حه‌ویجه‌ له‌رێیه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ باڵای‌ پێشمه‌رگه‌: شه‌ڕی‌ موسڵ درێژه‌ ده‌كێشێت‌و پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی‌ شار ناكات

ئه‌وه‌ی‌ له‌یه‌كه‌م رۆژی‌ هێرشه‌كه‌ 17ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م روویدا، به‌روونی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقی‌‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ش رووداوێكه‌ له‌دوای‌ 2003ه‌وه‌ وێنه‌ی‌ كه‌م بووه‌.

 

لیوا مه‌ریوان محه‌مه‌د فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی دووی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان كه‌ سه‌ر به‌هێزه‌كانی‌ 70ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، بوونی‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌و له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تی‌ “نیقاش”دا كه‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌و ته‌نها یه‌ك رۆژ دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌گه‌ڵی‌ ئه‌نجامدرا، له‌باره‌ی‌ قۆناغی‌ دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت “پێشمه‌رگه‌ به‌شێك نابێت له‌ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان”.

 

 لیوا مه‌ریوان محه‌مه‌د فه‌رمانده‌یی‌ هێزێك ده‌كات كه‌ ژماره‌یان 11 هه‌زارو 250 پێشمه‌رگه‌یه‌، له‌ئێستادا حه‌وت هه‌زاریان له‌به‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ موسڵن، ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌یه‌كه‌كانی‌ حه‌فتای‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ ئه‌و یه‌كه‌یه‌ له‌هه‌شتا هه‌زار پێشمه‌رگه‌ پێكهاتوون.

 

لیوا مه‌ریوان ئێستا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی‌ له‌میحوه‌ری‌ خازرن (37كم باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ)، ئه‌م هێزه‌ خاوه‌نی‌ چه‌ندین چه‌كی‌ قورسن له‌تانك‌و زرێپۆش، به‌ڵام خۆی‌ وه‌ك نهێنییه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ژماره‌یان باس ناكات.

 

لیوا مه‌ریوان باس له‌وه‌ ده‌كات پاككردنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌چه‌كدارانی‌ داعش كاتی‌ پێویسته‌و شه‌ڕه‌كه‌ درێژخایه‌ن ده‌بێت، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ ناو شاره‌كان ناكات.

 

به‌شێكی‌ زۆری‌ هێزه‌كه‌ی‌ لیوا مه‌ریوان له‌ده‌وروبه‌ری‌ حه‌ویجه‌ بووه‌و بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ جوڵه‌ی‌ پێكراوه‌، له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ حه‌ویجه‌وه‌ ده‌ڵێت “كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ته‌واو بووه‌، ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌ فه‌رمانی هێرشكردنمان پێبگات تاكو ده‌ست پێبكه‌ین”.

 

نیقاش: له‌ناوخۆی‌ كوردستان مقۆمقۆی‌ زۆر هه‌بوو له‌سه‌ر به‌شداری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی‌ موسڵ، چۆن بڕیاری‌ به‌شداریكردنتان دا؟

لیوا مه‌ریوان: دوای‌ سه‌ردانیكردنی‌ وه‌فدێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌غداو كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌وێ‌ بڕیاردرا هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ موسڵ بكات، له‌هه‌ر شوێنێك هێزه‌ عێراقیه‌كان پێویستیان به‌هاوكاری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ تیرۆر، دڵنیایی هه‌موو هێزه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ هه‌یه‌ به‌مه‌رجێك ڕێكه‌وتن هه‌بێت له‌نێوانماندا.

 

نیقاش: له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا په‌یوه‌ندی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێز نه‌بووه‌، ئێستا هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌ بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌؟ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوانتاندا دروست نه‌بووه‌؟

لیوا مه‌ریوان: پلانه‌كه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر چوار میحوه‌ردا، میحوه‌ری خازر كه‌ هێزه‌كانی‌ 70 ی‌ پێَشمه‌رگه‌ی‌ لێییه‌، میحوه‌ری‌ گوێرو به‌نداوی‌ موسڵ هێزه‌كانی‌ 80ی‌ پێشمه‌رگه‌ لێیه‌، میحوه‌ری‌ گه‌یاره‌ سوپای‌ عێراقی‌ لێیه‌، تاكو ئێستا هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوانمادا زۆر باشه‌و به‌سه‌ركه‌وتووی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌تێكڕای‌ نزیكه‌ی‌ 35 هه‌زار پێشمه‌رگه‌و چوار هه‌زار سه‌ربازو ئه‌فسه‌ری‌ سوپای‌ عێراقی‌ به‌شداریان له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا كردووه‌.

 

نیقاش: پێشبینی‌ ده‌كه‌ن له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژدا به‌ته‌واوی‌ موسڵ پاك بكرێته‌وه‌؟

لیوا مه‌ریوان: پاككردنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌چه‌كدارانی‌ داعش كاتی‌ پێویسته‌‌و درێژخایه‌ن ده‌بێت، واته‌ ناتوانین له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ی‌ كه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ موسڵ ئه‌نجام دراوه‌ بڵێن ده‌توانین موسڵ به‌یه‌كجاری‌ له‌داعش پاك بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ڕووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌توانین بڵێن شكست به‌چه‌كدارانی‌ داعش ده‌هێنێت كه‌ توانای‌ هێرشبردنیان نه‌مێنێت‌و مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌.

 

نیقاش: له‌كاتی‌ هێرشه‌كاندا چیتان به‌دیكرد؟ داعش توانای‌ هێرشی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ماوه‌؟

لیوا مه‌ریوان: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ داعش توانای‌ هێرشبردنی‌ له‌ده‌ستداوه‌و ئێستا له‌دوو قۆناغدایه‌: هه‌ڵهاتن‌و به‌رگری‌ كه‌ به‌ئاماده‌یی هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و هاوكاری‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و فڕۆكه‌ی‌ هاوپه‌یمانان، له‌ئاینده‌دا شكست به‌و دوو قۆناغه‌شیان ده‌هێنین.

 

نیقاش: ئه‌وه‌ی‌ تائێستا پێی‌ گه‌یشتوون چییه‌؟ ئایا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ تا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ به‌رده‌وام ده‌بێت؟

لیوا مه‌ریوان: پانتاییه‌كی فراوانی ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ به‌ڕووبه‌ری نزیكه‌ی  200 بۆ 250 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نۆ گوندی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ نزیك بونه‌وه‌ له‌سه‌نته‌ری‌ شار له‌خۆی‌ گرتوه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌گونده‌كانی‌ (به‌ده‌نه‌ی‌ گه‌وره‌و بچوك،  باسه‌خڕه‌، بازگرتان، شاقۆڵی‌، شێخ ئه‌میر، قه‌ره‌ته‌په‌ی‌ شه‌به‌ك، كه‌ڤه‌رلی، خه‌رابه‌ سوڵتان، ته‌رجه‌له‌) ، هه‌روه‌ها سه‌دان چه‌كداری‌ داعش كوژراون، به‌ڵێ‌ پلانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌و هێزه‌ به‌شداره‌كان ناوه‌ستن تا ئامانج ده‌پێكن.

 

نیقاش: ئاماژه‌ت به‌كوژراوانی‌ چه‌كدارانی‌ داعش كرد، ئه‌ی‌ قوربانیه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقی‌ تائێستا چه‌ند بوون؟

لیوا مه‌ریوان:  ته‌نها قوربانیه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌م لایه‌ كه‌  10شه‌هیدو 22 بریندارمان هه‌یه‌.

 

نیقاش: باس له‌وه‌  ده‌كرێت چه‌ند رۆژی‌ داهاتوو به‌شی‌ دووه‌می‌ پلانه‌كه‌ له‌خازره‌وه‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یان چییه‌؟

لیوا مه‌ریوان: له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی‌ داعش درێژه‌ی‌ ده‌بێـت كه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازره‌وه‌ هێزه‌كانی 70ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌پاڵپشتی ئالیاتی‌ میكانیكی‌ سه‌ربازی‌‌و كه‌تیبه‌ی‌ ده‌بابات‌و ئه‌ندازه‌یی‌ سه‌ربازی‌و پیاده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی دوو به‌شدار ده‌بن، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی به‌رگری‌و فریاكه‌وتنی‌ هه‌رێم‌و لیوای‌ یه‌ك‌و سێی‌ پاراستنی سلێمانی‌و لیوای تایبه‌تی‌ كاك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ‌و هێزی كۆماندۆو هێزی تایبه‌تی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی، ئه‌مه‌ش درێژكراوه‌ی‌ پلانی‌ یه‌كه‌مه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ.

 

نیقاش: له‌م شه‌ڕه‌دا گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی‌ به‌رده‌م هێرشه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ چین؟

لیوا مه‌ریوان: داعش له‌م شه‌ڕه‌ی‌ ئه‌مجاره‌دا له‌ڕووی‌ هێزی‌ پیاده‌وه‌ ژماره‌ی‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بۆمبی‌ چێنراوو ئۆتۆمبێلی‌ گوله‌نبڕی‌ بۆمبڕێژكراو وایكردوه‌ قوربانی‌ بده‌ین، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك ئاسته‌نگ ته‌ماشای ناكه‌ین‌و به‌ڵكو هه‌وڵی‌ له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ین، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا چوار ئۆتۆمبێلیان ته‌قاندۆته‌وه‌.

 

نیقاش: دوای‌ موسڵ پێشمه‌رگه‌ خه‌ریكی‌ كام به‌ره‌ی‌ جه‌نگ ده‌بێت؟

لیوا مه‌ریوان: هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی‌ شار ناكات، به‌ڵكو شه‌ڕی‌ بنبڕكردنی‌ تیرۆر ده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ له‌ناوبردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعشه‌، به‌ڵام كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ كۆتایی‌ هێنانه‌ به‌پایته‌ختی‌ گروپه‌ تیرۆرستیه‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌.

 

نیقاش: پێشمه‌رگه‌ ده‌كشێته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ ئازادی‌ ده‌كات؟

لیوا مه‌ریوان: پێشمه‌رگه‌ به‌شێك نابێت له‌ناكۆكییه‌ سیاسیه‌كان، ده‌بێت به‌رێكه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌نه‌ بكرێت كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ كۆنترۆڵی‌ كردووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌سته‌مه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم (ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان) بكشێته‌وه‌.

 

نیقاش: بۆ شه‌ڕی‌ موسڵ به‌شێك له‌هێزه‌كانتان له‌ده‌وروبه‌ری‌ حه‌ویجه‌ كشانده‌وه‌، كشانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ مانای‌ وایه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ حه‌ویجه‌ بوون؟

لیوا مه‌ریوان: هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و 35 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ پێك نه‌هاتووه‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌شداری‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ ده‌كه‌ن، هێزێكی‌ سه‌ره‌كی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ته‌واوی‌ میحوه‌ره‌كانی‌ كه‌ركوك له‌ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌.

 

نیقاش: جوڵاندنی‌ ئه‌م هێزانه‌ هیچ كه‌لێنێك دروست ناكات له‌میحوه‌ره‌كانی‌ كه‌ركوك؟

لیوا مه‌ریوان: پێش ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانمان جوڵه‌یان پێبكرێت به‌ره‌و میحوه‌ری‌ خازر، ته‌واوی‌ سه‌نگه‌ره‌كانمان له‌میحوه‌ره‌كانی‌ كه‌ركوك به‌هاوكاری‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ پته‌وكردووه‌ ئه‌و كات به‌ره‌و به‌شداری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ به‌ڕێكه‌وتین.

 

نیقاش: ئاماده‌كارییه‌كانتان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ گه‌یشتۆته‌ كوێ‌، ده‌كرێت بڵێین دوای‌ موسڵ نۆره‌ی‌ حه‌ویجه‌یه‌؟

لیوا مه‌ریوان: كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ته‌واو بووه‌، ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌ فه‌رمانی هێرشكردنمان پێبگات تاكو ده‌ست پێبكه‌ین.

 

نیقاش: ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌فه‌رمانه‌كه‌ی‌ ئێوه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ی‌ ده‌توانین بڵێین ئیتر كه‌ركوك‌و كوردستان مه‌ترسیان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌؟

لیوا مه‌ریوان: له‌ئێستادا مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك‌و هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌ماوه‌، به‌ڵام تاكو ناوچه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ چه‌كدارانی‌ داعش به‌ته‌واوی‌ پاك نه‌كرێته‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ بڵێن هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌ماوه‌.


سه‌رچاوه‌ نیقاش

درێژه‌ی بابه‌ت

وه‌ڵامدانه‌وه‌

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s