوو و پڕ بوو له‌ سۆز و ئه‌وین ، چێشتت باش نه‌ده‌زانی هه‌موو کات که‌م و کوڕی هه‌بوو!.
بۆیه‌ ئه‌مشه‌و ویستم هه‌مان کات دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌،بیری ئه‌و ساته‌ شیرینه‌ بکه‌ینه‌وه‌!
به‌ڵێ هاوسه‌ری باش ده‌بێ به‌مجۆره‌ هه‌ڵه‌کانی هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ره‌و لایه‌نی ئه‌رێنی ببات و بیکاته‌ هۆیه‌ک بۆ خۆشتر کردنی ژیانیان چونکه‌ باشترینی موسڵمانان ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ باشه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی.
وا له‌ خێزانه‌که‌ی ده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌و که‌سێکی زۆر تایبه‌ته‌ لای ئه‌و!

سه‌رچاوه‌ كورد فۆتۆ

درێژه‌ی بابه‌ت

نیوه‌ په‌یوه‌ندی مه‌كه‌..!!!

Kurd Photos

پەیوەندی لەگەڵ ئەوانەدا مەگرە کە نیوە عاشقن، باوەر بەوانە مەکە کە نیوە هاوڕێن، خوێنەری ئەوانە مەبە کە نیوە داهێنەرن، نیو ژیان مەژی، نیو مردن مەمرە، نیو چارەسەر هەڵمەبژێرە، لە ناوڕاستی حەقیقەتا مەوەستە، نیو خەون مەبینە، خۆت بە نیو هیوادا هەڵمەواسە، کە بێدەنگ بوویت، بێدەنگبە تا کۆتایی، کە قسەت کرد، قسەکە تا کۆتایی، بێدەنگ مەبە بۆ ئەوەی قسەکەیت، قسە مەکە بۆ ئەوەی بێدەنگ بیت، گەر رازی بویت، هەموو رازیبوونەکەت پشاندە نەک نیوەی، گەر رازیش نەبوویت، رازینەبوونەکەت بە تەواوی پشاندە چونکە نیو رازینەبوون رازیبوونە، نیو پەرداخ ئاو تینوێتیت ناشکێنێت و نیو ژەمیش تێرت ناکات، نیو رێگا ناتگەیەنێتە هیچ شوێنێک، نیو بیرۆکە هیچ ئەنجامێکت ناداتێ…
نیو، ساتی بێتواناییتە و تۆش بێتوانا نیت، لەبەر ئەوەی تۆ نیو مرۆڤ نیت…
تۆ مرۆڤیت…
فرسەتی ژیانێکی تەواوت هەیە، نەک نیو ژیان….!!

جبران خلیل جبران

سه‌رچاوه‌ كورد فۆتۆ

درێژه‌ی بابه‌ت

ئه‌و منداڵه‌ی ئامۆژگاری كردم

Kurd Photos

ئه‌و منداڵه‌ی ئامۆژگاری كردم…

مامۆستایه‌ك پرسیاری له‌ قوتابییه‌كی پۆلی یه‌كه‌م كرد: ئه‌گه‌ر سێوێك و سێوێك و سێوێكت بده‌مێ چه‌ند سێوت له‌لایه‌؟
قوتابییه‌كه‌ به‌وپه‌ڕی متمانه‌ به‌خۆبوونه‌وه‌ وتی چوار سێو!
مامۆستا وای زانی قوتابییه‌كه‌ له‌پرسیاره‌كه‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌ یان باش گوێی لێنه‌بووه‌ بۆیه‌ بۆی دووباره‌كرده‌وه‌…
قوتابییه‌كه‌ كه‌مێك بیری كرده‌وه‌و به‌ده‌سته‌ بچكۆله‌كانی سێوه‌كانی ژماردن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی راستی ده‌ستكه‌وێت. به‌ڵام هه‌ر هه‌مان وه‌ڵامی ده‌ستكه‌وت، ئه‌مجاره‌یان به‌دوودڵییه‌وه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌:چوار!
مامۆستاكه‌ زۆر بێتاقه‌ت بوو به‌ڵام نائومێدنه‌بوو، ئه‌مجاره‌یان پرسیاری پرته‌قاڵی لێكرد، چونكه‌ منداڵان حه‌زیان له‌پرته‌قاڵه‌،
لێی پرسی: پرته‌قاڵێك و پرته‌قاڵێك و پرته‌قاڵێكت بده‌مێ چه‌ند پرته‌قاڵت لایه‌؟
منداڵه‌كه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌: سێ پرته‌قاڵ.
مامۆستاكه‌ قوتابییه‌كه‌ی هاندا كه‌وه‌ڵامه‌كه‌ی راسته‌و پرسیاری سێوه‌كانی لێكرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌رهه‌مان وه‌ڵامی پێشووی دایه‌وه‌: چوار سێو!
مامۆستاكه‌ هاواریكرد به‌سه‌ریدا باشه‌ سێوو پرته‌قاڵ چ جیاوازییه‌كان هه‌یه‌؟
منداڵه‌كه‌ به‌ده‌نگێكی ترساوو نزمه‌وه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌: ئاخر من سێوێكم پێیه‌ له‌ناو جانتاكه‌مدا!
بۆیه‌ ئاگاداربه‌ كاتێك كه‌سێك وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌و جیاوازه‌ له‌و وه‌ڵامه‌ی تۆ پێشبینیت كردوه‌ بڕیارمه‌ده‌ كه‌ئه‌و وه‌ڵامه‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵكو شتێك هه‌یه‌و تۆ له‌پێش چاوت نه‌گرتووه‌، پێویسته‌ باش گوێ بگری بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ی، وه‌گوێ مه‌گره‌ له‌كاتێكدا بیرۆكه‌یه‌ك و بۆچوونێكی پێشوه‌خته‌ت بۆ ئاماده‌كردووه‌.
وه‌رگێڕانی: به‌ختیار عه‌بدولڵا

سه‌رچاوه‌ كورد فۆتۆ

درێژه‌ی بابه‌ت