له‌یه‌که‌م رۆژی جه‌نگی موسڵدا: زه‌روره‌تی هاوپشتی به‌ره‌ی ئازادیخواز له‌دنیادا!

hawpshti

Noori_Bashirنوری به‌شیر:
ته‌نیا 12 کاتژمێر تێپه‌ڕی به‌سه‌ر هێرشی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی بۆسه‌ر موسڵ، که‌سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 17ی ئۆکتۆبه‌ر به‌هێرشه‌کانیان ‌ئاسمانی شاری موسڵیان کرده‌ ئاگرباران به‌سه‌رسه‌ری خه‌ڵکه‌که‌یدا. ته‌نیا له‌رێگای ماسمیدیای بۆرژوازی خۆیانه‌وه‌‌‌ له‌ئاستی ناوه‌و و ناوچه‌که‌ و جیهاندا، هێنده‌ی  چه‌ند مانگی رابردوو که‌ته‌پڵی ته‌بلیغاتی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنی موسڵیان ده‌کوتاو هه‌ر دوایان ده‌خست، ئامانج و سیاسه‌ته‌کانیان له‌ئاست هێرشی موسڵدا بۆ خه‌ڵک ڕۆشنتر بۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ئێمه‌ کۆمۆنیزمی کرێکاریی، له‌بایننامه‌و نوسینه‌کانماندا ئیشاره‌مان پێکردوه‌ و قسه‌مان له‌سه‌رکردوه‌ و رامانگه‌یاندوه‌ که‌ئه‌م جه‌نگه‌ دوورو نزیک  هیچ په‌یوه‌ندی به‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ریکه‌ زیاتر ناوه‌رۆک و به‌رنامه‌و سیاسه‌تی ئه‌مریکاو ئه‌و هێزانه‌ی ده‌وری‌ بۆ خه‌ڵک رۆشن ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ راگه‌یاندن و میدیکان ده‌ریانخست که‌ هێزه‌کانی داعش له‌موسڵدا له‌نێوان 3500 تا 5000 هه‌زار چه‌کداره‌‌، که‌ CNN  تاکید ده‌کاته‌وه‌  له‌وه‌ی که‌ته‌نیا سوپای عێراقی 54.000 هه‌زار و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی ئاماده‌کراو خۆی له‌ 40.000 هه‌زار که‌س ده‌دات، وه‌ تاکید له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا نزیکه‌ی 5000 هه‌زار سه‌ربازی به‌چه‌کی ته‌واوه‌وه‌ دانابوو بۆ ئه‌م جه‌نگه‌ به‌ڵام له‌چه‌ند رۆژی رابردودا 600 سه‌ربازی تری پێ زیاد کردوه‌و به‌شداره‌ له‌م جه‌نگه‌داو هاوکاری ئه‌و هێزانه‌یه‌. له‌په‌یامی ده‌ستپێکردنی جه‌نگ له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ حه‌یده‌ر عبادی له‌وه‌ی ته‌نیا هێزه‌کانی سوپای عێراق و پۆلیس شه‌ڕ ده‌کات و ده‌چێته‌ موسڵه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌مه درۆیه‌ی ئاشکرا بوو له‌رێگای راگه‌یاندنی خودی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ و هه‌روه‌ها تاکیدی میدیای جیهانی که حه‌شدی شه‌عبی ‌به‌تازه‌ترین چه‌که‌وه‌ به‌شداری جه‌نگی موسڵیان کردوه‌‌. هه‌روه‌ها ئاشکراکردنی  به‌شداری عه‌شایه‌ره‌ سونه‌کان. ئه‌وه‌ به‌شداری و حزوری هێزه‌کانی ئوردوگان و حکومه‌ته‌ ئیسلامیه‌که‌ی ئاشکرایه‌و خۆیان و که‌سیش حاشای لێناکات.
هه‌روه‌ها به‌جیا له‌نمایشه‌کانی به‌ره‌ی جه‌نگ، له‌سه‌ران و ئه‌فسه‌رانی حکومه‌تی عه‌بادی، که‌له‌وه‌ی ئاگاداری هه‌موو حه‌ره‌که‌یه‌کی داعش هه‌ن له‌ناو موسڵ، وه‌ تاکیدکردنه‌وه‌ له‌وه‌ی زۆرێک له‌دێهاته‌کان له‌داعش پاکرانه‌وه‌و ته‌نها له‌سنوری پێشمه‌رگه‌ 9 دیهات له‌ده‌ست داعش ده‌رهاتووه‌و پێشمه‌رگه‌ کوژراو و برینداریشی هه‌یه، که‌ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌فسه‌رو پێشمه‌رگه‌ قسه‌یان کرد که‌جیا له‌چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌کی سه‌یاره‌ی بۆمب ڕێژکراوی داعش، قسه‌یان له‌مقاوه‌مه‌تێکی به‌رچاوی داعش نه‌کرده‌وه. ژماریه‌ک له‌کادرو سه‌رانی حزبه‌ کوردیه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌یه‌کیتی و پارتی سه‌ردانی‌ شکڵی و نمایشی به‌ره‌ی جه‌نگ و سه‌ردانی برینداره‌کانیان کردوه‌. هه‌ر هه‌موو هێزه‌کان به‌ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌‌داعش توشی شکستی گه‌وره‌و راکردن له‌موسڵ بوه‌و به‌ناو شاردا بانگه‌وازی هێزه‌کانیان کردوه‌ بۆ ده‌رچوون له‌موسڵ. هه‌روه‌ها پیته‌ر کۆکی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا تاکیدی کردۆته‌وه‌ که‌ 70 هێرشی ئاسمانیان کردوه‌. وه‌ له‌هه‌واڵه‌کاندا تاکید له‌کوژرانی ژماره‌یه‌ک له‌به‌رپرسانی داعش ده‌کرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی هه‌واڵه‌کاندا چه‌ندین مه‌له‌ف که‌ده‌بوو پێشتر ئاشکرایان بکردایه‌ به‌وردی، له‌ئێستا ده‌ریده‌خه‌ن که‌‌هاوکاری داعش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و سه‌رانی ده‌وڵه‌تی عێراق و ‌حکومه‌تی هه‌رێم و تورکیاوه‌ کراوه‌، هه‌روه‌ها له‌وانه‌  ناردنی 60.000 هه‌زار سه‌یاره‌ی تویوتا بۆ داعش له‌لایه‌ن سعودیه‌، قه‌ته‌ر، ئیمارات، ئه‌رده‌ن و دانی پاره‌ پێیان له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌.
هه‌روه‌ها فایلی هاوکاریه‌کانی هاشمی و ئه‌سیل نجێفی له‌گه‌ڵ داعش، که‌قه‌راره‌ نجێفی له‌ده‌وره‌ی دوای پاکردنه‌وه‌ی ‌موسڵ له‌داعش ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی سونه‌کان و به‌تایبه‌ت له‌موسڵ بێت و پێشتریش پارێزگاری موسڵ بوو. که‌هه‌واڵه‌کان له‌سه‌ر نجێفی و هێزه‌کانی تورکیا هه‌یه‌، که‌به‌شێک له‌و داعشانه‌ ریشه‌کانیان ده‌تاشن و ده‌بنه‌ هێز له‌گه‌ڵ نجێفی و بۆ ده‌سه‌ڵاتی دوایی پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش و تاکید له‌په‌یوه‌ندی نجێفی و ئوردوگان ده‌کرێته‌وه‌. تا به‌هێزی حکومه‌تی تورکیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گوایه‌ به‌جلی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌چنه‌ موسڵ و هه‌روه‌ها بۆیه‌ هێزه‌کانیان له‌وێن که‌هێزێکی زۆری داعشی تورک به‌ ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌وه هه‌ن و تورکیا رزگاریان ده‌کات.
هه‌روه‌ها هه‌وڵی پاشه‌کشه‌و شکستی داعش و چۆڵکردنه‌ی له‌دێهاته‌کانی ده‌ورو به‌ری موسڵ و هه‌تا چۆڵکردنی به‌شی رۆژه‌هه‌ڵاتی موسڵ و رۆشتنی هێزی داعشه‌کان به‌ره‌و به‌شی رۆژئاوا، ده‌لیلی ئه‌وه‌یه‌ داعش له‌پاشه‌کشه‌دایه‌ و ره‌نگه‌ به‌زوویی هێزه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانی بچنه‌ موسڵ و ئه‌گه‌ر داعشی  تێدا مابێت و شه‌ڕ بکه‌ن ئه‌وا جه‌نگی ناو شه‌قام و کۆڵانه‌کان ده‌ست پێبکات. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌کاتێکدا هه‌واڵه‌کان له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ و میدیاکانه‌وه‌ ئاوایه‌، ئه‌مریكا له‌رێگای وته‌بێژی پنتاگۆنه‌وه‌ ده‌ڵێت پاکردنه‌وه‌ی موسڵ له‌داعش زۆر ده‌خایه‌نێت!. ئایا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌به‌رنامه‌یه‌ک که‌ئه‌مه‌ریکا به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌تی خۆی و رێکخستنی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ قه‌ومی و تایفی و دینیانه‌وه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ و رێکخستنی قوتبه‌که‌یان له‌به‌رامبه‌ر بلۆکی به‌رامبه‌ردا ” روسیاو ئێران و سوریادا” ده‌بێت شتێکی تر بێت، بێئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌وه ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زاره‌ی که‌له‌موسڵدان له‌به‌رچاو بگرن؟. ئایا ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌ک نیه‌ که‌خه‌ڵکی موسڵ‌ له‌و وه‌زعه‌ تراژیدیایه‌دا راگرن بۆ درێژه‌دانی جه‌نگه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ببن و په‌ره‌وازه‌یان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا هیچ بیرێک له‌ژیانی باشتر نه‌که‌نه‌وه‌و رازی بن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌یسه‌پێنن به‌سه‌ریاندا له‌نموونه‌ی نجێفی؟.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌واڵانه‌و سه‌دانی که‌دا، له‌کاتێکدا که‌له‌سه‌عاته‌کانی یه‌که‌مدا ئاسمانی موسڵ کرایه‌ ئاگر به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌دا، له‌رێگای هێزه‌ ئاسمانیه‌کانی ئه‌مریکاو تۆپ و هاوه‌نه‌کانیانه‌وه‌ و پاشه‌کشه‌ی داعشی به‌دوادا هات، که‌خۆشیان به‌و خێراییه‌ چاوه‌ڕوانیان نه‌ده‌کرد، ئه‌گه‌رچی به‌پێی چه‌ند هه‌واڵی پێشوتر  که‌ئۆردوگان رێگاچاره‌ی ده‌رچونی داعشه‌کانی بۆ سوریا ته‌رح کردبوو. به‌پێی هه‌واڵه‌کان به‌به‌رچاوی هێزه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌وری ته‌له‌عفه‌رو به‌عشیقه‌وه‌، ‌داعشه‌کان به‌ره‌و سوریا به‌رێکه‌وتوون. هه‌موو ئه‌م هه‌واڵانه‌ له‌میدیای جیهانی و ناوچه‌ییه‌وه‌ تاکیدی لێکراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیارو سه‌رسوڕمانه‌ یه‌ک وشه‌ش له‌سه‌ر وه‌زعی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌وری موسڵ و ناو موسڵ نه‌وترا، که‌ئایا ئه‌و ملیۆن ئینسانه‌ی له‌ژێر ئه‌و تۆپبارانه‌ تونده‌ی ئه‌مڕۆدا بوون چیان به‌سه‌ردا هاتووه‌؟ چه‌نده‌ کوژراو ژماره‌ی برینداره‌کانیان چه‌نده‌، ژماره‌ی هه‌ڵاتوو و سه‌رگه‌ردان له‌به‌رداشی جه‌نگی نێوان ئه‌م هێزانه‌و هێزه‌کانی داعشدا چۆنه‌ و چه‌ندین پرسیاری تر له‌سه‌ر وه‌زعی ئه‌م خه‌ڵکه خۆی ده‌رده‌خات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ شوێنی سه‌رنجه‌‌ هیچ یه‌ک له‌و هێزانه‌ی هاوپه‌‌یمانی ئه‌مریکا وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگی به‌گوێیاندا هه‌ڵدابیت و ئه‌مریکا تفی کردبێته‌ ده‌می هه‌موویان، قسه‌یه‌کیان  له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ دیلکراوه‌ی ژێر ده‌ستی داعش نه‌کرد، که‌خۆیان شاره‌که‌یان لێکردن به‌دۆزه‌خ. له‌کاتێکدا خودی نوێنه‌رانی یوئێن و ئه‌مریکا له‌تراژیدی ئینسانی جۆراوجۆری ئه‌م جه‌نگه‌ له‌په‌یوه‌ند به‌خه‌ڵکه‌وه‌ پێشتر تاکیدیان کردۆته‌وه‌.
ئه‌مانه‌ ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خات که‌ئۆپه‌راسیۆنی به‌ناو رزگارکردنی موسڵ، هیچ نیه‌ جگه‌ له‌جه‌نگێکی دژی ئینسانی و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌ جیهانی و ناوچه‌ییه‌کانی نه‌بێت له‌ژێر ناوی جه‌نگ دژی داعش و تیرۆریزم، ئه‌مه‌ به‌رنامه‌یه‌که‌ له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و جه‌مسه‌ره‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ده‌وری بۆ سازدانه‌وه‌ی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیانه‌ له‌عێراق و ناوچه‌که‌و ته‌وه‌هوم دان به‌خه‌ڵک و رای گستی جیهان، که‌هیچ نزیکایه‌تی و به‌رژوه‌ندیه‌کی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی موسڵ و ناوچه‌کانی تری عێراق و کوردستاندا‌ نیه‌. ئه‌مه‌ هه‌مان سیناریۆ و هه‌نگاوێکی تره‌ له‌راستای ئه‌وه‌ی که‌ دوو ساڵ و چوار مانگه‌ داعشیان راگرتوه‌و بوو بوو به‌خێرو به‌ره‌که‌ت بۆیان، بۆسه‌رکوتی خه‌ڵکی سه‌رتاسه‌ری عێراق و نه‌دانی موچه‌و تاڵان و بڕۆی خۆیان و سات و سه‌و‌داکردن له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵکی کرێکارو به‌شمه‌ینه‌تی کۆمه‌ڵگا. ئێستاس ئه‌مه‌ به‌رنامه‌و سیاسه‌تی ده‌وره‌ی داهاتووه‌ بۆ هه‌موویان. به‌و رێگاچاره‌ دژی ئینسانیه‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی ئه‌گه‌ر رێگای پێنه‌گیرێت، کاردانه‌وه‌ی خراپی نه‌ک له‌سه‌ر خه‌ڵکی موسڵ به‌ڵکو کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ش ده‌بێت. بۆیه‌ هه‌ر یه‌ک له‌و هێزانه‌ له‌چه‌ندین مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ خۆیانی بۆ ئاماده‌ ده‌که‌ن، بۆ سازدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و نفوزیان له‌عێراق و ناوچه‌که‌دا. له‌قسه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، نێچیره‌وان بارزانیدا هاتووه‌ که‌وتوویه‌تی ‌ئه‌زمه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی به‌بوونی داعشه‌وه‌ نیه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت که‌درێژه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان بده‌ن له‌سه‌ر حسابی برسیکردن و سه‌رکوتی خه‌ڵکی  کوردستان به‌دوای داعشدا.
بۆ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی باڵی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ش هه‌ر وایه‌، کێشه‌کانی ئاینده‌ی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سونه‌ که‌موسڵ ده‌بێته‌ مه‌رکه‌زو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمدا گه‌مه‌ی به‌رنامه‌ی قه‌ومی و تایفی و دینیه‌وه له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ وه‌ک به‌ڵا به‌دژی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش‌، بزانین چ کاره‌ساتێک ده‌خولقێنن. یاریکه‌ره‌کان ئه‌و هێزه‌ گوێ له‌مشتانه‌ی ئه‌مریکان و تۆپه‌که‌ش خه‌ڵکی سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌ به‌کورد و عه‌ره‌به‌وه‌.‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ به‌سیاسه‌تی ئه‌مریکا بڕواته‌ پێشه‌وه‌ خه‌ڵکی موسڵ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م ده‌بن وه‌ک ئه‌وه‌ی کردیانن به‌دیلی ژێرده‌سته‌ی ده‌وڵه‌تی خه‌ڵافه‌تی ئیسلامی داعش و ئیراده‌یان لێسه‌ندنه‌وه‌ که‌خۆیان بڕیار بده‌ن و داعش له‌ناو به‌رن.
به‌ڵام له‌نێوان ئه‌و یاریکه‌رانه‌ی جه‌مسه‌ری ئیمپریالیزمی ئه‌مریکادا، که‌بۆخۆیان له‌ئه‌زمه‌دان،  شکستی  سه‌ربازی و سیاسی ئه‌مه‌ریکا دوای ئه‌فغانستان، له‌عێراق و سوریا درێژه‌ی هه‌یه‌و وه‌ک زلهێزی یه‌که‌م و ته‌نیا قوتبی نه‌ماوه‌. هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی سونه‌و شیعه‌ له2003 وه‌ که‌له‌ده‌سه‌ڵاتدان و حزبه ناسیونالسیته‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و ئیسلامیه‌کانیش ‌زیاتر له‌ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌کی ‌ده‌سه‌ڵاتیاندا، مۆری بۆرژوازی تاڵانچی و سه‌رکوت و  مافییان داوه‌ له‌مێژووی خۆ‌یان و به‌ختی خۆیان تاقیکردۆته‌وه‌ که‌خۆشخه‌یاڵی پێیان که‌مبۆته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ رێگایه‌کی که‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا مه‌وجوده‌ که‌زه‌مینه‌که‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ک و ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌زمه‌گرووتی عێراق و کوردستانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مافیا قه‌ومی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی دینییه‌کاندا، که‌ده‌توانن هێزی خۆیان بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌. رێگاچاره‌یه‌ک که‌خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش ده‌بێ بۆ خۆی دیاریبکات، له‌هێنامه‌یدانی هێزو ئیراده‌ی رێکخراوی خۆیان‌، به‌تایبه‌ت له‌موسڵ که‌ئه‌مه‌ رێگایه‌که‌ ئیمکانی هه‌یه‌ و نموونه‌که‌‌ی له‌ کوبانی بینرا، ده‌بێت ده‌ستی بۆ ببرێت.
به‌ڵام بۆ ئێستایه‌ک به‌ڵای شه‌ڕو مه‌ئه‌ساتێک به‌سه‌ریانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ پێویستی به‌هاوکاری و هاوپشتی هێزی جیهانی و به‌ره‌ی ئازایخوازو ئینساندۆسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ئێستا ئه‌و جه‌نگ و بۆمبارانی کوێرانه‌ی ‌ناو موسڵ  ده‌بێ بوه‌ستێت که‌به‌عه‌مه‌لی داعش شکستی خواردوه‌و و ده‌کرێ رێگای تر جیا له‌جه‌نگ و کوشتاری دژی خه‌ڵكی بگیرێته‌ به‌ر، ئه‌گه‌رنا به‌و هێزانه‌و هێزی ئه‌مریکا داعش بنه‌بڕ ناکرێت، به‌پیچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مریکا سه‌رچاوه‌ی مانه‌وه‌ی داعشه‌. ئه‌وه‌ هێزی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش و به‌ره‌ی ئازادیخوازو کۆمۆنیست و رادیکالی کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌توانێت داعش بنه‌بڕ بکات بۆ هه‌میشه‌. ئه‌و به‌ره‌ جیهانیه‌یه‌ ده‌توانێت به‌هانای ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ بن و به‌ڵای شه‌ڕی دژی ئینسانی ئه‌مه‌ریکا بوه‌ستێنێت. فشار بهێنرێت به‌هانای ئه‌و خه‌ڵه‌که‌وه که‌له‌موسڵدا ماون‌ بچن و پێداویستیه‌کانیان بۆ دابینبکرێت، وه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ئاواره‌ بوون له‌شوێنی گونجاوو پێداویستیه‌ ئینسانیه‌کان له‌داوو ده‌رمان و خوارده‌مه‌نی به‌هه‌ره‌مه‌ند بن و حورمه‌تی ئینسانیان بپارێزرێت. ئه‌م هاوپشتیه‌ جیهانیه‌ رێگا ده‌کاته‌وه‌ بۆ هاتنه‌مه‌یدانی ئیراده‌ی خه‌ڵکی موسڵ بۆ ده‌سه‌ڵات و خۆبه‌ێوه‌بردن که‌نموونه‌که‌ی ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی تری عێراق و کوردستان. حزبه‌کانی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وعێراق له‌م رێگایه‌دا ده‌ست به‌کارن و چاوه‌ڕوانن‌ هه‌موو حزب و لایه‌ن و که‌سایه‌تی ئازادیخواز، ئینساندۆت، کۆمۆنیست و چه‌پ له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی موسڵ و باقی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی تردا بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر به‌شدارو هاوکاربن.

17/10/2016

سه‌رچاوه‌ هاوپشتی
درێژه‌ی بابه‌ت http://www.hawpshti.com/ku/?p=9984

وه‌ڵامدانه‌وه‌

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s