لە وەڵامی خوێنەرێکدا دەربارەی پرسیاری سەربەخۆیی

مەریوان وریا قانیع

 

 

مەریوان وریا قانع

 

“سڵاو کاک مەریوان، لەبەرچی بابەتێک نانوسی کە تۆ زۆر بەچارەسەری ئەزانی بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆ؟ هەموومان هەر ڕەخنەمان هەیە ڕوئیایەکی ڕاست و دروستمان نییە، ئایا کورد چ هەڵبژاردەیەکی هەبێت؟ دەستبەرداری سەربەخۆیی بێت یان لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە؟ ئایا عێراق دەتوانێت پابەندی ئەو پێکەوە ژیانە بێت کە ئێمە ئەمانەوێت؟ یان چ جۆرە بڕیارێک بۆ ئەم هەموو نەهامەتییە باشترینە؟”.
ئەمەی سەرەوە نامەی خوێنەرێکە بۆ من کە نایناسم. لەم ماوەیەدا چەندان نامەم بەھەمان ناوەڕۆکەوە بۆ ھاتووە. لێرەدا ھەوڵئەدەم لە دە خاڵدا دید و ڕوانینی خۆم بنووسم.
یەکەم: ئەمڕۆ لە ھەرێمدا گوتارێکی دروستکراوە وای نیشنائەدات کە کورد یان ئەوەتا جیادەبێتەوە و سەربەخۆ دەبێت، یان ئەوەتا ئەنفال دەکرێت و لەناودەبرێت؟ ئەم گوتارە وای نیشانئەدات کەسێک کەمێک عەقڵ و کەمێک ویژدان و کەمکێک ئەخلاقی ھەبێت دەڵێت با جیاببینەوە و خۆمان و نەوەکانی داھاتوو ڕزگاربکەین. سەربەخۆیی وەک وەڵامدانەوە بە ئەنفالکردن و چەوساندنەوە و ماڵوێرانیی دانراوە.
دووھەم: بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا بە ڕاست کوردانی باشور ئەمڕۆ لەبەردەم ئەو دۆخەدان؟ ئایا بەڕاست ئێمە لە سبەینێی ئەنفالێکی تازەداین؟ ئایا ئەگەر ئەمڕۆ جیانەبینەوە سبەینێی لەناودەچین؟ وەڵامی من بەم پرسیارانە نەخێرە. نەخێرێکی گەورەش. ئەگەر خۆمان نەخڵەتێنین و سەیرێکی ھێمنی دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێم بکەین چی دەبینین؟
سێھەم: بە بۆچوونی من کورد ئەمڕۆ لە عێراقدا لە دۆخی سەربەخۆبوونێکی ڕێژەیی گەورەدا دەژیی. کورد ھەم پەرلەمان و ھەم حکومەت و ھەم لەشکر و ھەم ئاڵا و ھەم سرودی نیشتیمانیی و ھەم پەیوەندیی دەرەکیی و ھەم “ئابوریی نەوت” فرۆشیی و ھەم “پرۆژەی دەستور”ی سەربەخۆی ھەیە و لەھیچ شتێکی گرنگدا نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق، لە ھیچ شتێکیشدا بەگوێی بەغدای نەکردوە و بە کردەوەش بەغدا دەستی نەخستۆتە ناو سیاسەتەکانی ھەرێمەوە. بە کردەوە ئەوەی ئەمڕۆکە لە ھەرێمدا ھەیە لە کۆنفیدراڵیەتەوە نزیکە تا لە فیدراڵیەتەوە.
چوارەم: کورد لەناو عێراق خۆشیدا چەندان پۆستی سیاسیی و سەربازیی گرنگی ھەیە و بەشدارە لەو ماشێنە سیاسییەدا کە لەبەغدا دروستکراوە و کاردەکات.
پێنجەم: بەڵام وەک ھەموو سیستمێکی فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی کێشە و گرفت ھەیە. ھیچ سیستمێکی فیدراڵیی لە دونیادا بوونی نییە بەبێ کێشە. کێشەی ھەرە سەرەکیی ئەمڕۆکەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمدا ئەوەیە کە ھەرێم بەکەیفی خۆیان نەوت دەفرۆشن، پارەکەشی نەک حکومەتی عێراق، بەڵکو خەڵکی کوردستانیش نازانێت چەندە و چی لێدێت و بۆ کوێ دەڕوات. ھەموومان دەزانین ئابوری نەوت، کە بڕبڕە پشتی ئابوریی کوردستان و عێراقە و بژێوی خەڵک پێوەی پابەندە، ئابورییەکی تەواو تاریکە. لە ھەرێمدا بە پلەی یەکەم لەژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانیدایە. ئەم دۆخەش دۆخێکە نە کورد خۆی پێی ڕازییە و نە غەیرە کورد، ئەوانەی پێی ڕازین کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسیی و نوخبەیەکی سیسیی گەندەڵ و بڕێک لەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەن کە ریسکی گەورە دەکەن و بەدوای قازانجی زەبەلاح و خێرادا دەگەڕێن.
شەشەم: بەبۆچوونی من ھەرێم بە کردەوە بەسەربەخۆیی دەژیی و کاردەکات، بەڵام سەربەخۆییەک کە ڕانەگەیەندراوە، ھەموو ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆیی و جیابوونەوەش لە عێراق یەک دونیا کێشەی گەورە دروستدەکات کە ھەرێم دەرەقەتی ھیچ یەکێکیان نایەت، لە کێشەی ئابوورییەوە بۆ کێشەی ئەمنیی و لە کێشەی سەربازییەوە بۆ کێشەی پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکاندا، ئەمە جگە لە ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورە لە ئاڵۆگۆڕی دانیشتوان و ھاتنەکایەی دۆخێکی درێژخایەنی نائارامیی ھتد….ئەو گوتارەی کە باس لەوە دەکات ئێمە دەبینە دراوسێیەکی باشی بەغدا لەسەر وەھم و گەمژەییەکی سیاسیی گەورە دروستکراوە.
حەوتەم: باشە ئەلتەرناتیڤی ھەرێم، جگە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، چییە؟ وەک وتم پرسیاری سەرەکیی ئەمڕۆکە ئەوە نییە ئێمە یان ئەنفال دەکرێینەوە یان سەربەخۆ دەبین. ئەم شێوازی داڕشتنی گوتارە تەواو خڵەتێنەرانەیە و مەبەست و تەماحی گروپێک لە سیاسیی ئێکسپایەر ئاراستەی دەکات. بەبۆچوونی من پرسیاریی سەرەکیی ئێمە ئەمڕۆکە ئەمەیە: ئایا ئێمە بەردەوامی بدەین بەو گەڕەلاوژە سیاسییەی ناو حکومەتی ھەرێم و بەو مۆدێلە وێرانە لە حوکمڕانیی کە ھەیە؟ ئایا درێژەبدەین بەو دزیی و جەردەیی و تاڵانییە گەورە و کەموێنەیە کە ھەیە و لەشکرێکی گەورە لە مرۆڤی بێماف و بێنرخ و بێبەھای دروستکردوە، یان کار لەسەر دروستکردنی مۆدێلێکی پێشکەوتو بکەین؟.
ھەشتەم: ئەڵتەرناتیڤی ئێمە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە، کە بە بۆچوونی من ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا حوکمڕانە زۆر لەوە داماوتر و بێتواناتر و بێپلانترە بتوانێت سەربەخۆیی ئەنجامبدات و گەر ئەو موغامەرەیەشی کرد زۆر لەوە بێتواناترە بتوانێت بیپارێزێت، ئەلتەرناتیڤی ئێمە ئەوەیە ئەو شێواز و مۆدێلە وێرانەی حوکمڕانیکردن لە ھەرێمدا چاک بکەین. بۆ نموونە نەھێڵین نەوت و غاز بەو جۆرە بفرۆشرێت کە تا ئەمڕۆ فرۆشراوە، داھاتی نیشتیمانی لەژێر دەستی ئەو چەند کەس و خێزانە بھێنینەدەر کە ساڵانێکی قۆرخیان کردوە، نەھێڵین چارەنووسی ئەو میلەتە لەدەستی یەک دوو خێزانی سیاسیدا بێت، ئەو بێیاسایی و بەرەڵایی و گەندەڵییە کەم وێنەیە چارەسەربکەین کە دروستکراوە. لەشکر و سوپایەکی نیشتیمانی دروستبکەین و نەھێڵین ھەر بەرپرسێک سوپای تایبەتی خۆی ھەبەێت. گەشە بە ئابوریی ھەرێم بدەین و ڕزگای بکەین لەوەی کورتببێتەوە بۆ ئابوریی نەوت و غاز فرۆشتنێکی مافییایانە. جیھازێکی ئیداری مۆدێرن دروستبکەین کە حیزب و بنەماڵەکان پڕیان نەکردبێت لەکەسانی بێتوانا و گەندەڵ.
نۆھەم: بە کورتی وڵات و نیشتیمان و مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن ئیرادە دروستبکەین. ئەمانەش بەو دیوەخانە سیاسییە ناشەرعیەی ئەمڕۆکە لە ھەرێمدا ھەیە و دروستکراو دروستنابێت. بەو سیاسیانە دروستنابن کە وڵاتەکە وەک کێڵگەیەکی مریشک و کەڵەشێری خۆیان دەبینن و مامەڵە دەکەن.
دەھەم: لەھەمووشی گرنگتر ئەوەیە لەو ڕاستییە سادەیە تێبگەین کە دەوڵەت و سەربەخۆیی بە قسە و درۆ و موزایەدەی سیاسیی دروستنابێت. بەتایەبتی لە ھەلومەرجێکدا زلھێزەکانی دونیا و نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و زۆرانێکی تر پێت بڵێن واز لە موزایەدەی سەربەخۆیی بھێنە. ئەمە جگە لە ئامادەگییەکی گەورەی سوپای تورکیا لە دەیان شوێنی ھەرێمدا.

The post لە وەڵامی خوێنەرێکدا دەربارەی پرسیاری سەربەخۆیی appeared first on ئاگاپرێس | Aga Press.

سه‌رچاوه‌ ئاگاپرێس | Aga Press

درێژه‌ی بابه‌ت

Advertisements

وه‌ڵامدانه‌وه‌

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s