ئاگاداریەک لە سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانەوە

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە، کە لەئێستادا سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان بۆ گرفتە دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان، بەشێکی نوێی کردۆتەوە بۆ ڕاهێنان بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەتایبەتی منداڵانی تووشبوو بە (ئۆتیزم، سیندروم داون، سستی فێربوون، خوڵەی زۆر و تەرکیزی کەم) ئەم بەشە لەلایەن پسپۆران و ڕاهێنەرانی شارەزاوە سەرپەرشتی دەکرێت و سەرجەم پێداویستیەکانی ڕاهێنان لەسەنتەر دابینکراوە، جگە لەم بەشە سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان ئەم خزمەتگوزاریانە پێشکەش دەکات:
١- چارەسەری سەرجەم نەخۆشیە دەروونیە جۆراوجۆرەکان.
٢- چارەسەری کێشەکانی ئاخاوتن (زمانگرتن، دواکەوتنی قسەکردن، پیت قوتدان) یان هەرجۆرە کێشەیەکی تری قسەکردن.
٣- چارەسەری کێشە خێزانیەکان.
٤- ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زیرەکی بۆ ئەم منداڵانەی کێشەی سستی فێربوون یان دواکەوتنی ژیریان هەیە.
٥- چارەسەری کێشە سۆزداریەکان.
٦- چارەسەری کێشە سێکسیەکان.
سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر ئۆفیسی هەیە.
بۆ پەیوەندی کردن و دانانی کات پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بکەن (٠٧٥٠٣١٠٦٥٩٨)

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/agadari-hewall/babeti-jimare8251.html

سایکۆلۆژیای رێزگرتن لە منداڵان .. رەزا شوان

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ دوو بەشن، بەشی یەکەمیان پێداویستییە جەستەییە بایۆلۆژییەکان وەکو هەوا، خواردن، خواردنەوە، نووستن، کە لە بنکەی قووچکەی پێداویستییەکانی ژیان مرۆڤ و هەموو گیانەوەرەکانی کەدان، بەبێ ئەم پێداویستییانە ژیان ئەستەمە .. بەشی دووەمیان پێداویستییە سایکۆلۆژییەکانن وەکو، خۆشەویستی، سۆز و بەزەیی، رێزگرتن، ئاسوودەیی و دڵنیایی، ئازادی و سەربەخۆیی، سوپاس و هاندان، پێزانین و پاداشت، ئاشتی و خۆشی، هاوبەستەبوون بۆ خێزان و نەتەوە و نیشتمان و مرۆڤایەتی، … هتد . ئەم پێداویستییانە مایەی بەختەوەری و شادی مرۆڤن .
کەواتە ( رێز ) یا ( رێزگرتن ) پێداویستییەکی گرنگی دەروونی مرۆڤە، چ منداڵبن یا گەورەبن .
رێزگرتن هەستێکی زۆر جوانە و، بەهایەکی رەوشتی و رەفتاری و پەروەردەیی و شارستانی گرنگ و بەرزە، خەسڵەتێکە لە خەسڵەتە جوان و نایبەکانی مرۆڤ، بەڵکو بنەمایەکی سەرەکی سەرکەوتنی مرۆڤە لەگەڵ کەسانی تردا، کلیلی تەبایی و پێکەوەژیان و خۆشەویستی و بەختەوەریی خێزانە .. بنەمای هەموو پەیوەندییە سەرکەوتووەکانە لە جیهاندا .
مرۆڤ بە رەمەکی و بە سروشتی حەزدەکات کە کەسایەتییەکی رێزدار و قەدرگران بێت و، رێز لە مرۆڤایەتی خۆی بگرێت .. رێزگرتن لە خودیش، یەکەمین بەڵگە و کۆدی ژیانی تەبایی و هاوسەنگی کۆمەڵایەتییە .. هەر مرۆڤێک کە رێز لە خۆی بگرێ، رێز لە کەسانی کەش دەگرێت .. رێزگرتنیش هەستێکی بەرانبەرییە، گەر رێز لە کەسانی تر بگرین، رێزمان لێدەگرن .. پێچەوانەکەشی راستە .. لەوەش دزێوتر و قێزەوەتر نییە، گەر رێزگرتن رووکەشی بێت و لە دڵەوە نەبێت، لە ترسەوە بێت، یا ریای و مامەحەمەیی بێت، یا لەسەر بنەمای مەبەست و دەسکەوت و بەرژەوەندییەکی تایبەتی بێت .. کوردیش باش بۆی چووە کە دەڵێ : ” بۆیە پێت دەڵێم مامە .. چۆلەکەم بۆ بگریت ”
واتا و شێوازەکان و ئامانجەکانی رێزگرتن، زۆر فروان و هەمەلایەنەیە و، هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، وەکو رێزگرتن : لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، لە نێوان خزمان و هاوڕێیاندا، لە نێوان قوتابیان و مامۆستایاندا، لە نێوان گەورە و بچووکدا، لە نێوان بەڕێوەبەر و فەرمانبەردا، لە نێوان بووک و خەسوودا، رێزگرتن لە پیرۆزی کوردستانی خۆشەویستمان، لە گیانبەخشینی شەهیدە نەمرەکانمان، لە داستانەکانی پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانمان، لە ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان، لە یاسا و دەستوورمان، لە داب و نەریت و لە بەها پیرۆزەکانمان، لە ئایینەکان و لە هەموو نەتەوە جیاوازەکان، لە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانمان، لە مافەکانی مرۆڤ، لە مافەکانی منداڵان و ژنـان، لە سەرکردە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان، لە ئازادی و سەربەستی مرۆڤ، لە را و بۆچوونە جیاوازەکان، لە بەڵین و پەیمانەکان و رێکەوتنەکانمان، … هتد .
لە ژیانی رۆژانەماندا، چەندین شێواز و گوزارشتکردنی رێزگرتنی لە یەکتریمان هەیە .. بۆ نموونە وەکو : رۆژتان باش، بەخێربێن، خوتان لەگەڵ، تەوقەکردن، باوەش لێکدان، لەبەر هەڵسان، بە رووخۆشی و رووگەشییەوە پێشوازیکردن و بە رێکردنی میوان، کاکە، دادە، خان، بەڕێز، … هتد .
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان، سایکۆلۆژیای رێزگرتن یا رێزنەگرتن لە منداڵە چاوگەشەکانمان، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی و نەرێنیان لە ژیانی ئەمڕۆ و ئایندەی منداڵان لێدەکەوێتەوە ؟
منداڵ مرۆڤێکی بچووکە، خاوەنی هەست و نەستێکی ناسک و پاک و بێگەردە .. ئەوەی کە لەسەر زمانیدایە هەر ئەوەیە کە لە دڵیدایە .. هەست بە خۆشییەکان و بە ناخۆشییەکان دەکات .. هەست بە باشەکان و بە خراپەکان دەکات .. هەست رێزگرتنەکان و بە بێڕێزییەکانیش دەکات .. تەنانەت هەست بە زەردەخەنە رووکەشییەکان و، بە زەردەخەنە خۆشەویستییە ناخییەکانیش دەکات .
لە ئەمڕۆدا، پەروەردەکردنی راست و دروستی منداڵان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە هەست و نەست و لە خواست و هیوا و خەونەکانی منداڵان بنیات دەنرێت .. تا زیاتر و زیاتر رێز و خۆشەویستی ببنە یاسای خێزان .. تەبایی و ئاسوودەیی و بەختەوەری و شادی دەبنە ناسنامەی خێزان، تا دایکان و باوکان و مامۆستاکانیش لە رێزگرتندا نموونە و پێشەنگبن بۆ منداڵەکانیان و، بۆ قوتابییەکانیان .. زیاتر سەرکەوتوودەبن لە پەروەردەکردن و، لە پێگەیاندنی منداڵانی ژیر و زرنگ و بڕوابەخۆ .. زیاتریش گەشبین دەبن لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بو کورد و کوردستان .. رێزگرتن هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێگەیاندنی تاکی بەسوود و خێردەرەوەی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و تەبا .. فاکتەرێکیشە بۆ داهێنان و گۆڕان و، گەڕان بە دوای نوێخوازیدا .
زانایانی پەروەردە و پزیشکانی دەروونناسی منداڵان، کۆدەنگن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان لە ناخی دڵیانەوە، رێز لە را و راز و بۆچوونەکانی منداڵان بگرن، لەو کار و بڕیارانەش کە پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی ئەمڕۆ و داهاتوویانەوە هەیە، ، لە ناوەندی بڕیاریدا، رەنگ و دەنگیان فەرامۆش نەکەن، پێویستە کە بەشداربن و، را و بۆچوون و هیوا و خواستەکانیان بە هەند وەربگرن .. ئەم مافەش لە ( جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ ) دا ئاماژەیان پێکردووە .
لە ئەمڕۆدا، کە سەردەمی شۆڕش و پێشبڕکی داهێنان و تەکنۆلۆژیای تازەیە .. کە رۆژانە بە دەیان داهێنانی بابەت هەمەجۆرەی تازەی سەیر و سەمەرە دێنەکایەوە .. پشکی منداڵانیش لەم داهێنانانەدا کەم نین .. پەروەردەکردن و پێگەیاندن و ئاراستەکردنی دروستی منداڵانی چاوکراوەی فرەخواست و فرەزان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان و بێ ئەرک نییە .. زۆر لە سەردەمەکانی رابردوو گرانتر و بە ئەرکترە و، پێویستییان بە بەڵەدی هەیە .. خوێندنەوەی تیۆرە پەروەردەییەکان زۆر ئاسانە .. بەڵام پراکتیزەکردنیان هێندە ئاسان نین .. بۆ جێبەجێکردنیان پێویستییان بە پلادانان و، بە شارەزایی و وردبینی و دووربینی و وریایی هەیە .. پێویستییان بە دەمارخاوی و بە پشوودرێژی هەیە .. ئەوەش راستە کە منداڵەکانمان خۆشەویستن و شیرینن و لەبەر دڵانن .. بەڵام هەردەم پەروەردەی دروست لە پێشتر و شیرینترە .. لەم پێودانگەوە، پێویستە کە دایکان و باوکان و مامۆستاکان بەڵکو تەنانەت نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانیش ئەو بزانن کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیاریان لە ئەستۆدایە .
زانایانی پەروەردە، رەوشت و رەفتارەکانی هەموو تاکێکی مرۆڤ، شێوازەکانی هەڵسوکەوتکردن و رەفتارەکانیان لەگەڵ خەڵکیدا، بە پوخت و بە کاکڵەی کارتێکردن و رەنگدانەوەی شێوازەکانی ئەو ئەو پەروەردەکردنە دەزانن، کە لە تافی مندالییاندا، لە لایەن دایکان وباوکانیان لە نێو خێزاندا، یا لە لایەن مامۆستاکانیانەوە لە قوتابخانەدا، لە سەریان راهێنراوان و، دەقیان پێوەگرتوون .. کەواتە هەر رەفتارێکی باش و پەسەند، یا بەد و خراپ، دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی ئەو پەروەردە کردنە و، ئەو رەفتارانەی کە لە دایکان و باوکانیانەوە، لە رۆژگارەکانی منداڵییاندا فێریان کردوون، یا چاویان لێکردوون .. بە کورتی دۆخی دەروونی و رەوشتی و رەفتاری و هەڵسوکەوتی خەڵکی لە هەموو سەردەمێکادا، بەری ئەو تۆوانەن کە لە رۆژانی ژیانی منداڵییاندا، لە هۆشیاندا تۆویان کردوون . کورد وتەنیش : ” چـی بچـێنین .. ئـەوە دەدوورینـەوە ”
رێزگرتن لە منداڵان، لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە، ئەوەش ناگەیەنێت، کە ملکەچی هەموو داوا و پەڵپ و وڕکگرتنێکی منداڵەکانیان ببن .. پێویستە لە سنووری توانایاندا خواستەکانیان دابین بکەن .. بە شێوازێکی هێمنانە و ژیرانە قەناعەت بە منداڵەکانیان بکەن .. زیادەڕۆییش لە خۆشەویستی و سۆز و نازپێدان و جێبەجێکردنی هەر داوایەکی منداڵ .. یا چاوپۆشین لە لە رەفتارە نابەجێیەکانیان، لە پاڵ سوودەکانیاندا، زیانیشیان بە دواوە دێن .. زۆر شیرین و زۆر تاڵ هەردووکیان زیانبەخشن .. بۆیە پێویستە هاوسەنگییەک دروستبکەن و، مامناوەندی بن لە رەفتارەکانتان لەگەڵ منداڵەکانتاندا .
بە کورتی پێویستە دایکان و باوکان، لە سەرتاوە بە شیوازێکی دروست و پەسەند رێز لە کەسێتی منداڵەکانیان بگرن .. لە ئەمڕۆدا رێزگرتن بووە بە بابەتێکی لێکۆڵینەوەی پەروەردەیی و بە سەدان لە زانایانی پسپۆری پەروەردە و، دەرووناسانی منداڵان و، پزیشکانی دەروونی منداڵان، پێوەی سەرقاڵن .. تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پراکتیکی و مەیدانیان لەسەر کارتێکردن و رەنگدانەوەی رێزگرتن یا رێزنەگرتن لە منداڵان ئەنجامدراون، هەر هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رێزگرتن پێداویستییەکی گرنگی دەروونی منداڵانە و، نابێت پشتگوێ بخرێت .
گرنگترین گرنگییەکانی رێزگرتن لە منداڵان :
١ـ رێزگرتن یەکێکە لە پێداویستییە هەرە گرنگەکانی گەشەکردنی دەروونی منداڵ، بە تایبەتیش لە قۆناغەکانی یەکەمی تەمەنیدا .. مەستبوونی منداڵ بە پێداویستی رێز، ئەوە بە لایەوە دەگەیەنێت، کە ئەندامێکی پەسەندکراوی خێزانەکەیەتی و، لە لای دایک و باوکی خۆشەویست و بەڕێزە .
٢ـ رێزگرتن و گوێگرتن لە هیـوا و لە خـەون خواستەکان و، لە را و لە بۆچوونەکانی منداڵ، دەبنە یارمەتیدەر بۆ رێزگرتن لە خودی خۆی و، متمانە و بڕوابوونی بە ئازادی و بە سەبەخۆیی خۆی .
٣ـ رێزگرتن شێوازێکی سەرکەوتووە و دروستە، بۆ راستکردنەوەی هەڵەکان بە راستییەکان، بەڵکو رێزگرتن وەکو حەپی دژە ( تاوان، توندوتیژی، شکستی لە خوێندن، ترس، دڵڕاوکێ ) وایە .
٤ـ رێزگرتن شێوازێکی سەرکەوتووە، بۆ ئەوەی منداڵ بە ئەوپەڕی ئازادییەوە، گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانی خۆی بکات .. ئازایەتییەکی ئەدەبی هەبێت .
٥ـ پێویستە دایکان و باوکان، وەکو رێزگرتن لە منداڵەکانیان، بە وشەی جوان و شیرین و ناسک و نەرم نیان،منداڵەکەیان بدوێنن، بۆ نموونە دایکی بە کچەکەی دەڵێ : ” گوڵە جوانەکەم، حەزدەکەی لە ئامادەکردنی خوانی ناخواردەکەمان یارمەتی دایکت بدەێ ..؟ نەک بە شێوەی فەرمان و بە وشەی رەق و زەقی وەکو : ” ئەرێ کچـم خۆ داناوەشاوی .. شوورەیی ناکەیت .. کە دەبینیت من ماندووم .. تۆش دانیشتووی و هەڵناسی یارمەتیم بدەی، دەی زوو راپەڕە و خوانی نانخواردنەکەمان ئامادە بکە ” شێوازێ داواکردنی دایکێکی وا هەڵەیە، بەم وشە ناشیرینانە هەستی کچەکەی برینداردەبێت.
٦ـ کە منداڵەکەتان هەڵەیەک دەکات، مەيشکێننەوە و، سەرکوێری مەکەن، با ترس لە هەڵەکردن نەبێتە گرێ کوێرەیەکی دەروونی لە لای، باشتر ئەوەیە کە دڵی بدەنەوە و، ئازادی راستکردنەوەی هەڵکەی هەبێت هانی بدەن کە درێژە بە کارەکەی بدات، ئەوشی پێبڵێن کە تا هەڵە نەکەین راستیش فێرنابین، هەڵەکردن هەنگاوێکە بۆ پەند وەرگرتن و وانە فێربوون و دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکان .
٧ـ رێز لە جیاوازییەکانی نێوان منداڵەکانتان بگرن و، هەموویان مەخەنە چوارچێوەیەکەوە، چونکە لە هەموو شتێکدا مرۆڤەکان وەک یەکنین .. جیاوزیش لە نێوان کچەکانتان و کوڕەکانتان مەکەن .
٨ـ رێزگرتن گەلێ خەسڵەتی ئەرێنی جوان بە منداڵ دەبەخشێت، وەکو : رەوشتبەرزی، دەروونپاکی، رەفتارجوانی، راستگۆیی، گوێدێری، کەسێتی، رێزگرتن لە رای جیاواز، رووحی وەرزشی، … هتد .
٩ـ رێزگرتن هۆکارێکە بۆ ئەوەی منداڵ بە راشکاوی، گلەیی و رەخنە و داخوازییەکانی دەربڕێ و، باس لە هەر کێشە و گرفتێک بکات کە دێنە رێی و، نەیان شارێتەوە .. بۆ ئەوەی دایک و باوکی یارمەتیی بدەن و، لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان رێنمایی پێویست و، چارەسەری دروستیان بۆ دابنێن .. ئەمەش رێز و خۆشەویستی لە نێوان دایک و باوک و ئەندامانی خێزاندا بەهێز دەکات .
١٠ـ رێـز لە هاوڕێکانی منداڵەکەتان بگرن .. تا خێزانەکانی ئەوانیش رێز لە منداڵەکەی ئێوە بگرن، بەم رێزگرتنەتان پەیوەندی هاوڕێتی منداڵەکەتان لەگەڵ منداڵانی تردا بەهێزتر دەبێت .. دەشێ ببێت بە پردێکی یەکترناسین و ئاشنایەتی، لە نێوان ئێوە و خێزانەکانی هـاورێکانی منداڵەکەتان .
١١ـ گەر رێز لە منداڵەکانتان بگرن، ئەوانیش رێز لە ئێوەی دایک و باوک و لە خوشک و براکانیان دەگرن و پەیوەندی خێزانیتان بەهێزتر و خوشتر دەبێت .. لە سەرەوە وتمان کە رێزگرتن دوولاییە .
( ئەلیس میلەر ) دەڵێ : ” منداڵان رێز لەو کەسانە دەگرن .. کە رێزیان لێدەگرن ”
گرنگترین زیانەکانی رێـزنەگرتن لە منداڵان :
١ـ رێزنـەگرتن لە منداڵ و پەراوێزکردنی، یا سووکایەتی و بێڕێزیکردن پێی .. پاڵنەرە بۆ رەوشتی ناوازە و، بۆ لە ڕێ دەرچوونی و، بۆ ئە نجامدانی تاوان و، زیان گەیاندن بە خۆی و بە کەسانی تر.
٢ـ پێوتنی وشەی ناشیرینی وەکو ( گەمژە، گوێدرێژ، گەلحۆ، هەڵەوەڕ، بێڕەوشت، هیچ و پووچ، شێت و شوور، نالەبار، خوێڕی، تەمەڵ، … هتد ) منداڵ ئەم قسانە بە بێڕێزی دەزانێ و، هەستی پێیان بریندار دەبێت، بە تایبەتیش گەر لە بەردەم هاوڕێکانی و لە بەردەم خەڵکانی تردا پێی بڵێن .
٣ـ گەر منداڵێک لە ماڵەوە رێزی لێنەگرن و وەکو پێویستیش خۆشیان نەوێت .. ئەم منداڵە دەیەوێت بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەڵتەرناتیڤێکی تر بدۆزێتەوە، هەوڵدەدات هاوڕێ بگرێ و تێکەڵ بە هەموو کەسێک ببێت .. دەشێ تووشی هاوڕێ بەد و خراپ بێت و، لە رێ دەریبکەن .. ئۆباڵی ئەم ئاکامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی دایک و باوکیدایە .. دەگەڕێتەوە بۆ رێزلێنەگرتن و پشتگوێخستنی .
٤ـ رێزنـەگرتن لە منداڵ، کارێکی ترسناکە، وا لەو منداڵە دەکات کە ببێتە دوژمنی خۆی و هیوای بە ژیان نەمێنێ، چونکە وا هەست دەکات کە لە ناو خێزانەکەیدا نامۆیە .. بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە گەورەیی خۆیان دەکوژن .. هۆیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم کەسانە لە تافی منداڵییاندا، لە ناوخێزانەکانیاندا، مەستی رێز و سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی نەبوونە .
٥ـ رێزنـەگرتن لە منداڵ، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە تۆوی رق و کینە و شەڕخوازی و دوژمنایەتی لە دەروونیدا رەگ بکات و، ببێتە کەسێکی شەڕخواز و، تۆڵەی خۆی لە کەسانێکی بێتاوان بکاتەوە .
٦ـ رێزنـەگرتن و بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و گوڕەشە و چاوسوورکردنەوە، منداڵ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکات، ئەم ترسەش لەگەڵیاندا گەورەدەبێت و، دەبێتە گرێ کوێرەیەکی دەروونی .
( تێرنەس ) دەڵێ : ” باشتر وایە کە بە ڕێز و نەرم و نیانییەوە منداڵەکانتان بە خۆتانەوە بنووسێنن .. نەک بە ترسەوە بیانگرنە خۆتان ”
٧ـ رێزنـەگرتن و رێـگرتن لە منداڵ، کە دەبێ لە رووی گەورەکاندا ورتەی لێوە نەیا و، دەمی دابخا، کارێکی خراپە و سەرکوتکردنی ئازایەتی ئەدەبییە لە لای منداڵ، منداڵ ( دڵـپڕ و زمـان کڕ ) دەبێت .
( یۆنامات ) دەڵێ : ” تا تەمـەنی سیانـزە ساڵـیم .. وام دەزانـی کە نـاوم ـ دەمـت داخـە ـ یە ”
٨ـ رێزنـەگرتن لە منداڵ، لەوەش ترسناکتر ئەویە کە بترسێ و بێدەنگ بێت و قسە نەکات .. منداڵ تووشی گۆشەگیری و شەرم و خەمۆکی و تێکەڵنەبوون بە منداڵانی تر دەبێت .
٩ـ ئەو منداڵە بەدبەخـتەی، کە لە ناو خێزانێکدا چـاوی هەڵهێناوە، کە رێز و سۆز و بەزەیی و میهرەبانی و خۆشەویستی بوونیان نەبووە .. ئەم منداڵە خۆی بە کەم دەزانێ و، بێدەسەڵات دەزانێ و، خۆی بە شایەنی بەرپرسێتی و، لە ئەستۆگرتنی ئەو ئەرک و کارانە نازانێت کە پێی دەسپێرن .
١٠ـ منداڵێک کە رێزی لێنەگرن و خۆشیان نەوێت .. هەستی ویـژدان و سۆز و بەزەیی نامێنێت .
١١ـ گەر منداڵێک لە لایەن خێزانەکەی خۆیەوە رێزی لێنەگیرێ .. کەسانی کەش رێزی لێناگـرن .
رەزا شوان
نەرویـج : ٢٥ی/ سێپتەمبەر/٢٠١٦

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/derunnasy_mndall/babeti-jimare8247.html

پێگەی سروود لە ئەدەبي منداڵانی کورد دا .. رەزا شوان

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

بێگومان هەموومان ئەو سروودە نیشتمانییە رەسەن و خۆشە کوردییانەمان لە یادماون و دەمێنن، کە لە تەمەنی منداڵیماندا، لە قوتابخانە و لە دەروەی قوتابخانەدا بە ئاوازەوە فێریان بووین و، بوون بە وێـردی هەمیشەی سەر زارمـان .. پڕبەدەم و هێندەش بە کوڵ و تین و جۆشەوە دەمـان چڕین .. سوور دەبووینەوە و، هەموو تووکەکان و دەمارەکانی لەشمان زیت دەبوونەوە، ئەو سروودە خۆشە کوردییانەمان لە گەزۆ و نوقڵ لە لامان شیرینتربوون .. هەر لە رێگای ئەو سروودە نیشتمانییانەوە هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری لە هۆش و دڵ و دەروونماندا روان و بەرجەستەبوون و، بوون بە بەشێکی گرنگ لە ژیان و لە رووح و گیانمان و، لە بیرەوەرییەکانمان .. ئەو سروودانە تا ئەمڕۆش هەمان چێژ و خۆشیان لامان هەیە، لەو بڕوایەشدام لە لای نەوەکانی داهاتووشمان چێژ و خۆشیان کاڵنابنەوە و، نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکتری دەگوێزنەوە .
لەو سروودە کوردییە نیشتمانییانەشمان : ” وەتەنی من کوردستانە ـ زێوەر ” ، ” ئەی کوردینە .. ئەی مردینە ـ زێوەر ” ، ” ئەی رەقیب ـ دڵدار ” ، ” خوایە وەتـەن ئاواکەی ـ فـایق بێکەس ” ،
” نـەورۆز ـ پیرەمـێرد ” ، ” کـوردم ئەمـن ـ هێمن موکـریانی ” ، ” بەری بەیـانە ـ گـۆران ” ،
” بە کـوردی دەژیـم ـ هـەژار موکریانی ” ، ” پێشمەرگەین بە هەڵمەتین ـ خالید دلـێر ” ، ” خۆشم ئەوێ وڵاتەکـەم ـ کاکـەی فەلاح ” ، ” جـەژنە جـەژنی کوردسـتانە ـ ع .ع . شـەونم ” ، … هتد . گەرچی ئەم سروودانەمان، بە تایبەتی بۆ منداڵان نەنووسراون، بەڵام گەورەکان و منداڵانیش دەیان چڕین و جێژ و خۆشیان لێوەردەگرتن .. لە ئەنجامی چەندین جاری دووبارەکردنەوەشیان، منداڵان لە واتای وشە و رستە و مەبەست و ناوەڕۆکی ئەم سـروودانە تێگەیشتوون .. ئەم سروودانە بوونە بە بەشێکی نەمر لە کولتووری رەسەنی کوردیمان .. بوونە بە هەوێنی جۆشدانی هەستی کوردایەتی و کوردسـتان پەروەریمان .. بوون بە هـاندەر و پاڵنەرمان، بۆ تێکۆشان و بەرگری و گیانبەخشین لە پێناوی رزگاری کوردستانی نیشمانی شیرینمان .
ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستان، خۆشیان بەم سروودە کوردییانەمان نایەت و، بە بیستنی گرژ و قەرس دەبوون و دەبن .. چەندین مێرمنداڵ و گەنجی کوردمان لەسەر چڕینی ئەم سروودانە لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی داگیرکەرانی کوردستانەوە، تاوانبارکـران و گیران و ئـازار و ئەشکەنجە دران .. تا ئەمڕۆش داگیرکەرانی کوردستان، بە زەبروزەنگ و تۆبزی هەوڵدەدەن لە قوتابخانەکانیاندا، کولتوور و سروود گەلێکی خۆیان فێری منداڵانی کوردمان بکەن، هەوڵدەدەن کە بە زۆرداری بە کولـتوور و ئایـدۆلۆژیایەکی بۆگـەن و نامـۆ گۆش و پەروەردەیان بکەن، کە زۆر دوورن لە خواست و هەست و نەستی منـداڵانی کوردمـانەوە و.. بە هيچ کلۆجێک ناتوانن ئەو کولتوور و ئایدییانە هەرس بکەن .. مەبەستی گڵاوی داگیرکەران ئەوەیە کە منـداڵانی کوردمان لەڕێ دەربکەن و لە گەلەکەمان هەڵیان بگەڕێننەوە و، هەستی و جۆشی کوردایەتی لە دڵیاندا دەربکەن و، دڵسۆزی و پەرۆش و سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستانی خۆشەویستمان لە لایان کاڵبکەنەوە .. بەڵکو داگیرکەران سووکایەتیش بە هەموو بەها پیرۆزەکانمان دەکەن و، هەوڵ و نیازی گڵاویان سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمانە .
بەڵام هەوڵەکانیان شکستیان هێنان و شکست دەهێنن .. چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتوانن هەستی کوردایەتی و سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ کوردسـتان لە دڵی منداڵانی کوردمـان دەربکەن .
سروودە کوردییەکانمان بۆ منداڵان، ئەو هۆنراوانەن کە بەرگێکی کوردسـتانیان بە بەردا کـراون و گوزارشت لە خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان دەکەن، تێکۆشان و قوربانیدان لە پێناوی ئازادی و رزگـاری کوردستان و ئاشتیدا بەرز و پیرۆز رادەگـرن و، جەختیش لەسەر کوردایەتی و دڵسۆزی و برایەتی و یەکێتی و تەبایی و یەکتری قبووڵکردن و … هتد، دەکەنەوە .. ئەم سروودانە ئەم هەستە جوانانە و، ئەم بەها و پرەنسیپە نیشتمانییانە لە هۆش و لە دڵی کوردیلەکانماندا دەڕوێنن و، رایان دەهێن.. ئەم سروودانە بوونەتە کولتووری قوتابخانەکان، منداڵان لە قوتابخانەکاندا فێری ئەم سروودانە دەبن و، رۆژانەش لە کاتی ریـزبوون لە گۆڕەپانی قوتابخـانەدا پێکەوە دەیانڵێنەوە .
سروودی منداڵان ئەو هۆنراوە جوانانەن، کە لە رووی رووخسار و فۆرمەوە، بە شێوازێکی ئاسان و سووک و رەوان داڕێـژراون .. وشە و رستەکانیان ئاسانن و واتاکانیان روونن و بێ گرێ و گۆڵن لە ئاستی زمانی منداڵاندان، ترپە و سەرواکـانیان ئـاوازدارن، کێشـدارن و، بە زۆری لەسەر کـێشی خۆمـاڵی سووک دانراون .. ئاوازدانەرانیش دەتوانن بە ئاسانی ئاوازیان بۆ دابنێن .. منداڵان دەتوانن بە ئاسانی لەبەریان بکەن و، بە ئـاوازەوە بە تاک یا بە کۆمـەڵ بە دەنگ و جـووڵەوە بیان چـڕن .. لە رووی بابەت و ناوەڕۆکیشەوە، سـروودە کوردییەکـانمان بۆ منداڵان، جەخت لەسەر زاخـاودانی هۆش و دڵ و دەروونی کوردیلەکانمان دەکەن و، بە هەستی کوردایەتی و بە کوردستان پەروەری و بە تێکۆشان و قوربانیدان لە پێناوی ئـازادی و رزگـاری کوردسـتان رایـان دەهێنن .. ئەو بەهـا و پرەنسیپە بەرزانە لە هۆش و دڵ و دەروونی منداڵانی نەوەی داهـاتووماندا دەڕوێنن .
سروودی ئاوازدار گرنگترین هونەرە کە منداڵان لە قۆناغێکی زووی تەمەنیاندا دەتوانن فێری ببن، یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ ئەوەی کە بە خێرایی ئەو هۆنراوانە لەبەربکەن و لەیادیان نەچێتەوە .. لەگەڵ چڕینی سروود دا، بەشێک لە ئەندامانی لەشی منداڵانیش دەکەوێتە جووڵە و خرۆش، وەکو: سەرلەقاندن، چەپڵەلێدان، ئاماژەکردنی گوزارشتی بە دەست و پەنجەکان، ئەم جووڵانانەش واتای وشەکان و مەبەستی سروودەکان بۆ منداڵان ئاسانتر دەکەنەوە .
سروودی منداڵان، تەوەرێکی گرنگە لە تەوەرەکانی رۆشنبیری منداڵان و، لقێکی گرنگیشە لە لقەکانی هۆنراوە بۆ منداڵان .. رۆڵێکی کاریگەریشی لە گۆشکردن و پەروەردەکردنێکی دروست و، لە ڕواندنی بەها بەرز و پیرۆزە نیشتمانییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و رەوشتییەکان لە هۆش و دڵ و دەروونی کوردیلە چاوگەشەکانماندا هەیە .
سروودە نیشتمانییەکانمان، شیۆازێکی ئاسان و گرنگە لە شیوازەکـانی فێرکـردن، لە میانەی ئەم سروودانەوە دەتوانرێت بە ئاسانی مەبەست و ئامانجە نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و زانیارییەکان بە منداڵان بگەیەنرێن .. شایانی باسیشە منداڵان هەر بە خۆڕسکی ئارەزووی ئاواز و ترپەیان هەیە .
هەر لە کۆنەوە درک بە گرنگی سروود کراوە و، کراوە بە وانەیەک لە وانەکانی خوێندن .. سروود شێوازێکی بەرنامەڕێژی گرتەبەر کاتێ کە خرایە ریزی بابەتەکانی کتێبەکانی خوێندنەوە بۆ پۆلەکانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان .. بۆ هێنانەدی ئامانجە پەروەردەیی و نیشتمانییە خوازراوەکان .
مامۆستای سروودبێژ و سروودفێرکەری زیرەک و هۆزان و بە توانا، دەتوانێت بەهرە و ئارەزووی خۆرسکی منداڵان ( قوتابییەکانی ) بقۆزێتەوە و، بە ئارەستەی هێنانەدی ئامانجە پەروەردەییەکان و زمانەوانی و رۆشنبیری کومەڵایەتیەکان رایان بهێنێ و، ئەو بەهـا و پرەنسیپانە لە دڵیاندا بڕوێنێ .
پێویستە ئەوەش بزانین کە جیاوازی لەنێوان سروود و گۆرانیدا هەیە .. سەرەڕای بوونی چەند خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا .
گرنگترین جۆرەکـانی سروودی منـداڵان ئەمانەن : سروودی نیشــتمانی، سروودی کۆمـەڵایەتی، سروودی خۆشی، سروودی پیاهەڵدان بەسەر جوانی سروشت، سروودی جووڵەیی، سروودی ئاینی .. لە ئەمرۆشدا، چەندین سروودی شۆڕشگێڕی بە سەر پێشمەرگە قارەمـانە گیانبەخشەکانمان و، بەسەر شەهیدە نەمرەکـانمان هەڵدراون .. کە بوونەتە وێـردی سەر زاری گەورەکـان و منـداڵان .. پێشمەرگە و شەهیدانمان، شایانی ئەوەن کە جوانترین سروودیان پیاهەڵدەین .. لە جێی خۆیدایە کە ئەم سروودانە بە ( سروودی پێشمەرگە و شەهیدان ) یا ( سروودی شۆڕشگێری ) ناوزەند بکەین و، لە ریزی پێشەوەی ریزبەندی جۆرەکانی سرووردی منداڵانیش دایان بنێن .
گرنگترین سوود و ئامانجەکانی سروودی منـداڵان :
١ـ گەشەکردنی حەزی سروود و ئاواز و چێژی ئەدەبی لەلای منداڵان و، درکردن بە مەبەستەکانیان.
٢ـ سروودە نیشتمانییەکانمان هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری لە دڵی منداڵانمان دەڕوێنن.
٣ـ سروود یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردن و راهێنانی کۆئەندامە دەنگییەکانی منداڵان .
٤ـ سروود بوارێکە بۆ ئەوەی منداڵان خۆیان دەربخەن و، گوزارشت لە توانا و بەهرەکانیان بکەن .
٥ـ سروود هـاوکاری منداڵان دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە نێرگـزی و خۆپەرستی و گۆشەگیری .
٦ـ سروود یارمەتی و هـانی ئەو منداڵانە دەدەن کە سەر زمان دەگرن .. بۆ ئەوەی بەبێ ترس و شەرم و دڵەڕاوکی بەشداری لە تیپ و لە کورسی سروودی قوتابخانەکەیان بکەن .
٧ـ سروود باشترین بوارە بۆ شەرمشکاندنی ئەو منداڵانی شەرم دەکەن .. بەبەشداریکردنیان لە وتنی سروود لەگەڵ منداڵانی تردا، بەرەبەرە شەرمیان دەشکێت و بە کۆمەڵایەتی دەبن .
٨ـ سروود، منداڵان بە چەندین وشە و رستەی تازە ئاشنا دەکـا .. زمان پاراوتر و رەوانتر دەبن و .. ئاسۆی ئەندێشە و بیرکردنەوەیان فراونتر دەبن و، دەتوانن باشتر وجوانتریش گوزارشت بکەن .
٩ـ سروود، یارمەتی منداڵان دەدات، بۆ ئەوەی بـڕوا و متمانەیکی زیاتریان بە خۆیان هەبێت و، بە ئەوپەڕی ئازایەتیەوە رووبەڕووی ژیـان و، هەموو ئەو کێشە و تەگەرانە ببنەوە کە دێنە رێیان .
١٠ـ سروودەکان، خۆشی و شادی و گەشی و گەشبینی بە منداڵان دەبەخشن .. یارمەتیدەریشن بۆ ئەوەی منداڵان بەسەر گەلێ کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا زاڵبن .
لە شاعیرە سروودنووسەکانی کوردمان بۆ منداڵان :
بەشێکی زۆری شاعیرانی کوردمان، بواری سروودی منداڵانیان فەرامۆش نەکردوون، کەم یا زۆر سروودیان نووسیوە، هەندێکیان بە تایبەتی لە سایەی هۆنراوە و نووسینەکانیان بۆ منداڵان، ناو و ناوبانگیان دەرکردوون و ناسراون، لەوانەش : ( زێـوەر، فـایق بێکەس، پیـرەمێرد، میر جەلادەت بەدرخان، دڵدار، گۆران، عەبدولواحید نوری، شەوکەت هۆشیار، محەمەد رەسول هاوار، ئەحمەد دڵزار، بەختیار زێوەر، محەمەد ساڵح دیلان، ا.ب. هەوری، مەدحەت بێخەو، کەریم شارەزا، عەلی عەبدوڵڵا شەەونم،، فەرەیدون عەلی ئەمین، کاکەی فەلاح، کامەران موکری، دایکی سۆلاڤ، سەبری بۆتانی، عوسمان هەورامی، روستەم باجەلان ) تا دەگاتە ( لەتیف هەڵمەت، کـازم کۆیی، محەمەد داریاس، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، موئەید تەیب، جگەرسۆز پیندرۆیی، عەبدولڕەحمان فەهیمی، محەمـەد بـەرزی ) و .. چەندین شاعیری کەشمان کە هۆنراوەی نیشتمانییان بۆ منداڵان نووسیون .
سروودی کوردی بۆ منداڵان، بە شێوەیەکی فەرمی، لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە باشووری کوردستان دا سەری هەڵـدا .. لەسەر دەستی شاعـیری نیشتمان پەروەری ناسراومان مامۆستا ( عەبدوڵڵا زێوەر : ١٨٧٥ـ ١٩٤٨ ) دەستی پێکرد .. زیۆەر کە ماوستای قوتابخانە بوو، شەش سروودی بۆ منداڵان نووسیوە، یەکەمین سروودی ( وتـەنی من کوردسـتانە .. ) دووەمین سروودیشی ( ئەی کوردینە .. ئەی مەردینە .. ) کە دوو سروودی نیشتمانی زۆر بەرزن .
سروودی فەرمی نیشتمانی کوردستان، سروودی ( ئـەی رەقـیب ) ە، کە لە ساڵی ( ١٩٤٠) دا، شاعیری نیشتمان پەروەرمان ( یونس دڵدار : ١٩١٨ـ ١٩٤٨) داینا .. بۆ یەکەمین جاریش لە بەرواری (١٧/١٢/ ١٩٤٥) دا، لە کاتی بۆ یەکەمین جار هەڵکردنی ( ئاڵای کوردسـتان ) لە شاری مەهاباد، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵاکەماندا، سروودی ( ئەی رەقـیب ) بە ئاوازەوە پێشکەش کـرا.
لەو رۆژەوە ( ئەی رەقـیب ) بوو بە سروودی نەتەوایەتیمان ( سـروودی مـارسیلزمی ) کـوردی .. کە لە بەرواری (٢٢/ ١/ ١٩٤٦) دا، لە لایەن ( سەرۆک کۆمـاری کوردسـتان ) پێشەوای نەمرمان ( قـازی محەمەد ) لە گۆڕەپانی ( چوارچـرا ) لە ( مەهاباد ) دا، ( کۆماری کوردستان ) راگەیاندرا، دووبارە لەم رۆژە مێژووییەدا لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دا لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری مەهـابادەوە، بە دەنگێکی زوڵاڵ سروودی ( ئـەی رەقـیب ) پێشکەش کرا .. لە ئەمرۆشدا سروودی ( ئەی رەقـیب )، سروودی فەرمی هەرێمی کوردستانە .. لە هەموو بۆنە نیشتمانییەکان و، لە هەموو قوتابخانەکانی کوردستان دا، لە کـاتی ریزبوونی لە گۆڕەپانەکانی قوتابخانەکاندا، پێش دەستپێکردنی خوێندن، وەکو نەریتێکی رەسەن، قوتابیان هەموو پێکەوە و بە دەنگ و ئـاوازاوە سروودی ( ئـەی رەقـیب ) دەڵێنەوە و .. هۆنراوەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیش پێشکەش دەکەن .. هەروەها لە پێش دەستپێکردنی یارییە وەرزشییەکـان، لە گۆڕەپانەکانی یارییەکاندا، یاریزانانەکانمان بە ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شانازییەوە، پێکەوە ( سـروودی رەقـیب ) دەڵێـنەوە .
رەزا شوان
نەرویـج : (٢٦/٨/ ٢٠١٦)
تێبینی/ وێنەکە تیپی لانەی منداڵانە لە سلێمانی

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/derunnasy_mndall/babeti-jimare8242.html

کەناڵی یوتوبی دەروونناس (سامان سیوەیلی)

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

لەڕێی ئەم لینکەوە دەتوانن بینەری (٤٢) بەرنامەی کەناڵە ئاسمانە جیاجیاکان بن کە میوانداری دەروونناس (سامان سیوەیلی)یان کردووە

videos?sort=p&shelf_id=1&view=0

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/%da%a4%db%8c%d8%af%db%8c%db%86%da%a9%d8%a7%d9%86/babeti-jimare8240.html

لەم بەسەرهاتەوە پەندێک – دەروونناس: سامان سیوەیلی

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ، دەرچووە بۆ پۆلئ (١٢)ی ئامادەیی، خێزانەکەی پەرۆشن بۆ ئەوەی بەباشی خۆی ئامادە بکات بۆ بڕینی ئەو قۆناغە چارەنووسسازەی خوێندن، بەڵام کچەکە لەناکاو دووچاری ئازارێکی جەستەیی توند دەبێت، سەرەتا خێزانەکەی وادەزانن ئازارێکی کاتیە و تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم ئازارە جگە لەوەی بەردەوام دەبێت، هەندێ جاریش ئازارەکە زۆر توند دەبێت، بۆیە خێزانەکەی بڕیار دەدەن سەردانی پزیشکی پسپۆری هەناوی پێبکەن، دوای پشکنینی زۆر ورد، کچەکە دەنێردرێت بۆ گرتنی تیشک و سۆنار و پشکنینی خوێن و … تد، پزیشک ناگاتە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە، هەندێ دەرمانی بۆ دەنووسێت، بەڵام ئازارەکە هەر بەردەوام دەبێت، خێزانەکەی سەردانی چەند پزیشکێکی تری پێدەکەن و چەندین پشکنینی تری بۆ ئەنجام دەدرێت، ئازاری کچەکە هەر بەردەوام دەبێت، بەمە خێزانی کچەکە دەکەونە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە و بەرامبەر چارەنووسی کچەکەیان بەتەواوی نائارم دەبن، دواجار پزیشکێکی پسپۆر بڕیار دەدات لەڕێی ئامێری (MRI) (ئەوەی لەناو خەڵکدا بە ئەشیعەی تەنوری) ناسراوە، چەندین وێنەی تیشکی بۆ بگیرێت، بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێک لەدەستنیشانکردنی هۆکاری ئەو ئازارە، لە نەخۆشخانە وادەیەک بۆ کچەکە دادەنرێت، خێزانەکەی ئەوەندە پەرۆشن بۆ ئەوەی زوو ئەو کارە ئەنجام بدەن هەوڵی زۆریاندا بەڵام نەخۆشخانەکە ئاگاداری کردن کە تەنها لەو وادەیەدا نۆرەی بەردەکەوێت کە بۆی دانراوە، ئەو ڕۆژەی وادەی ئەنجامدانی ئەو کارەیە لەنەخۆشخانە دایک و باوکی کچەکە لەگەڵیدا دەچن، کچەکە نۆرەی دێت و بەتەنها دەیبەنە ژووری ئامێری تیشکەکەوە کە وەک لەم وێنەیەدا دیارە دەبێت کەسەکە پاڵبکەوێت و ئەو بەشەی نەخۆشەکە لەسەری پاڵدەکەوێت دەچێتە ناو ئەو بەشە تەنگەبەرەی کە لەشێوەی بۆریەکدایە و دوای وەرگرتنی چەندین وێنەی تیشکی دەگیرێت لەلایەن ئامێرێکەوە، کچەکە نزیک ئامێرەکە دەبێتەوە و پەرستیارەکە داوای لێدەکات کە خۆی ئامادە بکات و ڕێنماییەکانی پێدەڵێت بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی پاڵکەوتنەکە، بەڵام کچەکە لەو کاتەدا ترسێکی زۆر دایدەگرێت و دەکەوێتە لەرزین و دەقیژێنێت، بەپەلە پەرستیارەکە بانگی باوک و دایکی کچەکە دەکات بێنە ژوورەوە، ئەوانیش بەهەڵەداوان دەچنە ژوورەوە و دەبینن کچەکە لەبارێکی تۆقین و شڵەژانێکی دەروونی بەهێزدایە، بەهەرسێکیان پرسیاری لێدەکەن چی ڕوویداوە؟ بۆ وا شڵەژاویت؟ دەترسیت؟ شتێکی تر هەیە ئێمە نەیزانین؟ کچەکە بەوپەڕی نائارامیەوە دەڵێت ناچمە ناو ئەو ئامێرەوە، وازم لێبێنن، تیشکم ناوێت، بەدەم گریانەوە هاوار دەکات: بمبەنەوە بۆ ماڵەوە .. من ئەڕؤمەوە بۆ ماڵەوە .. با بمرم .. من ناچمە ناو ئەو کونەوە. پەرستیارەکە تێدەگات کە ئەو حاڵەتە ترسێکی نائاساییە و هەوڵدەدات شرۆڤەی پرۆسەی تیشک گرتنەکە و خودی ئامێرەکە بۆ کچەکە ڕوون بکاتەوە کە شایانی ترس نیە، بەڵام هەر سوودی نابێت، دایکی و باوکی داوای لێدەکەن لەپێناوی تەندروستی خۆیدا ڕێنماییەکان جێبەجێ بکات، هانی دەدەن و پاڵپشتی خۆیانی بۆ دەردەبڕن، بەڵام هەر سوودی نابێت، کچەکە بەردەوام دەڵێت نا .. نا .. نا .. باوەش بەدایکیدا دەکات و دەڵێت بابڕۆینەوە، دایک و باوکەکە لەم هەڵوێستەی زۆر نیگەران دەبن بەڵام لەبەرئەوەی باری تەندروستی تەواو نیە هەر بەنەرمی لەگەڵیدا مامەڵە دەکەن، دوای هەوڵدان و مشتومڕێکی زۆر بەناچاری وادەی چەند ڕۆژێکی تری بۆ دادەنێن، بێئەوەی تیشکەکە بگرێت دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، لە وادە نوێیەکەدا دەچنەوە هەمان نەخۆشخانە، پێشتر دایکی و باوکی هانی دەدەن کە ئەمجارەیان وەکو جاری پێشوو نەکاتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتەوە ژووری ئامێرەکە هەمان ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمجارە پەرستیارەکە پەنا بۆ پزیشک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەبات، ئەوانیش دێن و هەوڵ لەگەڵ کچەکە دەدەن، تەنانەت یەکێکیان بەپراکتیکی لەسەر ئامێرەکە پاڵدەکەوێت و بۆ کچەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم پرۆسەیە هیچ مەترسیەکی نیە، بەڵام هەر سوودی نابێت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و پزیشکەکە دایک و باوکی کچەکە بانگ دەکەنە ژوورێکی تایبەتەوە و لەوێ ئەوان تێدەگەنن کە ئەم حاڵەتە جۆرێکە لە ترسێکی نائاسایی کە بە (فۆبیا) ناسراوە و نەخۆشیەکی دەروونییە و پێویستە پسپۆرێکی دەروونی لەگەڵ ئەم کچەدا دابنیشێت، ئەمجارەش بەنائومێدی دەگەڕێنەوە ماڵەوە و دایک و باوکی کجەکە زیاتر لەجاران نیگەران بوون، بەجۆرێک ئەم ترس و شلەژانە دەروونیەی کچەکەیان خەریک بوو نەخۆشیەکەی پێشووی کچەکەیانی لەبیر بباتەوە، بۆ ڕۆژی پاشتر دایک و باوکەکە کچەکەیان برد بۆ سەردانی پسپۆرێکی دەروونی، دوای ئەوەی حاڵەتەکەیان بۆ پسپۆرەکە باس کرد، پسپۆرەکە دوای وەرگرتنی هەندێ زانیاری داوای لە دایک و باوکەکە کرد کە ژوورەکە بەجێبهێڵن، پسپۆرەکە دەستیکرد چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و دانیشتنی چارەسازیانە بۆ کچەکە، بەمجۆرە پاش ئەنجامدانی چەند دانیشتنێک لەگەڵ پسپۆرە دەروونیەکەدا هۆکاری ئەم ترس و شڵەژانە دەروونیە زۆرەی کچەکە دەسنیشانکرا و چارەسەر کرا و کچەکە توانی بچێتە ناو ئامێرەکە و تیشکەکانی بۆ گیرا و دەستنیشانی هۆکاری ئازارەکەی کرا و چارەسەری پێویستی وەرگرت و کۆتایی بەهەموو ناخۆشیەکانی ئەو خێزانە هات و تەندروستی باش بۆ کچەکە و ئارامیش بۆ خێزانەکەی گەڕایەوە.
ئەوەی مەبەستە لەم بەسەرهاتە ئەوەیە بزانین ئەم کچە بۆچی لەو ئامێرە دەترسا؟ بۆچی لەو شوێنە تەنگەبەرەی تیشکەکانی تێدا دەگیرێت دەترسا؟
لە زنجیرە دانیشتنەکانی پسپۆرە دەروونیەکەدا دەرکەوت کە ئەم کچە کاتێک تەمەنی (١٠) ساڵ بووە و لەپۆلی چوارەمی بنەڕەتی بووە، ئێوارەیەک کاتی خۆر ئاوابوون بەدزی دایکی و باوکیەوە دەچێتە مارکێتێکی نزیک ماڵی خۆیان بەمەبەستی کڕینی سێتێک قەڵەمی رەنگاوڕەنگ کە بۆ ڕەنگکردنی وێنە بەکاردێت، کچەکە کاتێک دەچێتە ناو مارکێتەکە بەهۆی ئەوەی کاتی خۆرئاوابوون بووە هیچ کڕیارێکی لێنەبووە تەنها خاوەنی مارکێتەکەی لێبووە، کچە (١٠) ساڵانەکە بەخاوەن مارکێتەکە دەڵێت کە ئەو قەڵەمی ڕەنگی دەوێت، خاوەن مارکێتەکە بە دەست ئاماژە بۆ شوێنی ئەو پێداویستیانەی قوتابخانە دەکات لەدوا بەشی مارکێتەکەدا دانراوە، کاتێک کچەکە دەچێتە بەشی دواوەی مارکێتەکە و بەناو قەڵەم و کاڵاکانی تردا دەگەڕێت لەناکاو خاوەن مارکێتەکە بەخراپ کەڵک لەچۆڵی مارکێتەکەی وەردەگرێت و خۆی دەگەیەنێتە منداڵەکە و دەست بۆ جەستەی دەبات و دەیەوێت بەخۆیەوە توندی بکات، منداڵەکەش زۆر هەوڵدەدات خۆی نەدات بەدەستەوە و خۆی ڕادەپسکێنێت لەدەستی، تووشی ترس و تۆقینێکی بەهێز دەبێت، ئەو بەشەی دواوەی مارکێتەکە شوێنێکی تەنگەبەرە و منداڵەکە کاتێک هەوڵدەدات خۆی دەرباز بکات لەبەر تەنگی شوێنەکە بەباشی ناتوانێت جوڵەی تێدا بکات، بەهەرحاڵ بەهۆی قیژاندنی منداڵەکەوە ناچار خاوەن مارکێتەکە دەکشێتە دواوە و منداڵەکە بەترس و شڵەژانێکی دەروونی بەتینەوە هەڵدێت و بەڕاکردن دەچێتەوە بەرەو ماڵەوە، ئەم منداڵە چونکە بەدزی ماڵەوەیان بەو ناوەختە هاتۆتە دەرەوە نەیوێراوە ئەم رووداوە بۆ دایکی و باوکی باس بکات لەترسی سزا، لەو کاتەوە ئەم ڕووداوە لەنەستی ئەم کچەدا پەیوەست بووە بە شوێنی تەنگەبەر و داخراوەوە، لەپاش ئەم رووداوە ئەم کچە لەهەر کاتێکدا ڕووبەڕووی شوێنی تەنگەبەر یان داخراو بووبێتەوە دووچاری ئەو ترس و شڵەژانە دەروونیە بۆتەوە کە بە (فۆبیا) ناسراوە، بەجۆرێک لەو کاتانەدا هەمان ئەو هەڵچوون و شڵەژانە دەروونیەی بۆ دەگەڕێتەوە کە لەکاتی ڕووداوە بنەڕەتیەکەدا بۆ دروستبووە، خێزانەکەی هەرگیز هەستیان بەم حاڵەتە دەروونیەی کچەکەیان نەکردووە هەتا ئەو کاتەی لەنەخۆشخانەکە ڕێکەوتی ئەو هەڵوێست و ترسەی کچەکەی خۆیان کرد، ئامانج لەگێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە ئەوەیە بڵێین: زۆربەی ئەو ترس و شڵەژان و ئاڕاستە دەروونیانەی بەرامبەر شوێنی داخراو یان بەرز یان تاریکی یان خوێن یان گیانلەبەرێکی دیاریکراو یان کەس و ڕەنگ و ڕووداو و خواردن و هەڵوێستە جیاجیاکان هەمانە، ڕایەڵەیەک ئەو حاڵەتە دەروونیانە دەبەستنەوە بە ڕووداوێکی ڕابردووەوە کە لەنەستدا پارێزراون و لەوێوە کار لە ڕەفتار و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانمان بەرامبەر ئەو شتانەی دەوروبەرمان دەکەن، هیوای ئارامی و دەرووندروستی بۆ هەمووان دەخوازم

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/nexoshiye_deruniyekan/babeti-jimare8232.html

سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منداڵ … رەزا شوان

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

( شکسپیر ) دەڵێ : ” لە جیهـاندا سەرینـێک نییە .. کە لە بـاوەشی دایـک نەرمـتربێت )
بە لای ئێمەوە، لە کوردستان پیرۆزتر و جوانتر نییە .. لە کورد دڵپاکتر و لێبووردەتر نییە ..
لە دایک بەسۆزتر و دڵسۆزتر نییە .. لە پێشمەرگەرە قارەمانتر و گیانبەخشتر نییە .. لە ئازادی و ئاشتی شیرینتر نییە .. لە هیوا و بڕوا و هاندەرتر نییە .. لە یەکێتی و تەباییش بە هێزتر نییە .
دایک پیرۆزترین بوونەوەرەی دونیایە .. دایک وشەیەکی بچووکە و، لە چوار پیت پێکهاتووە .. بەڵام جوانترین و ناسکترین و شیرینترین وشەیە، لەسەر زار و، لە ناخی دڵی هەموومان دایە .. دایک جوانترین وشەیە لە فەرهەنگەکانی زمانەکانی هەموو گەلاندا .. دایک وشەیەکە گەورەترین واتای لەخۆگرتووە، کە بە هەزاران وشە و رستە و دێڕ و هۆنراوە و پەخشان و رۆمان، نایاتە باسکردن و ستایش کردن .. دایک واتای بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و دلۆڤانی و بەرخودانی لەخۆگرتووە .. سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی دایک بێ هـاوتا و بێ سنوورن و.. هەرگـیز لەبن نایەن .. دایک هەمیشە دەبەخشێت و، هیچ کاتێکیش چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشت ناکات .. دایک کانییەکی روونی هەمیشەبەخشی بەخۆڕە .. کە بەزەیی و سۆز و خۆشەویستی لێهەڵـدەقوڵێت .. نە لێڵ دەبێت و، نە وشکیش دەکات .
دایک سونبولی ژیانە، هێمای بەخشین و درێژەدان و مانە .. سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە .. لە سکی دایکدا ژیان لە دایک دەبێ .. لە باوەشی دایکدا رۆڵەکانی نیشتمان گوش دەکرین و پێدەگەن .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێ : ” دایک هەموو شتێکە لە ژیـاندا، دڵـدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیـوایە لە بێ ئومێـدیدا، هـێزە لە لاوازیـدا ”
ئەوە دایکمان بوو، پێش ئەوەی چاوەکانمان هەڵبێن، بە سنگی گەرم و نەرمی خۆیەوە نووساندین و ، بە شیری پاکی گۆشی کردین .. ئەوە دایکمان بوو، بۆ ئەوەی بە خۆشی و بە شادی خەومـان لێبکەوێت، بە دەنگە ناسک و شیرین و بەسۆزەکەی لای لایەی کوردەواری خۆشی بۆ دەکردین و، دەیلاواندینەوە، شەونخونی دەکرد و شەو تا بەیانی ئێشکی دەگرتین .. ئەوە دایکمان بوو، رۆژانە لە باوەشی گەرم و نەرمی دەکردین و، دەستە نەرم و جوانەکانی بە سەر و گوێماندا دەهێنا و، بە دەیان زەردەخەنەی شیرێن و ناسکی پێدەبەخشین و، ماچـبارانی دەکردین و هەموو خەم و ئێش و دڵتەنگی و ناسۆرییەکانمانی لەبیردەبردینەوە .. ئەوە دایکمان بوو، کە هەموو نـاز و نووزێکمانی هەڵدەگرت .. بەشە پارووەکـەی خۆی بە دەمانەوە دەکرد .. رۆژی سەد جـارش مەرگی خۆی پێش مەرگمان دەخست و، هەمیشە نزای دەکرد و، لە خـوا دەپاڕایەوە، کە جەرگی نەسووتی و .. ئێمە بێوەی بین .
ئەوە دایکی دڵسۆزمان بوو، کە فێر ئەلفوبێی ( کوردایـەتی ) و ( کوردسـتان پـەروەری ) کـردین .. بەڵی کەسمان لە پڕێک، نەبووینە بە کچ و کوڕێک .. دایکمان یەکەمین مامۆستامان بوو .. باوەشی دایکیشمان یەکەمین قوتابخانەمان بوو .. دایک و باوکمان زۆریان فێرکردین و، زۆر بەها و نەریتی رسەن و جـوانی کوردیمان لە ئەوانەوە فێربووین .
( ریتشار نیکسون ـ سی و حەوتەمین سەررۆکی ئەمریکا ) دەڵێ : ” دەتـوانیت هەمـوو شـتێکم لە بیربەریتەوە .. تەنیا ئەوە نەبێت کە دایــکم فـێرێ کـردووم ”
( ئابراهام لینکۆڵن ـ شانزەمین سەرۆکێکی ئەمریکا ) دەڵێ : ” هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم، ئەو پلە و پایەیەش کە هیوای پێگەیشتنیان دەخـوازم، هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریـزادم ”
کەڵەزانای داهێنەر ( تۆمـاس ئەدیسۆن ) دەڵێ : ” ئەوە دایـکم بوو کە دروسـتی کـردم ”
هونەرمەند ( فلۆریـان ) یش دەڵێ : ” ماچیـک لە لایەن دایکمەوە، وێنەگرێکی جیهانی کردمی بە ”
بە سەدان وتەی ناوداران و پەندی گەلان و، هۆنراوەی شیرین و، چیرۆک و، پەخشان و، رۆمان و، داسـتان، بە هەموو زمانەکانیی جیـهان، دەربارەی بەزەیی و سۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و شکۆداری دایک وتـراون و نووسـراون .
هێندە قەرزاری دایکمانین، هێندە چاکەی بە سەرمانەوە هەیە .. گەر بە درێژایی ژیانمان ستایشی بکەین و پێیدا هەڵبدەین، هەرگیز ناتوانین پاداشتی سۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی و بەخشندەیی بدەینەوە .. ئەوە گەورەتـرین رێز و شکـۆداری و پێزانینە کە : ( بەهـەشت لەژێر پێی دایکانـدایە ) ( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) دەڵێ : ( جیـهان بچـووکیش بێتەوە .. دایـک هەر بە گـەورەیی دەمێنـێتەوە ) .
( جـان جـاک رۆسـۆ ) دەڵێ : ” گەر جیـهان لە چنگێکدا بێ و .. دایـکم لە چنگەکەی تـردا بێ، ئەوا دایـکم هەڵـدەبـژێـرم ) .
کوردیش دەڵێ : ” دایـک لە لای رۆڵەکـانی، قـەد پیـر نـابێت ”
دایک شایانی ئەوەیە و، زۆر لەوەش زیاتر، کە هەموو رۆژێک نەک جارێک، بەڵکو بە دەیان جار سەری رێز و نوازشی بۆ دانەوێنین و، تێر دەستە جوانەکانی ماچ بکەین و، داوای گەردن ئازادی و لێـبووردن و بەخشـینی لێبکەین .. گەر دایـک لـێمان رازی نەبێت، لە ژیـاندا ناحەسێینەوە .
ئێمەش باوکین و، هیوادارین کە باوکـان بە هەڵە لێمان تێنەگەن و، وا بـزانن، کە لە رادەی سۆز و بەزەیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و قوربانیدانی ئەوان بۆ رۆڵەکانیان بە کەمتر دەزانین .. دەڵێن : ” چاکەی باوکـان لە بەرزترین لووتکە چـیا بەرزتـرە .. چاکەی دایکـانيش لە قووڵترین دەریاڵـۆش قووڵترە “.. پیاوانیش هەر لە دایک لە دایکبوونە .. بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنگرە و ناتوانین نکووڵی لێبکەین .. ئەو سۆز و خۆشەویستی و دلۆڤانییەی کە لە دایکدا هـەیە .. بەم رادەیە لە باوکدا نییە .. سۆز و بەزەیی و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی رەمەکی و سروشتییە .. ئەم سۆز و خۆشەویستی و گرینگیپێدانە رەمەکییەش، تەنیا لە دایکی مرۆڤدا نییە .. بەڵکو لە دایکانی هەموو بوونەوەرەکانی کەشدا، رەمەکی و سروشتییە، بێچوەکانیان بە سۆز و خۆشەویسی بە خـێودەکەن و شیر و خواردنیان دەدەنێ و، چاودێری دەکەن و پارێزگارییان لێدەکەن .. تا گەورە دەبن و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن . بۆ نموونە بڕواننە، ئاسکەیەک، مانگایەک، پڵنگێک، مەڕێکی تازە زاو، کە چۆن یەکسەر دەگەشێنەوە و، هەموو ئازارێکی خۆیان لەبیر دەچێتەوە و.. بە زمـانیان تێر بێچـوە تـازە زاوەکـانیان دەلێسنەوە .. بێچوەکانیشیان یەکسەر بۆنی دایکیان دەکەن و دیاناسن و، دەم بە گـوانی دایکيانەوە دەنێن و شیریان دەخـۆن .
سۆز و خۆشەویستی دایک زۆر گرنگن و، کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکەی هەیە .. سوودێکی زۆریان هەیە، بۆ مەستکردنی پێداویستییە جەستەیی و دەروونی و هۆشییەکانی منداڵ .. لە ئامێزگرتنی منداڵ و، قسەکردن لە گەڵێدا بە رووخۆشی و بە شیرینی و بە نەرمی و بە زەدەخەنەوە لە لایەن دایکییەوە .. فاکتەرێکی بەهێزە بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهـێز، لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا .
سۆز لە رووکەشییەکەیدا، ئەوەیە کە دایک رۆژی چـەند جـارێک، بەپێی پێویست و دەرفەت، جگەرگۆشەکەی لە باوەش بکات و بە سنگی خۆیەوە بینووسێنی .. وەکو وتمان سۆز هەستێکی رەمەکی گەورەیە .. منداڵ تەنیا لەسەر سنگی دایک و باوکیدا هەست بەم سۆزە رەمەکییە دەکات.
ئەو منداڵە بەختەوەرانەی، کە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵییاندا، لە ناو شوورەیەکی سۆز و خۆشەویستیدان و، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیانن .. لە داهاتوودا دەبنە ژنان و پیاوانی ژیر و هێمن و دانا و لەسەرخۆ .. دەزانن کە چۆن بە شێوەیەکی راست و دروست و لەبار، بە هۆش و بیر و توانایان، بە سەرکەوتوویی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵوێستەکانی ژیانـدا بکەن .
گرنگترین سوودەکانی سۆزی دایک بۆ منـداڵ :
١ـ گەورەترین خواست و بەرزترین هیوای منداڵ، ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستی دایکی بە دەست بێنێ .. سۆزی دایک فریارەسە بۆ ئەوەی منداڵ لە هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامییەک رزگاری بێت .. سۆزی دایک بڕوا و گەشبینی بە منداڵ دەبەخشێت .. منداڵ بە سۆزی دایک گەورە بەبێ و دەژی .. لە کوردەواریدا، کە منداڵێک لە دایک دەبێت، بەم جۆرە پیرۆزبایی لە دایک و باوکی دەکەن ( منداڵەکەتان پیرۆزبێ و، بە سۆز و بە خۆشەویستی و نازی دایک و باوکی گەورەبێت و پێبگات ).
٢ـ گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی و، هەستکردنی منداڵ بە سۆز و خۆشەویستی دایـکی بۆی .. هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەردوو بەشەکەی ناوچەی ( هـایپۆکـامیس ) لە مێشکی منداڵدا، قەوارەی گەورەتربێت .. ئەم ناوچەیەش لە مێشکی منداڵدا، بەرپرسە لە ئاستی زیرەکی و فێربوون و بیرهێنانەوە و زاڵـبوون بەسەر فشارە دەروونییەکـاندا .. بە تاقیکردنەوەی پراکتیکی و، بە بەراوردکردنی ئەو منداڵانەی کە مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکیان بوون، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە لە سۆز و خۆشەویستی دایکیان بێبەش بوون، یا دایکانیان سۆز و خۆشەویستییەکی کەمتریان پێ بەخشیبوون و، بە گرژی و دڵڕەقی و بە توند و تیژی و بێبەزەییەوە، مامەڵەیان لەگەڵ کردوون، ناوچەی ( هایپۆکامیس) ی مێشکی ئەم منداڵانە کورژتر و بچووکترە لە مێشکی منداڵانی سۆزپاراو .. ئەوەش ساغـبۆتەوە، کە مـنداڵانی سۆزپـاراو لە (١٠ % ) دا، ئاستی زیـرەکی و فێربـوون و بیرهێنانەوە و کۆمەڵایەتییان بەرزترە، لە ئاستی منداڵانی بێبەش لە سۆز و لە خۆشەویتی و لە ناز.
٣ـ سۆز و گرنگیدانێکی زیاتری دایک بە منداڵە نەخۆشەکەی، دەبێتە هۆی زووتر چاکبوونەوەی .
٤ـ لە ئامێزگرتنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە .. یارمەتی دەردانی هۆرمۆنی ( ئۆکسـیتۆسین ) دەدات لە لەشی منداڵدا .. کە هۆکارێکی گرنگە بۆ چالاکردنی دڵ .. یارمەتی ئەوەش دەدات، کە گـازی ئۆکسجین بە ئاسانی و ئاسایی بگات بە خوێن .
٥ـ ماچکردنی منداڵ لە لایەن دایکییەوە .. هۆکارە بۆ گواستنەوەی هەندێ ( بەکتریای سوودبەخش) بۆ منداڵەکەی، کە یارمەتی منداڵ دەدات، بۆ چالاکردن و بەهێزکردنی سستەمی بەرگری لە لەشیدا .
٦ـ کە دایک باوەش بە جگەرگۆشەکەیدا دەکات و، بە نەرمی و ناسکی دەست بە سەریدا دەهێنێت و، بە هیواشی بە پشتیدا دەکێشێت .. منداڵەکەی هەست بە ئەوپەڕی دڵنیایی و بە ئاسوودەیی دەکات .. مەستی گەلێ لە پێداویستییە دەروونییەکانی دەبێت .
( سوکـرات ) دەڵێ : ” هەرگیز هەستم بەدڵنیایی نەکردووە .. تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە لەباوەشی دایکمدا بـووم )
٧ـ دایکایـەتی هەست و سۆز و شادی و خۆشەیەکی زۆر، بە خودی دایکان دەبەخشێت .. کاتێ کە جگەرگۆشەکانیان لە باوەش دەکەن و بە سنگیانەوە دەنووسێنن .. وا هەست دەکەن کە جیهان هی ئەوانە و، مەستی رەمـەکی دایکایـەتی دەبن .
٨ـ ئەو منداڵانەی لە هەرەتی منداڵییاندا، مەستی سۆز و خۆشەویستی دایکان و باوکانیان دەبن و.. بە سۆزداری و خۆشەویستی و رێزگرتن و کۆمەڵایەتی و بە پرەنسیپە دەروونییەکان پەروەردە دەکرێن .. کەمترینی ئەو هەرزەکارانەن، کە لە هەرزەکاریدا لاڕێ دەبنەوە و تووشی هەڵە دەبن .. دووریشن لە سەرکێشی هەوەسبازی و مەیل و سۆزداری و خۆشەویستیی نادورست .. بە دروستی و ژیری و بە رێکیش هەڵسوکەوت لەگەڵ قۆناغەکان و گۆڕانکارییەکانی ژیاندا دەکەن .
( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : ” کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەو خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت دەبێت ”
( گوڵـدن ) دەڵێ : ” کە دایــکم منی خۆشـبوێت .. منیش هەمـوو جیــهانم خۆشـدەوێت ”
لێکۆڵینەوە لە گرنگی سۆزی دایک بۆ منداڵەکەی :
تا ئێستا چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی پراکتیکی لە لایەن دەروونناسانی منداڵان و پزیشکە پسپۆرەکانی بواری تەندروستی و گەشەکردنی منداڵانەوە، دەربارەی گرنگی و سـوود و کارتێکردنی سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی ئەنجام دراون .
لە لێکۆڵینەوەیەکی تازەدا، کە لە لایەن چەند پسپۆرێکی دەروونناسی منداڵان و، چەند پزیشکێکی تەندروستی منداڵان، کە لە نەخۆشخانەی فێیرکاری ( سانت لویس) سەر بە ( زانکۆی واشنتۆن ) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە .. لەم لێکۆڵێنەوەیەدا (٩٢) منداڵ بەشدارییان تێدا کرد .. تەمەنی منداڵەکان لە (٤) ساڵەوە بۆ (١٠) ساڵ بوون، لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا چەند جارێک بە ( لەرینەوەی موگناتیسی ) وێنەی مێشکی منداڵە بەشداربووەکانی لێكۆڵینەوەکەیان گرتن .. گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، گەشەکردنی مێشکی منداڵەکەی خێراتر دەکات .. بە تایبەتیش پێش ئەوەی کە تەمەنی منداڵ بگات بە شەش ساڵان، کە بە گرنگترین و بە هەستیارترین و بنەماترین قۆناغی ژیان دادەنرێت .. قۆناغی پێشبینیکردنی کەسایەتی داهاتووە .
( رۆبەرت مایەر ) مامۆستای یاریدەدەر و، پسپۆر لە پزیشکی دەروونی و، شارەزاش لە رەوشـتە مرۆییەکان لە ( زانکۆی کـالیفۆرنیا ) لە ئەمریکادا، ئاماژەی بە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە کرد و، وتی : ” لێکۆڵینەوەکە ئەوەی بۆمان ساغکردەوە، کە سۆز و خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی، فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ زووترکردن و خێراترکردنی بنیاتنانی مێشکی منداڵ .. کاریگەرییەکی باش و ئەرێنیشیی هەیە لەسەر ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ ”
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخست، کە ئەو منداڵانەی بەختەوەرن لە ماڵەوەدا، بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆش و گەورە کراون .. مێشکیان بە پلە و بە ئەندازەیەکی گەورە پێشکەوتووە .. کە ئەم رادە گەشەکردن و پێشکەوتنە، لە مێشکی ئەو منداڵە بەدبەختانەدا بەدی ناکرێن، کە لە ماڵەوەدا بێزراو و پشتگوێ خرابوون و، لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکان و باوکانیان بێبەش بوون و، بە تووڕەیی و توندوتیژی و بە دڵڕەقی رەفتایان لەگەڵدا کردوون .
لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوەیەدا، ئەوە لە لای دەروونناسان بەرجەستەبوو، کە لە نێوان پێشکەوتنی دروستی ناوچە سەرەکییەکانی مێشک کە کاریگەرییان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، لەگەڵ ئەو سۆزداری و خۆشەویستییانەی کە تێیدا دەژین، پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە .
پرۆفیسۆر ( جـوان لوبی ) پسپۆر و شارەزا لە پزیشکی دەروونناسی منداڵان لە کۆلێژی پزیشکی لە ( زانکۆی واشـنتۆن ) لە ئەمریکا .. کە پێشتر هەر لەم بوارەدا و، لە بارەی هەمان بابەتەوە چەند توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام دابوو .. خاتوو ( جـوان ) ئەندامێکی سەرەکی و کارای گرووپی ئەم لێکۆڵینەوە تازەیەش بوو، لە بارەی دەرەنجامی لێکۆڵێنەوەکەوە دەڵێ : ” ئەم لێکۆڵینەوەیە بەڵگەی زۆر بەهـێزمان پێشکەش دەکا، کە زووەخـتی گرنگیدانی دایک بە منداڵەکەی زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی تەندروستی مێشکی منداڵەکەی بە شێوەیەکی ئـەرێنی، کە کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی هەیە ”
پرۆفیسۆر ( جـوان لـوبی ) هەر لە بارەی لێکۆڵینەوە تازەکەوە، دەڵێ : ” توێـژینەوەکـانی پێشوتـر گرنگی هەستکردنی منداڵانیان لە ساڵە یەکەمەکانی تەمەنیاندا پشتگوێ خستبوون .. ئەو زیانـانەی کە لە ئەنجامی بێبەشکردنی منـداڵ، لە بەزەیی و سۆز و لە خۆشەویستی تووشی مێشکی منـداڵ دەبن .. ناتوانرێت لە ساڵانی داهاتووی تەمەنیدا، قەرەبوو بکرێنەوە .. تەنانەت گەر کەسوکـاری شێوازی پەروەردەکردنیشی بگۆڕن .. ئەمەش پسپۆرانی بە ئاگاهێنانەوە، کە جەخت لەسەر گرنگی هەستی منداڵ بکەن و، بە رادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیی هەبێت، کە هەموو باشییەکانی تر دەستەمۆی دەبن ”
دایکـان و باوکـانی بەسۆز و دڵسۆز :
کوردیلەکانمان جگەرگۆشەمانن .. هیوای داهاتووی کوردستانن .. لەسەرمانە کە بە رادەی پێویست بە سۆز و بە خۆشەویستی گۆشیان بکەین .. لەسەرمانە کە بە هەستی کوردایـەتی و بە کوردسـتان پەروەری پەروەرەدەیان بکەین .. بێگومان چارەنـووس و داهاتـووی کـورد و کوردسـتان، بەندە بە رادەی دڵسۆزیمان بۆ منداڵەکانمان و، بەندن بە شێوازی دروستی پێگەیاندنیان .. بە بەخشینی سۆز و خۆشەویستێمان پێیان .. ئەمەش ئەرکێکی زۆر پیرۆزە و گرنگترین پێویستی ئەستۆمانە .. پشکی شێری شانـازی لە هێنانەدی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان، بەر ئێمەی دایکـان و باوکان دەکەوێت .. هەر نابەڵەدی و خەمساردی و هەڵەیەک، هەر کەمتەرخەمییەک لە گۆشکردن و پەروەرەکردن و لە ئاراستەکردن و لە رێنمایی کردنی جگەرگۆشەکانمان .. دەبنە هۆی ئەوەی کە ئاکامێکی نەرێنییان لێبکەوێتەوە .. کە هەر هەموومان لە ئاکامێکی نەخوازراوی وادا لێی بەرپرسین و، هەمووشمان باجێکی زۆری هەڵە و کەمتەرخەمییەکانمان دەدەینەوە .. پەشیمانیش بێهوودەیە .

( ئەلـیزابێس مـاخ ) دەڵێ : ” لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منداڵەکانماندا، هەر هەڵەیەک بکەین، دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێک کە لە پێناوی پاشەڕۆژێکی باشتردا دەستمان داوەتی ”
رەزا شوان
(*) رەزا شوان : نووسەرێکی بواری ئەدەبی منداڵانە .. لە ساڵی (١٩٤٦) لە ( کەرکوک ) لە باشووری کوردستان لەدایکبووە .. لە ساڵی (١٩٩٩) ەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ( بێرگـن ) لە وڵاتی نەرویـج دەژیـن .

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/derunnasy_mndall/babeti-jimare8228.html

چۆن سزای خۆمان بدەین ؟ – تە نیا بەدرەدین :پسپۆری دەروونی

دەروونناس: سامان سیوه‌یلی

رەنگە پێمان سەیر بێت چۆن دەتوانین سزای خۆمان بدەین ئەوەشمان بێتە بیر چ سزایەك بۆ خۆمان هەڵبژێرین” بۆ ئەو هەڵەی كە كردومانە ئایا سزای جەستەی بێت یان سزای دەرونی بەڵام ، دەبَیت ئەوە لەبیر نەكەین ئەوەی ئێمە مەبەستمانە سزادانی جەستەی نیەكە هەندێك كەس بۆ ئازاردنی خودی خۆیان بەكاری دەهێنن نمونە كاتێك یەكێك هەڵەیەكی دیاری كراودەكات بریار دەدا شوێنێكی دیاری جەستەی خۆی بسوتینی بۆ ئەوەی دووبارە نەگەرێتەوە سەر هەڵەكەی لە گەل ئەوەشدا ئەو جۆرە هەڵەیە پاشماوەیەكی ناتەندروست لەسەرجەستە بەجێ دەهیڵێت لە داهاتوش دا لەسەر ئەو جۆرە سزادانەی خۆمان پەشیمان دەبینەوە لەبەر ئەوەی پاشماوەیەكی ناتەندروستی لەسەرجەستەمان چێهێشتووە بە هۆی هەڵەیەكمانە وە یاخوت هەندێك تاك هەیە كاتێك كە هەڵەیەك دەكات پەنا دەباتە بەر هەندێك ماددەی هۆشبەر بۆئەوەی فەرەبووی هەڵەكەی بكات و لەبیری بكات كە ئەم چۆرە سزایەش كاریگەری خراپ لەسەر مێشكو كۆئەندامەكانی تر لەش بەجێ دەهیڵیت و ناتەندروستە ،بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كاتێك ئێمە هەڵەیەك دەكەین بەرامبەر بە كەسی بەرامبەر كە هیچ پاساوێكمان بۆی نیە بۆئەوەی نكۆلی لی بكەین راستەو خۆ داوای لی بوردن دەكەین یاخوت پاش ماوەیەك داوای لی بوردنی لی دەكەین ئەمەش پی ناگوتریت سزادانی دەرونی، بەڵكو ئەمە لیبوردەیو بەهێزی تاكەكەیە كە دان بەهەڵەكەی دەنێت , ڵەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جارحەزمان لە نكۆلی كردنە ئەو هەلەیەی كەكردومانە بە هەلپەسێردراوی دەیهێڵینەوە بەڵام دەكریت بۆ چارەسەركردنی هەڵەكەی خۆمان داوای لی بوردن هەلبژێرن ئەوكات كێشە كانمان چارەسەر دەبێت و ئەو فشارە دەرونیەی دروست بووە دادەبەزێت و پاشماوە كەی كاریگەریمان لەسەر دروست ناكات وئەوكات بە دەرونێكی ئاسوودەوە دەتوانین لە دەوروبەر بروانینن وگەشبین ترسەیری ژیان بەكەین . ئەوەی ئێمە مەبەستمان جەختی لەسەر بكەینەوە سزادانی دەرونی خۆتە مەبەست لە سزادنی دەرونی ئەوەیە كە تۆ بۆئەوەی جارێكی تر ئەو هەڵەیەی كەلەرێگەی سلوكەوە یان لەرێگەی و ووشە یان لە رێگەی ئامرزای نیشانەوە ئەنجامداوە دووبارە نەكەیتەوە . بۆماوەیەكی كاتی دەرونی خۆت ئازاردەدەیت رەنگە زۆرجا هەستیش بەم ئازارە دەرونیە نەكەیت ئەمیش لە رێگەی قەدەغەكردنی ئەوشتەی كە هەڵەت پێ كردوە .كەخۆت دروست كەرو سەرچاوەی دروست بوونی ئەو ئالۆزیە بووی كەبۆتە هۆی ئەوەی بەرامبەرەكەت بێزاركردوە یان توشی قەیرانێكی دەرونیت كردوە كە تێروانینی بەرامبەر كەسایەتی تۆ گۆراوە یاخوت بە شێوەیەكی ناشیاو ناتەندروست مامەلەت لەگەل كردوە . بە نمونە كاتیك لەرێگەی تەلەفونەوە لە هەڵچونێكی تورەیدا سەر زەنشتی هاورێكەت دەكەیت و خۆت پێ كۆنتروڵ ناكرێت ئەوسەرە زەنشتە جێگەی قبوڵ نیە دەكرێت سزای خۆت بدەی بەوە كە ماوەی یەك هەفتەیەك یان زیاتر مۆبایل بەكارنەهێنی بۆ ئەوەی لە لات ببێتە رەمزێك هەركاتێك ویستت هەڵ بچیت و كەسێك سەر زەنشت بكەیت یان بێزاری بكەیت ئەوەت بەبیر بێتەوە كەتو لەسەر ئەم رەفتارە خراپەت خۆت سزاداوە و نابیێت جارێكی تر خۆت سزا بدەیتەوە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك جارێكی ترنەگەرێتەوە سەر ئەو جۆرە رەوشتەی كە ئەنجامداوە . یاخوت تۆ لە كاتی بەكارهێنانی یەكێك لە ئامَیرەكان كە پیویستە بەلایەنی سودمەنددیەوە بەكاری بهێنی بەڵام، بۆ لایەنی ناتەندروست بەكاری دەهێنی و زیان بەخۆت و دەوروبەركەت دەگەینی نمونە ئاڵوودەبوون بەسەیركردنی فیلمە سێكسیەكان لەسەر تۆری ئەینتەرنێت ناتوانیت وازی لی بێنیت وخۆت كۆنترۆل بكەیت دەكریت ماوەیەكی دیاری كراو ئینتەرنێت بەكارنەهێنی و لە خۆتی قەدەغەبكەیت قەرەبووی بكەیتەوە بەكۆمەلێك چالاكی تری تەندروست ئەمەش جۆرێكە لەسزادان . رەنگە ئەمە بەلای زۆربەمانەوە سەخت بێت و نەتوانین ئەم جۆرە سزایە بۆخۆمان هەڵبژێرین بە پاساوی ئەوەی كە ئەو توانایەمان نیە بەڵام دەكریت تۆ ئیرادەی خۆت تاقی بكەیتەوە باوەرت بەخۆت بێت كە ئیرادەت بەهێزە هەربریاریك بدەیت جێ بەجێی دەكەیت بەڵام ئەگەر هاتوو تۆ نەتوانی سزای خۆت بدەیت لەسەر ئەوكارەخراپانەی ئەنجامی دەدەی لەگەل ئەوەشدا لەبیری ئەوە دابوو ئەو كارانە تەرك بكەیت . بەڵام جێ بەجێ ی نەكەی ئەمە نیشانەی بێ ئیرادەییە بۆیە ئەمە دەبێتە تاقی كردنەوەیەك بۆ زانینی ئیرادەی خۆت وە جگە ,لەوەش فێری یاسایەكی تایبەتت دەكات بەخۆت بۆئەوەی زیاتر بژیت بە بێ كیشەو گرفتی دەرونی .ئێمە قسە لەسەر ئەوە ناكەین كە لەرابردوو چیت كردوە پێویستە سزای خۆت بدەین ئەمەیان گرینگە تۆ لە رابردووهەر ئەوەندەت هەبووە كارت پی كردوە رەنگە هەڵەو كەمو كورتی زۆری تیابێت قسەكردنی ئێمە لەسەر ئێستایە تۆ ئیستا هەڵەیەك دەكەیت و بریاری ئەوەش دەدەیت كە دووبارەی نەكەیتەوە بەڵام ،دەبینیت حەزی ئەوەت هەیە كە دووبارەی بكەیتەوە رەنگە لەجارانیش ناتەندروست تر بیكەیت. بەڵام، ئەگەر تۆ سزای خۆتدا هەرگیز جارێكی تر دووبارەی ناكەیتەوە ئەوكات ئاشت بونەوەیەكیش لە گەل خۆت و دەوربەرت دروست دەكەیت و بەتەندروستەكی دەرونی باشیش دەژیت. دەبێت ئەوەش بزانیین هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا وێڵو سەرگەردانی بەختەوەرین, بەلام كێشەكان لێرەوە دەست پێ دەكات كە ئێمە نازانین چۆن خۆمان بەختەوەربكەین و بێ كیشەو گرفت بژین ئەو سزادانەی كە ئێمە باسمان كرد رەنگە تارادەیك بۆماوەیكی كەم فشارێكی دەرونیمان بۆدروست بكات ولە قەیرانێكی دەرونی بژین ,بەلام ڵەگەڵ ئەوەشدا ,فێرمان دەكات چۆن بتوانیین بە سەرخۆمان زال بین و چۆن ئیرادەمان بەهێز بەكەین چۆن ئاگاداری تەندروستی جەستەی و دەرونی خۆمان بین هەمووئەو تاكانەی كەسزای خۆیان دەدەن بەشێوەیەكی تەندروست لەسەر هەلەیەك بێ گۆمان كەسانی سەركەوتوو بەختەوەرن و خۆیان لەرووی دەرونی و جەستەیەوە خۆش دەوێت و نایانەوێت هۆگربوون بە هەندێك سلوك كە قبول كراو نیەو زیان بە جەستە و دەرون و پەیوەندیە كۆمەلایەتیەكانیان بگەینێت.

سه‌رچاوه‌ Mallperrî Derunnasy
درێژه‌ی بابه‌ت http://derunnasy.com/babeti_tir/babeti-jimare8224.html