موسڵی‌ دوای‌ داعش شه‌ڕه‌كه‌ كۆتایی‌ دێت‌و پێشمه‌رگه‌ ناكۆكییه‌كی‌ تری‌ له‌رێیە

قوربانی هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵدا بێ ئامانج نییه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سنوره‌ی‌ به‌ر له‌هاتنی‌ داعش له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌  2014دا هه‌ژمونی‌ ئه‌منی‌‌و سیاسی‌‌و ئیداریان تیایدا هه‌بوو، له‌سنوری‌ پارێزگا نه‌ینه‌وا.

 

مانه‌وه‌ی‌ كورد له‌ناوچه‌ تازه‌ رزگاركراوه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا پێناچێت هه‌روا به‌ئاسانی‌ تێپه‌ڕێت به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ناوچه‌یه‌كدا ده‌یانه‌وێت بمێننه‌وه‌ 13 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌نددا له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی‌ ناكۆكن.

 

به‌ره‌به‌یانی‌ 17ی‌ تشیرینی‌ یه‌كه‌م نزیكه‌ی‌ سی‌‌و پێنج هه‌زار پێشمه‌رگه‌ به‌شداریان كرد له‌یه‌كێك له‌ئاڵۆزترین شه‌ڕه‌كانی‌ عێراق له‌دژی‌ داعش بۆ كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی‌ موسڵ، دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری‌ عێراق  كه‌ له‌ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ له‌ده‌ست ئه‌و گروپه‌دایه‌.

 

 

ئه‌و به‌شداریه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ره‌نجامی‌ رێكه‌وتنێكی‌ پێشوه‌خت بوو كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ      به‌داعش پێی‌ گه‌یشتن.

 

له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵدا هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ موسڵه‌وه‌ پێشڕه‌ویان كردو زیاتر له‌نۆ گوندیان كۆنترۆڵ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ناوچه‌ی‌ كوردی‌ جێناكۆك ناسراون.

 

 فه‌ریق جه‌مال محه‌مه‌د سوپا سالاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌”نیقاش”ی‌ وت “به‌پێی‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا پێشمه‌رگه‌ له‌چوار میحوه‌ره‌وه‌ به‌شداری‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ ده‌كات‌و ئه‌و هێڵه‌ی‌ وه‌ك قۆناغی‌ یه‌كه‌م بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ دیاریكراوه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ موسڵ له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا پێی‌ گه‌یشتین”.

 

سوپا سالاری‌ پێشمه‌رگه‌ وتیشی‌ “بۆ قۆناغی‌ داهاتوو ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی‌ رویدا چاوه‌ڕێی‌ فه‌رمانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین”.

 

به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌ریه‌ك له‌میحوه‌ره‌كانی‌ خازرو باشیك‌و نه‌وران‌و به‌ربه‌ستی‌ موسڵه‌وه‌ پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌كه‌ونه‌ باكورو رۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ موسڵ‌و رۆژئاوای‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ش پێش هاتنی‌ داعش له‌ساڵی‌ 2014دا كێشه‌یان له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ نه‌توانرا به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق خاوه‌ندارێتی ئیدارییان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا.

 

فه‌ریق جه‌مال محه‌مه‌د ده‌ڵێت “پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌ندێك جێگه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ به‌ر له‌هاتنی‌ داعش له‌موسڵ به‌ده‌ستیه‌وه‌ بوون‌و له‌هه‌ندێك ناوچه‌ش ئه‌و سنوره‌ی‌ پێشوویان تێپه‌ڕاندووه‌، بۆ ئه‌مه‌یان له‌ئاینده‌دا ده‌بێت رێكه‌وتنی‌ له‌سه‌ر بكرێت”.

 

به‌ر ده‌ركه‌وتنی‌ داعش له‌ساڵی‌ 2014 دا كورد (16) یه‌كه‌ی‌ ئیداریی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وای‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو كه‌ زۆربه‌یان ئه‌و ناوچانه‌بوون كه‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كورد بوون‌و ده‌كه‌وتنه‌ سنوری‌ ماده‌ی‌ (140)ه‌وه‌.

 

ئه‌و ناوچانه‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منییان له‌ده‌ست هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا بوو به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ هاتنی‌ داعشه‌وه‌ زۆربه‌یان چۆڵبكه‌ن كه‌ دیارترینیشیان قه‌زای‌ شه‌نگالی‌ ئێزدیه‌كان بوو.

 

له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵدا زیانه‌ گیانیه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ 10 شه‌هیدو زیاتر له‌بیست برینداربوو، ئه‌و قوربانیه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌كردن له‌و هێڵانه‌ی‌ رزگاریكردوون ئه‌سته‌مه‌.

 

هه‌ڵۆ پێنجوێنی‌ به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ موسڵی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌سه‌رپه‌رشتیارانی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ میحوه‌ری‌ خازر ئاماژه‌ به‌وده‌كات كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و سنوره‌ی‌ ئێستا ده‌مێننه‌وه‌و سوپای‌ عێراق‌و هێزه‌ نێوخۆییه‌كان له‌وه‌و دوا كار ده‌كه‌ن به‌ره‌و موسڵ.

 

هەڵۆ پێنجوێنی‌ به‌”نیقاش”ی‌ وت “ئه‌و ناوچانه‌ی‌ رزگارمان كردوون كوردنشین‌و جێناكۆكن‌و جگه‌ له‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ش هیچ هێزێكی‌ تر ناتوانێت گه‌ره‌نتی‌ ئاسایشی دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بكات”.

 

پێنجوێنی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نابێت موسڵی‌ دوای‌ داعش وه‌ك موسڵی‌ پێش داعش بێت‌و ئه‌و پرسه‌ پێویستی‌ به‌پێداچونه‌وه‌یه‌، وتیشی‌”به‌داخه‌وه‌ تائێستا له‌نێوان ناوه‌ندو هه‌رێمدا رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌و مانه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناچانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و رێكه‌وتنانه‌وه‌”.

 

 له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ له‌عێراق له‌ساڵی‌ 2003 ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ نه‌ینه‌وا كرۆكی‌ كێشه‌ بوو له‌نێوان كوردو عه‌ره‌به‌ سونه‌كاندا كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌شداریان پێكه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاو ئیداره‌ی‌ خۆجێی‌ شاره‌كه‌، نه‌یانتوانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن‌و مه‌ترسیش هه‌یه‌ كه‌ بۆ قۆناغی‌ دوای‌ نه‌مانی‌ داعش ئه‌و كێشه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌به‌پرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌ تازه‌ رزگاركراوه‌كان.

 

د.واسق هاشمی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ عێراقی‌ بۆ لێكۆلێنه‌وه‌ ستراتیژیه‌كان پێیوایه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ قۆناغێكی‌ متمانه‌ له‌نێوان به‌غداو هه‌رێم له‌سه‌ر موسڵ دروست بووه‌، به‌ڵام دوورنییه‌ بۆ قۆناغی‌ دوای‌ داعش ناكۆكی‌ له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان دروست ببێت كه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و  چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و پرسه‌ پێویستی‌ به‌رێكه‌وتنی‌ سیاسی‌ ده‌بێت.

 

هاشمی‌ به‌”نیقاش”ی‌ وت “له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌تدا له‌16ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م، خۆم له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانیم بیست، بۆ موسڵ په‌یڕه‌وی‌ ئه‌و رێكاره‌ ناكه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خوێن گیراوه‌ نادرێته‌وه‌و ده‌بێت بارودۆخه‌كه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ قۆناغی‌ به‌ر له‌ 2014 ” .

 

“قۆناغی‌ دوای‌ داعش بۆ موسڵ ئه‌سته‌م تره‌ له‌قۆناغی‌ به‌ر له‌هاتنی‌” ئه‌مه‌ ئه‌و تێروانینه‌ باوه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ ساڵێكه‌ ناوه‌نده‌ی سیاسیه‌كانی‌ عێراق‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ پێشبینیان كردووه‌، ئه‌و تێروانینه‌ بۆ ئاینده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ش له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نه‌ینه‌وا هه‌رواده‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ هاوكێشه‌ی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ سیاسیه‌كانیش له‌و سنوره‌ گۆڕاون.

 

هه‌رێمی‌ كوردستان پشتی‌ به‌نزیكبوونه‌وه‌ له‌خێزانی‌ نوجێفی‌ قایم بوو سه‌باره‌ت به‌موسڵ كه‌ به‌رله‌هاتنی‌ داعش باڵاترین پۆستی‌ ئیداری‌ شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وبوو، ئه‌ویش پارێزگار بوو، به‌ڵام لادانی‌ ئه‌سیل نوجێفی‌ له‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌ په‌تی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی‌ باریك كردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌ سونه‌كاندا.

 

عه‌بدولره‌حمان لویزی‌ په‌رله‌مانتاری‌ سوننه‌و نوێنه‌ری‌ موسڵ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌  نوجێفیه‌كان له‌موسڵ جه‌ماوه‌ری‌ پێشویان نه‌ماوه‌و ئه‌وه‌ش به‌به‌ڵگه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ پاڵێوراوی‌ ئه‌و خێزانه‌ بۆ پۆستی‌ پارێزگاری‌ نوێ له‌نێو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگادا نه‌یتوانی‌ ده‌نگی‌ هیچ كام له‌ئه‌ندامه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

 

عه‌بدولرحمان لویزی‌ به‌”نیقاش”ی‌ وت “ئێستا دوو تێروانینی‌ توندڕه‌و هه‌یه‌، یه‌كه‌میان پێیوایه‌ ماده‌ی‌ 140 كۆتایی‌ هاتووه‌ كه‌ به‌شێك عه‌ره‌به‌ سونه‌كانن‌و بۆچونی‌ دووه‌میش كه‌ كورده‌ پێیوایه‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مری‌ واقع به‌ركاره‌ له‌و پرسه‌دا، به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌رێكی‌ سیاسی‌ ناوه‌ند له‌نێوان ئه‌و دوو تێروانینه‌دا كێشه‌ی‌ بونی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌جێناكۆكه‌كان ئاڵۆز ده‌بێت”.


سه‌رچاوه‌ نیقاش

درێژه‌ی بابه‌ت

وه‌ڵامدانه‌وه‌

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s