سودە گرنگەکانی خواردنی گەنمەشامی

razz

گەنمەشامی بە یەکێک لەو خۆراکانە دادەندرێت کە تامێکی خۆشی ھەیە و ھەرسیشی ئاسانە،لە ڤیتامین و ڕیشاڵ پێکدێت ، کالۆری بە ڕێژەیەکی کەم تێیدایە لە گرنگترین سودەکانیشی:

١-بەھۆی بوونی ڤیتامین H و دژە ئۆکسان تێیدا دەبێتە ھۆی ھێشتنەوەی پێست بە گەنجی،ڕێگری لە نیشانەکانی چونە تەمەن و دەرکەوتنی چرچ و لۆچی دەمووچاو دەگرێت.

٢-گەنمەشامی کارۆتینات و لۆتینی تێدایە ئەم دوو مادەیە کاردەکەن بۆ بەھێزبوونی چاو.

٣- ڕێژەیەکی زۆر لە (Polyphenols) تێدایە کە لە توانیایدایە ڕێگری لە دروستبوونی خانەی شێرپەنجەی بگرێت.

٤-دەوڵەمەندە بە مادەی ڕیشاڵی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی زیان بەخش کەمدەکاتەوە،کۆلیستڕۆڵی سود بەخش زیاد دەکات بەمەش پارێزگاری تەندروستی دڵ دەکات لە ڕەقەبوونی دەمارەکان و توشبوون بە جەڵدەی دڵ.

٥-ڕێژەیەکی زۆر کانزای تێدایە ھەربۆیە بۆ تەندروستی ئێسک بەسودە،دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی.

٦- ڕێژەی شەکر لە خوێندا ڕێکدەخات،خواردنی بۆ ئەو کەسانە بەسودە کە توشی نەخۆشی شەکرەبوون،دەتواندرێت لە پاڵ بەکارھێنانی چارەسەریەکان سود لە خواردنی گەنمەشامی ببیندرێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە.

٧-بۆ ئەو کەسانە بەسودە کە دەیانەوێت کێشی لەشیان دابەزێنن،چونکە کالۆری کەمە،ھەربۆیە خواردنی لە نێوان ژەمەکانی خۆراکدا یارمەتی دابەزانی کێشی لەش دەدات.

٨-ڕێگری دەکات لە توشبوون بە نەخۆشی لەبیرچونەوە،یارمەتیدەرە لە چالاکبوونی مێشکدا.

باشتروایە لە ڕێگای مایکرۆوە ئامادە نەکرێت و مادەی ڕەنگاوڕەنگی بۆ بەکارنەھێندرێت،ھەروەھا بڕێکی کەم ڕۆن و خوێی بۆ بەکاربھێندرێت.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat

نزیکەی ٣٥٥ ھەزار کەس شاری موسڵیان جێھێشتووە

helin

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکرد: لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ، نزیکەی ٣٥٥ھەزار کەس ئاوارە بوون.

دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی دوو شەممە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا و بەھۆی بەردەوام بوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە موسڵ، نزیکەی ٣٥٥ ھەزار کەس بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە.

وتیشی: لەماوەی رابردوودا، ٨١ ھەزار ئاوارە، لەدوای ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان لە موسڵ، گەڕاونەتەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پێشتریش، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو: بەھۆی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵ، نزیکەی ١٨٠ ھەزار کەس لە خۆرئاوای ئەو شارە ئاوارە بوون.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat

ئەم چەند خۆراکە بۆ تەندروستی چاو بەسوودە

helin

چاو بەیەکێک لەئەندامە ھەستیارەکانی جەستەی مرۆڤ دادەنرێت، توێژینەوەکان دەریان خستووە کە چەند خۆراکێک ھەیە بۆ تەندروستی چاو بەسوودە، ھەروەھا لە چەندین نەخۆشی دەیپارێزێت، لەوبارەیەوە سایتی ” توب ١٠ ھوم ریمیدیز” ناوی چەند خۆراکێکی بڵاوکردوتەوە کە بۆ تەندروستی چاو بەسوودن، خۆراکەکانیش بریتیین لە:-

١- سپێناخ.

٢- ماسی سەلەمون.

٣- گێزەر.

٤- پەتاتەی شیرین.

٥- بیبەر.

٦- گوێز.

٧- ئاڤۆکادۆ.

٨- برۆکلی.

٩- شلیک.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat

ریاڵ مەدرید پارێزگاری لە١٢ یاریزانی دەکات و ئەوانی تر بۆ فرۆشتن

harem

زانیاریەکان ئاشکرایان کردوە ریاڵ مەدرید پارێزگاری لە ١٢ یاریزانی دەکات و یاریزانەکانی تریشی دەخاتە لیستی فرۆشتنەوە.

بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی ئیکۆدیاریۆی ئیسپانی کە لەسەرچاوەکانیەوە دەستیکەوتوە ریاڵ مەدرید لەھاوینی داھاتوودا گۆڕانکاری لەپێکھاتەکەیدا دەکات، بەجۆرێک دەستبەرداری زۆرێک لە یاریزانەکانی دەبێت و شوێنیان بەگواستنەوەی یاریزانی تر پڕدەکاتەوە.

رۆژنامەکە ئاشکرایکردوە زێنەدین زێدانی راھێنەر لیستێکی بەناوی ١٢ یاریزان پێشکەشی ریاڵ مەدرید کردوەو داوای لێکردون پارێزگاریان لێبکەن، چونکە ئەندامی سەرەکین لە پێکھاتەکەیدا کە دیارترینیان کریسیتیانۆ و بەیڵ و رامۆس و مۆدریچن.

لەھەواڵی رۆژنامەکەدا ھاتوە راھێنەرە فەرەنسیەکە لیستێکی بەناوی ئەو یاریزانانە پێشکەشی یانەکەی کردوە کە لەپلانەکانیدا بۆ وەرزی داھاتوو نین کە دیارترینیان دانیلۆو پیپی و کوێنتراو کیلۆر ناڤاس و ئیسکۆن.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat

لە جەژنی نەورۆزدا ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ھاتنی گەشتیاران دەکات

razz

لە جەژنی نەورۆزدا ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ھاتنی گەشتیاران دەکات، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمیش رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن رێژەی گەشتیار بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بێت و ژمارەی گەشتیار بگاتە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار گەشتیار.

“نادر رۆستی” وتەبێژی دەستەی گەشتو گوزاری ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان کراوە و ساڵانە پلانی تایبەت بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری دادەنێن و لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا ئامادەکارییەکان دەکەن، بۆ جەژنی نەورۆزیش بە دوو شێوە ئامادەکاری کراوە یەکێکیان بۆ سەیرانگاکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێویست دابین بکرێت، ئەوی تریشیان بۆ ئامادەکارییە لە ھۆتێل و ریستۆرانتەکاندا.

“نادر رۆستی” ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، چاوەڕوان دەکەن ھاتنی گەشتیار بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە رێژەی بەرچاو زیاد بکات، کە ھاتنی گەشتیار لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ وھەزار گەشتیاردابێت.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat

ئەحمەد حاجی رەشید: چاکسازییەکانی حکومەت ئەنجومەنی نوێنەرانی بە ھەڵەدا بردووە

razz

لە دوای ئەنجامدانی چاکسازیی لە حکومەتی عێراق خەرجی بەشێک لە وەزارەتەکان زیاد کراوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایش دەڵێت، لە کاتی تاوتوێکردنی یاسای یەکخستنی وەزارەتەکاندا ئاشکرابووە کە ھەندێک خەرجی “١٠”قات زیادی کردووە.

“ئەحمەد حاجی رەشید” بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، چاکسازییەکانی حکومەت ئەنجومەنی نوێنەرانی بە ھەڵەدا بردووە، چونکە بەشی دووەمی ئەو دەسەڵاتانەی درابوو بە سەرۆک وەزیران کەمکردنەوەی وەزارەتەکان بوو ، بە مەبەستی نەھێشتنی رۆتین و کەمکردنەوەی یەکە ژمێریاریەکان، بەڵام لەکاتی تاووتوێکردنی یەکخستنی وەزارەتەکان بە تایبەت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی زانست و تەکنۆلۆژیا دەرکەوتووە، ھەندێک خەرجی “١٠” قات زیادی کردووە.

“ئەحمەد حاجی رەشید” ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا لە بری ئەوە خەرجی کەمبکرێتەوە بە پێچەوانەوە خەرجییەکان زیاد کراوە، ھەروەھا لەبری ئەوەی رێژەی گەندەڵی کەم بکرێتەوە ئەوەش بە ھەمان شێوە زیادی کردووە.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat

ھەزاران کەسی دیکە لە خۆرئاوای موسڵ ئاوارە بوون

razz

فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان ١٥ ھێرشی ئاسمانییان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامدا.

فەرماندەیی ناوەندیی ھاوپەیمانان رایگەیاند لە نزیک تەدمور و رەققەی سوریا ٧ ھێرش و لە عێراقیش ٨ ھێرشیان بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان لە نزیک قائیم و بێجی و موسڵ و تەلەعفەر ئەنجامدا.

لەلایەکی دیکەشەوە ھەزاران دانیشتووی خۆرئاوای موسڵ بەھۆی بەردەوامبوونی شەڕوپێکدانەکانەوە ئاوارە بوون.

بەپێ ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی موسڵەوە نزیکەی ٢٢٥ ھەزار کەس ئاوارەبوون لەو ژمارەیەش ١٠٠ ھەزاریان دانیشتووی خۆرئاوای شارەکەن.

مەزەندەش دەکرێت کە نزیکەی ٦٠٠ ھەزار مەدەنی دیکە لەو ناوچانەدا مابن کە تائێستا لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

سه‌رچاوه‌ Kurdsat