کام ڕیفراندۆم ودەوڵەتی سەربەخۆ؟

Sabah Raji

مەهدی خالید خەمبار:
ئەفسوس کە قەدەروموقەدەراتی گەل لە ئێستادا کەوتۆتە ژێرباری ڕەحمەتی ئەم سەرکردانە وئەم کادیرە عەسکەریو ڕێکخستنە حیزبیانەی دوێنێو سیاسەتمەدارانی عەیار ٢٤ ئەمڕۆ کە بەئارەزوی خۆیان گەمەی پێدەکەن.
ئەمەو بێسەرەوبەرەیی و گەندەڵی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی حوکمڕانیو بەڕێوەبردنی وڵاتیان دوچاری ئیفلیجی کردوە.
گەورەکانم! لەڕادەبەدری فرتو فێڵو چاوبەستەکێو سیناریۆو گەمەسیاسیو کۆبونەوە و لیژنەکانتانو هەڕەشە و هەتککردنو تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان و ژنان کەڕۆژانە دەیانبینین و دەیانبیستین هەموانی نوقمی بێهیوایی و بێبڕوایی و بێمتانەیی و ترسکردوە و بەئاستێکی ئیجگار مەرسیدار گەیشتوە.
گەورەکانم! پێویستە ئیترلەوە بگەن کە جامی ڕقی جەماوەر پڕبوە وچیترمتمانە بە قسە و بەڵێن و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیتان ناکات.دروستبونی بێمتمانەیی لای بەشێک لە هاونیشتیمانیانی کوردستان بە ڕیفراندۆم و ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیە کوردیەی کە لە ڕابردودا ڕوبارێک خوێن و فرمێسکی لە پێناودا ڕژاوە و گەورەخەونی هەمو تاکێکی کوردبوە،ئەمەشیان لەبێبنەماییەوە سەرچاوەی نەگرتوە
پەکخستنی پەڕلەمانو ڕێگری لە دکتۆر یوسف و ناردنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ ئەودیوی دێگەڵە،بەدڵنیاییەوە بێمەبەست و بێدیراسەکردنێکی وردی پارتی نەبوە،بەڵکو ئامانج لێی لێدانبو لەودەزگا چاودێریە شەرعیەی کە چاودێربو بەسەر بەشێک لە کەینوبەینەکانی حکومەت و دامودەزگاکانیترەوە،بەمەش توانی مس بتاوێنێتە نێو قوڕگو چاوی ئەوانەی لە پەڕلەماوە چاودێری پۆخڵەواتەکانی حکومەتو سەرۆکایەتیان دەکرد،ئیتر دەسەڵاتو گەندەڵکارانو تاڵانچیان بە ئارەزوی خۆیان کەوتنە تەخشانو ڕەخشانکردن و دزینی سەرخان و ژێرخان و قوتی میللەت و گواستنەوەیان بۆ بانکەکانی دونیا.
لەم کاتێکدا کە (پەڕلەمان هێشتا کارا نەکراوەتەوە،ژمارەیەک وەزارەتخانە بێوەزیرن، سیاسەتی برسیکردن میلەتی پەرێشانکردوە،پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردونەبونی یەکڕیزی نیشتیمانیو فرەخیتابی سیاسی،بەردەوامی هەژمونی تاک حیزبی و بنەمالەیی بەسەر هەمو هەوڵەکانی چاکسازی و بڕیارەکاندا،کەمتەرخەمی ئەدای دیبلۆماسیەیی کوردی لە بەدەستخستنی کۆدەنگی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دژایەتیکردنی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان وڵاتانی دراوسێ لە ئەنجامدانی ڕێفراندوم،لۆژیک پاشگەزبونەوە کە ڕەنگە لە کۆتادا پەنای بۆببردرێت بەچارەسەر دەزانێت،کەچی مکوڕبونی پارتی و بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم،یان ئەوەتا دوبارەبونەوەی مێژوە و سیناریۆکەی داگیرکردنی کوێت و دەرپەڕاندنی عێراق لێی نوێدەکرێتەوە!
ئاخرگەلۆ ئەبێ ئەنجامدانی ڕێفراندۆم لە نێو ئەم هەمو ئەگەرە مەترسیدارەدا چ سەرکەوتنێک تۆمار بکات؟لە ئەگەری بونی پێشتوانی وێتێکی خاوەن بڕیاریشدا بەتەنها دورنیە نەبێتە هەڵاسانی شەڕێکی گەورەو کارەساتباری لێنەکەوێتەوە،
یانیش ئەوەتا خۆی لە گەمەیەکی سیاسی حیزبێکووڵاتێکی دەرەکیدا دەبینێتەوە پێکەوە دوا بزمار لە تابوتی دەوڵەتی کوردی دەدەن !
بەڕای بەندە ئەنجامدانی هەر شێوە ڕێفراندۆمێک لەم ئانوساتەو بێئەوەی پەڕلەمان کارابکرێتەوەو بێئەوەی چارەسەری بنەڕەتی قەیرانەکان و پرسی برسێتی و بێموچەیی بکرێت،بەدڵنیاییەوە جەماوەرەکەی کوردستان دابەشی سەر دوو بەرەی دژبەیەک دەکرێت و بەدوریشی نابینم پەل بۆ ڕودانی بەریەک کەوتن و توندوتیژی نەهاوێت!
پارتی بە ڕێگری لە سەرۆکی پەڕلەمان و ناردنەماڵەوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە ڕێگەی هێزەوە توانی باڵانسی هێز بەلای خۆیدا بخاتوهەموحیزبەکانیتربە یەکێتی نیشتیمانیشەوە ناچار بەوە بکات ڕو لە پیرمام بکەنو بەهەموشیان دکتۆر یوسفیان پێ ناگەڕێتەوە!
سەیرە لەو کاتەی کۆڕەو جیهانی هێنایە سەر خەت و کورد گەورەترین پشتیوانی بۆخۆی زامنکرد کەچی ڕێبەرانی حیزبەکان بۆ گفتوگۆەو خۆیان گەیاندە بەغدای بەعسی ئەو کاتە، ئەرێ خێربو لەخەمی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا نەبون؟ لەو کاتەی کەهەمو کورد متمانەی لەسەر دامەزراندنی پەڕلەمانی کوردستانو حکومەتی هەرێم هەلچنیبو،ئێوە بە هەڵگیرسانی شەڕی کورد کوژە دەوڵەتی کوردیتان لەبارتانبرد!لەو کاتەشی کە ڕژێمی بەعس لەناوبراو عێراق کەوتە دۆخی بێخودانیەوە،جیا لە کورد هیچ هێزێکیتر بونی نەبو،لەوکاتەش سەرانی کورد بەهەڵەداوان بەرەو بەهەشتی بەغدا بەڕێکەوتنو هێزە عێراقیەکانی نێو ئوتێلەکانی وڵاتانیان هێنایەوە سەرسفرەی حازری،هەر بیرتان لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نەدەکردەوە!لەو دەمەشی کە کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوە بزوتنەوەی ڕیفراندۆمیان دامەزراندو شەووڕۆژیان خستە سەریەک تا بتوانن زۆرترین واژۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەدەستبهێنن،پاشان گەیێندرانە بەغدای دەوڵەتی دەڵەمە،کەچی ئێوە کردتانە شاباشو پیاوەتی خۆتانوڕێزتان لەو هەمو واژۆیەی گەل نەگرت و ئەوهەوڵە گەورەیەی گەلیشتان نەزۆک کرد!
لە کۆتاییدا دەڵێم دەوڵەتی کوردی خەونی هەمو تاکێکی کوردە،دەستمان دامێنتان مەیکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حیزبیو مەیکە مێژویەک بۆ کەسێک و بنەماڵەیەک و حیزبێک، لەکاتەدا کە نیەت لێی ئەمەبێت ئەوا چاوەڕوانی نەچونە سەر سندوقی هەزارانی وەک من بکەن دەنگ بەو ڕێفراندۆمە نادەن و شکست دەخوات!!

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12757

سوڵتانی بەختەوەریی … !!!

Sabah Raji

حەمید عەزیز:

KONICA MINOLTA DIGITAL CAMERA

بەشی دەیەم

ئەوەی سەربەرزیی و شتێکی زۆر ئاسایی یە لەژیاندا کەمرۆڤەکان زۆربەیان هەژاربن لەڕوی مادی یەوە بەڵام دەوڵەمەندبن لەڕوی مەعریفەو زانستەوە . لەڕاستیدا نەبوونیی لەوڵاتە دواکەوتووسەقەتەکاندا ئاسایی یە . بەدڵنیایی یەوە هەژاریی عەیبە نی یە ئەوە ئاسایی نی یەو نەنگی یە کەهەژاریی بەعەیبە بزانیت … !!! .

درۆو نامیهرەبانی ڕۆژگاریان کورتەو لەهیچ باخی تەمەنێکدا گوڵ ناگرن و باخەوانیی پەشیمانی دەبن و زەرەری بوون و ژیان دەکەن بۆیە ئەگەر ناتوانن چاکە بڕوێنن کێڵگەی خراپەش مەبن دوربن لەئێش و ئازاری مرۆڤەکان خۆتان بەختەوەردەبن ئارام و دڵخۆش دەژین . بەپێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە ڕاستگۆو وەفاداربن دەچنە سەرتۆپکی مرۆڤایەتیی هەرچەندە ڕاستی تۆزێک درەنگ دەکەوێت بەڵام لەگەڵ خۆیدا ئاسودەیی دێنێت بۆیە ڕاستی یەکان شاردنەوەیان مەحاڵەو حەقیقەتی مرۆڤی باشەو سەرکەوتنی بەدواوەیە لەگەڵ ئەوەشدا پشت کردنە درۆو نامیهرەبانیی سەرفرازیی و بەختەوەریی دەکاتە میوانی هەمیشەیی و مرۆڤهای ڕاستگۆو میهرەبان لەئەنجامدا پلەی بەرزی سوڵتانی بەختەوەریی دەبێتە میوانی هەمیشەیی کۆشکە ڕازاوەو بەهەشت ئاساکەیان .
زۆرجار دەنگە دەنگ و قەرەباڵغیی و خەڵکانیی زۆرو بەتایبەت ناحاڵی ئازارمان دەدەن بۆیە پەنابردن بۆ تەنهایی و کەژی بێدەنگیی هەندێکجار زۆر پێویستە . ئەگەر تەنهایی بەراورد بکەین لەگەڵ مرۆڤی ئازاردەرو بێ وەفاو نامیهرەبان ئەوە بەدڵنیایی یەوە تەنهایی جوانترین و بەوەفاترین هاوڕێ و هاودەمە .

هەرگیز کەم دەستی و هەژاریی نەنگی و عەیبە نی یە بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرمایەو سامان و ماڵێکی زۆری ناشەرعی جێگەی شەرمە بۆیە لەڕاستیشدا هەژاریی نەنگیی نی یە بەڵکو شەرمەزاریی ئەوەیە کەهەژاریی بەعەیبە بزانیت لەڕوی فکرێکی سەقەتی ئوستوقراتیانەی مرۆڤە نەخۆشەکانەوە . بۆ بەختەوەریی پێویستمان بەسەروەت و سامانی زۆر نی یە بەپێچەوانەوە ماڵ و سامانی دونیا بۆ بەڕێ کردنی ژیانەو ئەوەی مرۆڤی پێ دەوڵەمەند دەبێت مەعریفەو جوڵەی فکریی و بیری جوان و ڕۆحی پاکە بۆیە زۆرجار هەژارەکان بەختەوەرترن لەدەوڵەمەندو سەرمایەدارەکان زۆربەی هەژارەکان بەسادەیی دەژین بۆیە کێشەکانی ژیانیان سادەن و سەرمایەدارو خاوەن سامانەکان کێشەی گەورەتریان هەیەو زۆربەیشیان لەبەر کێشەو ناڕەحەتیی فریای ژیانیش ناکەون ئەوە خۆشەویستی هەر زۆر دورن لێی چونکە ئەوان دڵیان بەسامان و ماڵی دونیا بەخشیوە لەوەش خراپتر ژیان لەپارەوە دەبینن و هەرچۆن مەلایەکیش دونیا لەئاینەوە دەبینێت کەئەوە هەڵەیەکی گەورەیە .

دوو جۆر لەئادەمیزاد هەن ناجۆرو نابوت و نامرۆڤن :
یەکەمیان : ئەو مرۆڤانەی دەزانن و قسە ناکەن .
دووهەمیان : ئەو مرۆڤانەی نازانن و قسە دەکەن .
ئەوی لەجۆری یەکەمە ئەو کەسانەن کەترسنۆکن و ناتوانن بەرگریی لەخۆیان و خەڵکانیتری بەشخوراو بکەن هەمیشە کۆیلەو نۆکەرن . ئەوی لەجۆری دووهەمە کەسانی گێل و نەفام و ناحاڵین لەوەش خراپتر ئەوەیە خەڵکیش بەگێل و سەقەت تێدەگەن چونکە سروشتی مرۆڤەکان بەو شێوەیەن کەخۆیان چۆن بوون دونیاو دەوروبەر بەو جۆرە دەبینن هەربۆیە کەسانی باش وادەزانن دونیا شامی شەریفەو یەک خراپی تێدا نی یە دووەمیشیان بەپێچەوانەوە .

٢٠١٧/٠١/٢٠

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12755

پاڵپشتی هەڵوێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانم دەربارەی ڕیفراندۆم

Sabah Raji

حەمە غەفور:

ئەمڕۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەڵوێستی دروست و ڕون و ڕاشکاوی خۆی سەبارەت پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە بەیاننامەیەکی تۆکمەدا ڕاگەیاند. ئەم هەڵوێستەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، وەکو لە ڕاگەیاندنەکەشیدا هاتوە، درێژەی سیاسەتی دروست و پەسەندکراوی ٢٢ ساڵ پێش ئێستایەتی و پاڵپشتە بە تەرحێک کە ئەو کات مەنسور حکمەت خستییەڕو بۆ چارەسەری کێشەی لە مێژینەی کورد و کۆتایی هێنان به سەرگەردانی سیاسی و نادیاری و هەڵواسراوی چارەنوسی کوردستان لە چوارچێوەی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوسای عێراق و ناوچەکە و جیهانیشدا. یانی ئەمەی کوردستان نە خۆی وڵاتێکی بە ڕەسمییەت ناسراو بو لە ئاستی جیهانیدا – ئێستاش هەروایە – نە بەشێکی واقعیش بو لە عێراق و دەبوایە وەڵامێکی واقعی پێ بدرێتەوە. لە ڕوانگەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە، چ ئەوسا و چ ئێستاش کورتترین و سەرڕاستترین چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ ڕای هاوڵاتیانی ناوچە کوردنشینەکانی عێراق لە ڕیفراندۆمێکی گشتیدا بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن. ئایا دەیانەوێ لەگەڵ عێراق بمێننەوە یاخود جیادەبنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دروستدەکەن! بەڵام پرسی چارەنوسی کوردستان وەکو کارتێکی فشار و گەمەی سیاسی دەستی پارتی و یەکێتی بۆ شەریکبون لە دەسەڵاتی ناوەند لە ڕێگای فیدڕاڵیزمەکەیانەوە بەکارهات و ئاکامەکەشی ٢٦ ساڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵان و بڕۆی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان بو بۆ خۆیان و دەوروبەریان. ئەمە با شەڕی ناوخۆ و دوئیدارەیی و دەسەڵاتی حزبی و سات و سەودا لە پشتی سەری خەڵکەوە با لەولاوە بوەستێ!

ئێستاش لە کاتێکدا وەزعی سیاسی جیهان و ناوچەکە و عێراقیش گۆڕاوە، پارتی و یەکێتی بە گوێرەی بەرژەوەندی ئیستایان هاتونەتە پای ڕیفراندۆم و بڕیاریان داوە ئەنجامبدرێ، بە دروست حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەر بەڕێوەچونی پرۆسەی ڕیفراندۆم و سیاسەت و پێشنیاری خۆی پێداگری دەکات بە ئامانجی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم لە قازانجی خەڵکی کوردستان.

وەک چۆن زیاد لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر من وەکو کۆمۆنیستێک باوەڕی تەواوم بە یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کوردستان بوە لە ڕێی گەڕانەوە بۆڕای هاوڵاتیان لە ڕیفراندۆمێکی گشتیدا و کار و چالاکیم ئەنجامداوە لەپێناویدا، وە ئەم دواییانەش ڕاشکاوانە جەختم لە هەڵوێستی تایبەتی خۆم بە نوسینی وتار و کۆمێنتی سیاسی کردۆتەوە وەکو درێژەدانم بە هەمان هەڵوێستی پێشوم، بۆیە بە هەمو توانای خۆم پاڵپشتی لە هەڵویستی ڕاگەیەنراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەکەم. هەروەها داوا لە گشت کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوانی کوردستان و کۆمۆنیستەکان و چەپەکان و ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانیان دەکەم وەکو من پاڵپشتی لە سیاسەتی ڕاگەیەنراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بکەن لەپێناو بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و دەنگدان بە کوردستانێکی سەربەخۆ، کوردستانێک کە دەوڵەتێکی سیکیۆلار و ناقەومی و نامەزهەبی مۆدێرن لەباری سیاسی و ئیدارییەوە بیبات بەڕێوە. چونکە چارەسەری کێشەی کورد و یەکلابونەوەی دواڕۆژی سیاسی کوردستان دەرفەت و دەروازەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ کێشمەکێشی بەردەوام و هەمەلایەنەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە دژی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و سەرمایەدارانی کۆردستان.

١٩حوزەیران ٢٠١٧

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12753

ریفراندۆم، پڕۆژە و هەوڵێکە بۆ جڵەوکردنی نارەزایەتی جەماوەری کوردستان!

Sabah Raji

عەبدوڵا مەحمود:
لە کۆبونەوەی زوربەی حزبەکانی کورستاندا کە بەم دوایانە بەسترا، بریاردرا، ٢٥/٩/٢٠١٧ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت… دیارە لەو کۆبونەوەیدا حزبی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداریان نەکرد، بەڵام بەشدار نەبوونیان بەمانای رەتکردنەوەی ریفراندۆم نەبوو، بەڵکو لەگەڵ شێوازی ریفراندۆمە ناکۆکیان هەیەو دەیانەوێت لەرێگای پەرلەمانەوە ئەم پرسە بجوڵێت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە پیشمەرجی ریفراندۆم دەزانن.
دیارە پرسی ریفراندۆم، سەبارەت “بە مانەوە لەگەڵ عێراق و جیابوونەوەو پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ” پرسێکی رەواو تەنانەت دواخراویشە… لە ساڵی ١٩٩١ وە، ریفراندۆم زەمینەی سیاسی و عەینی هەیە… لەوکاتەشەوە تا ئیستا ئەم پرسە بەشێوەی جۆراو جۆر هێنراوەتە ئارا. بە دیاریکراویی و لەساڵی ١٩٩٥ دا، مەنسوری حیکمەت وەکو یەکەمین کەس لە نوسراوێکدا لە ژێر ناوی “لەپیناو داکۆکی کردن لەخواستی سەربەخۆیی کوردستانی عیراقدا” بەوردی پێداویستی و هۆکارەکانی دەستبردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستنیشان دەکات و ریفراندۆمیش وەکو شیوازو ئەلگۆیەک بۆ خستنەگەری ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەخاتە روو، هەر ئەوکاتە و لەبەر رۆشنایی ئەو باسەی مەنسور حیکمەتدا، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بەبڕیارنامەیەک سەرخەت و هەنگاوە عەمەلیەکان و شیوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم پەسەند دەکات… ئەو کاتە کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەست دەداتە چالاکی بەکردەوە و مەیدانی بۆ پرسی ریفراندۆم، لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە نەک هەر رێگری لێدەکرێت، بەڵکو دادگا!! لە حزب دەگرن و تاوانباری دەکەن بە هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و پارچەپارچەکردنی عێراقی عەزیز!!.
تا ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی رژێمی بەعس لەدەسەڵات، حزبەکانی دەسەڵاتی داری بۆرژوازی کورد، بەهەموو شیوەیەک بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و روبەرووی هەر دەنگ و هەوڵیکی جدی دەبن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ… لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە، کارتی جیابوونەوەی کوردستان، لەلایەن سەرکردایەتی حزبە دەسەڵات بەدەسەتەکانی کوردستان و حزبەکانی پاشکۆیان دەبێتە کارتێکی بەردەوامی گوشار لەسەر بەغدا، بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندو بەشی پۆست و داهات و رەویەتی وەرگرتن بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا… لەو کاتەوە تا ئەمساڵ، لەگەڵ هاتنە پێشی هەر پێشهاتێکی تازەدا، لەگەڵ قوڵبونەوەی هەر ناکۆکۆکیەکدا لەگەڵ بەغدا لەسەر هەر پرسێک بەتایبەتیش پرسی پارەو داهات و پۆستدا، دوبارە هەرەشەی جیابوونەوەی کوردستانیان بەدەستەوە گرتووە، لە ئیستاشدا کە کۆتاییهێنان بەتوانا سەربازییەکانی داعش لە عێراقدا بەرەو کۆتایی دەروات و ئەمەش برگەیەکی تر و نوێ لە ژیانی سیاسی عێراق، بەدوای خۆیدا دەهێنێت… ئەم جارە نەک پرسی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو پرسی ریفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردەوە بەدەستەوە دەگیرێت… هۆکارەکانی هینانە ئارای ئەم پرسە زۆرن، بەڵام سەرەکی ترینیان بریتین لە: هاتنەوە ئارای کێشە نێوان هەریم و بەغدا، کە بەهۆی شەری داعشەوە هەڵپەسێردرابوون، لەوانە مەسەلەی( بودجە، سەرژمیری، ناوچەی کێشە لەسەر، یاسای نەوت و غاز، مادەی سەدو چل، سنور و کیشەی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی،..تان). لەدەستدانەمانی فاکتەری قارەمانیەتی پێشمەرگە!!لەجەنگ لەگەڵ داعش و لاوازبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە پێشمەرگە… بنبەستبوونی یەکجاری حکومەت!! وپەرلەمان!! و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگاو ویستەکانی هاوڵاتیان… خەڵک توانای بەرگریکردنی نەماوەو خەریکە بەتەواوەتی پەتی سەبریان دەپچرێت و دەسەڵاتی سیاسییش بە حکومەتی هاوبەش و زوربەو بنکەفراونەوە، توانای وەڵامدانەوەی بە هیچ کام لە خواستە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە و تورەیی جەماوەری بەشوێنێک گەیشتووە، کە خەڵک ئەم دەسەڵاتە وەکو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو بنەماڵەیی دزو تاڵانچی و دیکتاتۆر تەماشا دەکەن… هەروەها قڵشتی نیوان ریزەکانی خانەوادی بۆرژوازی کورد، بەرەو قوڵبونەوەو بن بەست پەلکیش کراوە… هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ هێنانە ئارای پرسی ریفراندۆم بۆ رزگارکردنی دەسەڵات و خانەوادەی بۆرژوازی کورد، لەبەردەوم تورەیی و نەفرەتی پەنگ خواردویی جەماوەریدا… دیارە ئەگەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی و پێکهێنانی دەوڵەت بوایە… ئەو دەوڵەتە ناوەرۆکەکەی هەرچۆنێک بوایە، لە دەسەڵاتی میلیشیایی لە پێشترو باشترە. هەروەها ناوەرۆکی یاساکانی ئەم دەوڵەتە هەرچۆنێک بێت، لە بێ یاسایی باشترو لە پێشترە… واتە جیابوونەوەری کوردستان و پیکهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆ بەجیا لە ناوەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و یاساکانی، هەنگاوێکی لە پێشترو باشترە لە جیگای دەسەڵاتی میلیشیایی و نەبوونی هیچ جۆرە یاسایەک…دیارە ئەمە بەو مانایە نییە بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتنخوازو چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەوڵ و تێکۆشانی زۆر بەکردەوەو ئامانجدارانە نەگێرن بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی شارستانی و سەدەمی و یاساو ریسای پێشکەونخواز تیایدا جێگیر بێت و بەرێوەبردنی وڵات پشت بەستوو بێت بە دەسەڵاتی راستەوخۆی ئازادانە جەماوەری… بەڵام راستی ئەوەیە، گوتاری ریفراندۆم لە ئیستادا کە گوتاری پارتییە، بۆ سەربەخۆیی نییە، بۆ پاشەکەوتکردنی ئاکامی ریفراندۆمە بۆ بەدەستەوەگرتنی بۆ سات و سەودا لەگەڵ بەغداو وڵاتانی ناوچەکەو، بۆ سازدانەوەی ناو ماڵی کورد!! و لەهەمووشیان گرنگتر، بۆ جڵەوکردنی نارەزایەتی و تورەیی جەماوەری ستەم دیدەی خەڵکی کوردستانە… ئەگەر ساڵی ٢٠٠٩ بزوتنەوەی گۆران توانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەلکی کوردستان جڵەو بکات و سواری شەپۆل و تورەیی لیوان لێوای جەماوەری بێت دژی دەسەڵات، ئەوا ئەمجارە پارتی دەیەوێت لە رێگای هێنانەمەیدانی پرسی ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، سواری شەپۆلی نارەزایەتی جەماوەری بێت و بۆ دەورەیەک پاشەکشە بە بزوتنەوەو تورەیی جەماوەری بکات. خەڵکی هۆشیارو پێشکەوتنخوازی کوردستان، دەبێ بە درێژەدانیان بە خەبات و خۆرێکخستن و خۆ جیاکردنەوەیەیان لە ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئەم پلانگیرییە پوچەڵ بکەنەوەو فریوی هاش و هۆشی ریفراندۆم نەخۆن و لە درێژی ئەو خەباتەشیاندا، بزوتنەوەیەکی فراوانی ملیۆنی لەخوارەوەی خەڵک بۆ ریفراندۆم و بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی سکیولاری غەیرە قەومی، وەرێبخەن…

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12751

بۆچی ڕیفراندۆم لەپێشترە

Sabah Raji

حەمە غەفور:
ڕیفراندۆم یان ڕاپرسی گشتی بۆ پرسێکی وەکو کێشەی کورد لە عێراق ئەوە دەگەیەنێ، هەر کەسێکی سەروی ١٦ ساڵ بە وەڵامی “بەڵێ” یان “نەخێر” بۆ پرسیاری بنەڕەتی ڕاپرسییەکە بەشداری دەکا و ڕۆڵی خۆی دەبینێ و مافی خۆی بە ئەرێنی یان نەرێنی تەحقیق دەکا. هاوڵاتی بە بەرجەستەکردنی هەڵوێستی خۆی لەبارەی مانەوە یان جیابونەوەی ناوچە کوردنشینەکان لە عێراق، لە فۆرمی “بەڵێ” یان “نەخێر”دا مافێکی ئاسایی خۆی پیادە و جێبەجێدەکات. مافێک کە لە سەد ساڵی ڕابردودا ژێرپێ خراوە لە هەردو بەرەی دەوڵەتی ناوەندی و حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانیشەوە. بڕیاری کۆتایی گشتپرسییەکە زۆرینەی بەڵێ یان نەخێر دەیبڕێنێتەوە. ئەو بڕیارەش کە براوەیە ڕەسمی و شەرعییەتی کۆمەڵایەتی و یاسایی دەبێ و هەمو لایەک پێویستە لەسەریان پابەندبن پێیەوە.
بێگومان هاوسەنگی هێزە سیاسییەکان و ڕیزبەندی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، چ لە ناوخۆی کوردستان چ لە دەرەوەی، کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەکەنە سەر پراکتیکبونی ئەو مافەی هاوڵاتی. وە لە ماوەی دیاریکراوی بەر لە ڕۆژی ڕاپرسی هەمو حزب و لایەن و کەسێک مافی ڕەوای خۆیەتی بە شێوەی شارستانی و لە ڕێی میکانیزمی مۆدێرن و سالمی دیموکراسیانەوە هەوڵی تەواوی خۆی بدات ڕای گشتی و هاوڵاتی بە پشتیوانی کردن لە “بەڵێ” یان “نەخێر” ڕازی بکات. تا ئامانجی سیاسی خۆی لەو دو ئاکامەدا جێگر و هەموار و بەرجەستە بکات. بەڵام بەپێی ئەرگۆمێنت و فاکتەری واقعی و زانستی هیچ بەرژەوەندی و بانگەشەیەک ئەمڕۆ ناتوانێ شان بدا لە شانی گەورەیی و بەهاو بەیەخی بڕیاری گشتی کۆمەڵگای کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی. چونکە تا بە ئەمڕۆش هەمو ئەو حزبانەی لە مەیداندان بە یار و نەیاری ڕاپرسییەوە، سەلماندویانە بە ئەزمون و کارنامەی تا ئێستایان کە مامەڵە و سات و سەودایان کردوە بەم مافەی هاوڵاتیان و بە بڕیاری ئەوانەوە، چ لە شاخ چ ئێستا. بۆیە ئێستا زەمانە و گۆڕانکارییەکان بەجۆرێک کەوتونەتەوە کە بڕیاری یەکلاکەرەوە کەوتۆتە دەستی ڕای هاوڵاتیان خۆیان، ئەویش لە ڕیفراندۆمێکی گشتیدا جێبەجێ دەکرێ.
هەر بۆیە کەمپی بەڵێ و کەمپی نەخێر هەردولایان، سەرەڕای هەر کێشەیەکی نێوانیان، سەرەڕای هەر ڕەخنە و تێبینییەکیان لەسەر ئەدا و کارنامەی سیاسی یەکتر بەناوی لایەنگری لە هاوڵاتیان و مافەکانیانەوە، دەکرێ و دەتوانن بانگەشەکانیان لەو چوارچێوەیەدا بەرنەپێشەوە دور لە ئیستیفزاز و هەڵخڕاندنی شەقام بۆ ئاشوب و تێکدانی ئاساییشی وڵات. چونکە پێش ڕیفراندۆم ئەم کێشە و نادادی و ستەمەی دەسەڵات هەر بوە، دوای ڕاپرسیش هەر دەمێنێ. بەڵام یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کوردستان دەروازەیەکی تازە دەکاتەوە بۆ سەرکەوتنی خەباتی خەڵک دژی دەسەڵاتی کوردی. لە مێژوی کوردستاندا تا ئێستا گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی هاوڵاتیان دەربارەی چارەنوسی کۆمەڵگا ڕوینەداوە و دەکرێ هەموان بە وردبینی و بەرپرسیارێتییەکی مەحکەمەوە سەیری ئەم ڕوداوە گرنگە بکەن، بە یار و نەیاری جیابونەوە هەردوکیان. هیچ شتێک ناتوانێ پاساوی لەباربردنی ئەم دەرفەتە بۆ تەحقیقبونی ئەم ماف و بڕیارەی هاوڵاتیان بدات.
بەمپێیە ڕای دانە دانەی هاوڵاتی ئەسڵ و بنەڕەتییە لەم پرۆسەیەدا، کە دواجار سەڕەڕای پاشخانی مێژویی بۆ سەربەخۆیی دوو دەرئەنجامی کۆتایی و گشتی بەڵێ یان نەخێر کۆتایی بە پرۆسەکە دێنێ. ئەو دەرئەنجامەش بڕیاری کۆمەڵگای کوردستان و دانیشتوانەکەیەتی بۆ مانەوە یان جیابونەوە لە عێراق. هەر حزب و هێزێکی سیاسی ئەگەر بەرنامەی بۆ گۆڕانکاری پۆزەتیڤ لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان هەیە، لۆژیک نییە بکەوێتە دژایەتی یان دوژمنایەتی کردنی بەرپاکردنی خودی پرۆسەی ڕاپرسیی. بەڵام دەکرێ سەر بە کەمپێکیان بێت و بە شێوەی ئوسوڵی کاری خۆت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەنجامبدەیت. سەرکەوتنی پرۆسەکە تەنیا نەتیجەکەی نییە کە بەڵێ بێت، چونکە هەر لە ئێستاوە و زۆر پێشتریش ڕون و ڕەوان دیارە کە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەیباتەوە. گرنگتر ئەوەیە کە ئەم بەڵێیە و ەئم بڕیارە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا ڕەوایەتی و شەرعییەتی خۆی وەرگرێ.
ئاوایە کە ڕیفراندۆم لە هەر حزبێک و دەسەڵاتێک و حکومەتێک و کەسایەتییەکیش مەزنترە و چارەنوسسازترە. چونکە کۆمەڵگایە جێگای هەمو ئەوانەی کردۆتەوە نەک بە پێچەوانەوە. بۆیە لەم بڕگەیەی ڕاپرسیدا هەمو ئەو کاراکتەرانە ئەرکیانە ملکەچی ڕاپرسی و ئەنجامەکەشی بن.
سەبارەت زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و هەڵوێستیان لە بارەی ڕاپرسییەوە، دەبێ بڵێین، بە گوێرەی مەنتیق و پتەوی واقعی کۆمەڵایەتی ئەوان لە دەرەوەی پرسی ڕیفراندۆمن. ئاساییە کە ڕا و سەرنج و رەخنەی خۆشیان بڵێن. بەڵام مافی هاوڵاتیان بۆ بڕیاردان لە ڕاپرسییەکی وادا لەجێی خۆی دەمێنێتەوە و سەرئەنجام هەر ئەو ڕایەش ڕەسمی و واقعی و شەرعی دبێ نەک ملاحەزە و هەڵوێستی پێش ئەنجامدانی ڕاپرسییەەک. چونکە دوای سەربەخۆییش هەر ئەو دەوڵەتانە ناچارن دانبنێن بە سەربەخۆیی کوردستاندا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیانیشدا بێت.

١٧ حوزەیران ٢٠١٧

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12749

ڕۆژی جــیــهــانی پــەنــابــەران لە کوردستان بەزڕاگیرا

Sabah Raji

ڕۆژی سێ شەمە ٢٠ حوزەیران ٢٠١٧ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرەوە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لقی کوردستان بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیانی دەریای ئیجە ونۆێنەرانی ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وژمارەیەک کەسایەتی و ئەندام پەرلەمان لە شاری سلێمانی لە چالاکیەکدا پەیامی فیدراسیۆنیان بۆداکۆکیکردن لە مافە جیهانیەکانی پەنابەران بەرز ڕاگرت .
سەرەتای چالاکیەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ هەموو ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگای هات ونەهاتی ژیانی پەنابەریدا بۆنەتە قوربانی ڕێز لێگرت دواتر ووتاری (فیدراسیۆنی پەنابەران)لەلایەن بۆتان محمد خوێندرایەوە. هەروەها ڕایپۆرتاژێکی ڤیدیۆی لەسەر کاروچالاکیەکانی فیدراسیۆن لەسەراسەری ولاتانی ئەوروپا وکوردستان و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران نمایش کرا،پاشان ووتاری لایەنەکانی بەشدار لەوانە(هاوپەیمانی نیشتیمانی سوری دەزگای تەندروستی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی…) خوێندرایەوە. کە سەرباری هاوپشتی و پشتیوانی خۆیان لە فیدراسیۆن، کاورچالاکیەکانیان بەرز نرخاند .
هەروەها ئاری جلال سەرپەرشتیاری گشتی لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە وتەیەکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند پەیامی فیدراسیۆنی بەبۆنەی ٦٦ هەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانی پەنابەرەوە ڕاگەیاند وهەروەها ئاماری تراژیدیایی مەرگی بەکۆمەڵی دەریایی پەنابەرانوئەوانەی گەیشتونەتە سنورەکانی ئەوروپا ئەوانەی تەرمەکانیان گەرینراوەتەوە کوردستان بەداتا خۆێندەوە وە لە کۆتایدا سێ خاڵی وەک داوکاری فیدراسیۆنی بەم بۆنەیەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستە ڕوو.
١-کاری جدیو بەپەلە بکرێت بۆ هەڵوەشادندوەی ئەو ڕیکەوتننامەیەیی نێوان حکومەتی عێراقی وحکومەتەکانی ئەوروپا بەژیان وچارەنوسی پەنابەرانەوە و ڕاگرتنی دیپۆرتی پەنابەران، کەلەڕابردوو و ئیستادا. بەشێک لەووڵاتان دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران. ئەمەش بۆتە هۆی دروست بوونی بارێکی دەرونی خراپ لای پەنابەران وە زۆر جار دەرئەنجامی ئەم شڵەژانە دەرونییە. تراژیدیای مرۆیی وەک خۆ کوشتنی لێکەوتۆتەوە نابێت ڕێگا بدرێت بەهاوکاری سیاسەتی دژی پەنابەری ولاتانی ئەوروپا وەرگرتنەوەی پەنابەران لە فرۆکەخانەکانی عێراق وکوردستان.
• کاری جدی بکرێت بۆ گەڕان و بەدواداچوون لەسەر چارەنوسی ئەو پەنابەرانەی کەتائێستا بێسەروشوێنن کە ژمارەیەکیان بە داتا لای ئێمە تۆمار کراون بەڵام پێشبینی دەکەین کە ژمارەیان لەو داتایەش زیاتربێت.
• کاری جدی بکرێت بۆباشترکردنی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەر لە کەمپەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ووڵاتدا و هاوکاری و کۆمەکی پێویستیان بۆ دابین بکرێت لە بوارە جیا جیاکاندا.
هەروەها لەلایەن هەریەک لە دەزگای تەندروستی شۆڕش و هاوپەیمانی نیشتیمانی سوری و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای هونەری لاوانی کوردستان بەخشرایە فیدراسیۆنی پەنابەران لەپای ئەو کاروچالاکیانی پێشکەشی پەنابەرانی کردووە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ووڵات.
شایەنی ووتنە ئەم چالاکییەی ئەمساڵ لە کوردستان بە سپانسۆری کۆمپانیای (دونیا دیکۆر) هاوکاری وپشتیوانیکرا وهەروەها هەر لەم چالاکیەدا پیشانگایەکی فۆتۆگرافی کە کارو هەڵسورانەکانی فیدراسیۆن لەدەرەوەناوەوەی کوردستان لە خۆدەگرت نمایشکرا وژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەگەل بەرپرسی فیدراسیۆن وکەسوکاری قوربانیەکان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی/ لقی کوردستان
٢١/٦/٢٠١٧

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12746

کوردایەتی و کوردبون و دەوڵەت

Sabah Raji

مەحمود عەبدوڵا:
کوردایەتی گوزارشت لەدۆخی سروشتی کوردبون ناکات، ئامرازێک نییە بۆ ئامانجێکی نەتەوەیی،ئەوە نەتەوەیە ئامرازێکە بۆ ئامانجەکانی کوردایەتی.بەدرێژایی مێژوو کورد لەسەر ئەم خاکە ژیاوە ،و هەستی نەتەوەیی هەبووە، بەو مانایەی هەستی جیاوازبوون لە ئەویتر ی هە بووە. ئەگەر کوردبوون پێدراوێکی سروشتی بێت، ئەوا ئێمە بەسروشت هەست ئەکەین کە زمان،کەلتور و داب و نەریتمان جیاوازە لەگەل هەر میللەتێکی تر.هەرچی کوردایەتییە دیاردەیە دیاردەش لە ئەنجامی هۆکارێک سەر هەڵدە دات و بەنەمانی هۆکارەکەی ئەویش نامێنێت .واتا ئەگەر زوڵم و ستەم بوبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەودیاردەیە”کوردایەتی”ئەوا دەبێت بەنەمانی زوڵم و سەتەم ئەم دیاردەیە بپوکێتەوە.
بەڵام ئاخۆ لە ئێستادا کوردایەتی زەرورەتی قۆناغە ،بەرئەنجامی زوڵم و ستەمێکە کە لەسەر کورد وەک نەتەوەیەک هەیە،یاخود هۆکارێکی ترهەیە لە پشت ئەم حەماقەتە نەژادییە،ئاخۆ ئەم هەڵچونەی کوردایەتی لە پێناو پاراستنی کورد بونە لە مەترسی نەمان،یاخود لە پێناو پاراستنی تاقمی کوردایەتییە. یان دەشێ بپرسین هەر لەسەرەتاوە کوردبوون دیاردەیەکە لە پێناو پاراستنی کوردبون؟یان نەخێر کوردایەتی دژی کوردبوبونە و زەرورەتی مانەوەی دەسەڵاتی میرە دەرەبەگەکان بوە و پاشان شێخەکان و تادەگاتە بنەماڵە ی بارزانی کوردایەتی پێویستی مانەوە ی دەسەڵاتی بنەماڵەکانە؟
ئاشکرایە کە ئەو بنەماڵانە هیچ شتێکیان پێنییە تا پێشکەشی کوردی بکەن ئەوان هەمیشە هۆکارێک بوون بۆ بەدبەختی زیاتر،پەرتبونی زیاتر،مردنی زیاتر بەشێک لە مەرگەساتەکانیشمان کاردانەوەن بەرامبەر کوردایەتی !بەڵام کوردایەتی لەدورەوە بەرامبەر مەرگەساتەکانمانبێباک بێباک وەستاوە و بەڵکو خۆشحاڵیش بون تا بەهۆی مەرگەساتەکانەوە ڕەوایەتی بۆخۆیان بەدەست بێنن. کاتێک تاڵە بانی دەڵێت :ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکیتر.کاتێک قەڵەم بەدەستەکانی پارتی لەدوای کارەساتی شەنگال دەنوسن :شەنگال دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری دەوڵەتی کوردی بکات. ئەم دەربڕینانە گوزارشتە لە ڕشتنی خوێنی کورد بۆ ئەوەی بکرێتە ئاشی کوردایەتی،تابڵێی نەزانانەو مناڵانەیە.بازرگانی کردنە بە کوردبونەوە. ئەوان تەنانەت لەڕاپەڕینەکەشدا نەیانتوانی بوو پێشتر پشتگیری نێو دەوڵەتی بەدەست بێنن،لەڕاستیدا ئەوەی دواتر ڕویدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی هەژاند کۆڕەو بوو،مەگەرگە ساتی نەتەوەیەک بوو،نەک خەباتی بزوتنەوەی کوردایەتی. سەیرکەن ئێستا دوای چارەگە سەدەیەک لە دەسەڵاتداریەتی بزوتنەوەی کوردایەتی گەورە شێخی کوردایەتی مسعود بارزانی پێی وایە دەبێت سەرکەشییەک ئەنجام بدات ئەگەر هاتوو بشمرین لە برسان.بارزانی دەڵێت گەر لێمان قەوماو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەهەژا ئەوە بابمرین.
بارزانی نازانێ سیاسەت دڵی نییە،سیاسەت عەقڵ و بەرژەوەندییە،تەنانەت لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا اخلاقیش نییە. ئەوە بەومانایە نییە کە ئێمە وەک میللەتی کورد حەزناکەین کورد دەوڵەتی هەبێت و سەربەخۆبێت،بەڵکو بەو واتایە دێت کە میللەتی کورد ئامادە نییە جارێکی تر لە ڕێگای مەرگەساتێکی ترەوە سەرنجی دنیا ڕابکێشێت و ئەوانیش بەرهەمەکەی بچننەوە.بەو مانایەیە کە بزوتنەوەی کوردایەتی افلاسی کردووە و بازرگانی بەخوێنی میللەتێکە وەدەکات. ئەمە واتا شکستیان هێناوە لە لۆبیکردن و دیبلۆماسیەت بۆیە جارێکیتر میللەت بەقەدەر و هات و نەهات دەسپێرن.
پێویستە تاکی کورد لەخۆی بپرسێت کوردایەتی لە ئەنجامی ئەم هەمو کارەسات و ماڵوێرانییە چی بۆهێناین بەدیاری؟ ئەگەر من وەڵام بدامەوە ئەوا دەڵێم دیاری کوردایەتی شەڕی ناوخۆ، سوپای داگیرکەر،برسیەتی، دابەشکردنی کۆمەڵگا،شارچییەتی، ڕق ، فەرهودکردنی سامانی گشتی،جاشایەتی بەربەریەتی بۆهێناین . لەبەرامبەردا ئێمە هەموو شتێکمان پێ بەخشین ،وڵاتێک بەخاک و خەڵکەوە،بە ئاو ونەوتەوە ئەوانیش تاڵانی دەکەن.ئەوان تەنیا ئەنفالیان نەکردووین،کێ ناڵێت گەر دەوڵەتیان هەبێت ئەوەش ناکەن.
ئەوە کوردایەتییە ناهێڵێت کورد سەربەخۆبێت،چارەگە سەدەیەکە حکومەت و پەر لەمان و هێزی چەکداریان هەیە بەڵام چارەگە سەعاتێک دەستیان لە پەیوەندی حیزبی و وابەستەیی تورکیاو ئێران بەرنەدا. هەر لە بەر مانەوەی خۆیان ئیرادەیان نەبوو،پەیوەندییەکانیان لە گەڵ حکومەتی تورکیاو ئێران پەیوەندییەکی ڕەسمی بێت،پەیوەندییەک بێت لە نێوان دوو حکومەت دا ،نەک پەیوەندی حیزبی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان لەسەر حیسابی داهاتوو پەیوەندی و بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان دە پارێزن. تا کوردایەتیش هەبێت،تا ئەم جەماعەتە سیاسەت بکات گەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەک پشتگیری هەر بادیاری دەوڵەتیان بداتێ لەسەعاتێکدا تێکی ئەدەن، و هێزی بیانی دێننە سەر دەوڵەتە سەربەخۆکەیان. بۆیە بارزانی لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی کوردستان دا نامرێت ،بازانی لە باشترین حاڵەتدا وەک والییەک دەمرێت.

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=12744